زبڵ و پلاستیک ژینگەی دەوروبەری شارەکانی پیس کردووە

سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەت لە کەمکردنەوەی پیسبوون لە ئێران، لەیلا م. دەڵێت: حکومەت هیچ هەوڵێک لەو بوارەدا نادات، تەنانەت ڕۆڵی هەیە لە لەناوبردنی ژینگە و ئاوە سروشتییەکانیش

یارا ئەحمەدی

 

ورمێ- قەیرانی پاشەڕۆ و پلاستیک بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگە ژینگەییەکان لە جیهاندا، بەکارهێنانی بەربڵاوی پلاستیک کە لە سروشتدا، کە شیبوونەوەی کاتی دەوێت، کاریگەری نەرێنی توندی لەسەر ژینگە و مرۆڤ هەیە.

 

بێ جیاوازی و زیادەڕەوی لە بەرهەمهێنانی پلاستیک بەتایبەتی ئەو پلاستیکانەی یەک جار بەکاردەهێنرێن (سەفەری) بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمهێنانی پاشماوە، ئەم پلاستیکانە زوو شی نابنەوە و لەوانەیە بۆ چەندین سەدە لە ژینگەدا بمێننەوە، ساڵانە زیاتر لە ٨ ملیۆن تەن زبڵ دەچێتە دەریاکانەوە و زۆربەی ئەم زبڵ و خاشاکە لە پلاستیک دروستکراون، ئەمەش بووەتە هۆی پیسبوونی ئاو و زیانگەیاندن بە ئیکۆسیستەمی دەریایی و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی ئاژەڵ و ڕووەکی دەریایی.

 

لەیلا م. چالاکوانێکی ژینگەپارێزە و باسی لە دۆخی ئێستای ژینگە کرد لە ئێران کە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بووەتەوە، وتیشی: پێش جێبەجێکردنی بەرنامەی نوێی بەڕێوەبردنی پاشماوەی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠١٥، زۆرێک لە شارەکان سیستەمی کۆن و نەشیاوی کۆکردنەوە و زبڵدانیان بەکاردەهێنا، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە هەوڵ دراوە بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی پاشماوە و سیستەمی نوێ لە هەندێک شاردا جێبەجێ کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کارێکی جددی نەکراوە کە چارەسەری بێت، بۆیە پێویستە سیاسەتێکی دروست بۆ پاشماوە و کەرەستەی پلاستیکی دابنرێت، چونکە زیانبەخشن بۆ ئاژەڵ و تەندروستی مرۆڤ و ژینگە.

 

لەیلا م. باسی لە ڕێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیکی سەفەری کرد وتی: پێویستە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەندێک بەرهەمی پلاستیکی سەفەری قەدەغە بکرێت یان کەم بکرێتەوە، هەروەها بوارەکانی ڕیسایکلکردنی پلاستیک، بەرەوپێشبردنی کولتووری ڕیسایکلکردن و هاندانی بەکارهێنانی جێگرەوەکانی پلاستیکی بەکاربهێنرێت، ئاڵنگارییەکان زۆرن و حکومەت هیچ هەوڵێک لەم بوارەدا نادات، تەنانەت ڕۆڵی هەیە لە تێکدانی ژینگە و ئاوە سروشتییەکان و پارە و ڕۆشنبیری لەم بوارەدا تەرخان ناکات.

 

"دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەماهەنگی هەبێت"

لە بارەی توانای هاوکاری نێودەوڵەتی لە بواری بەڕێوەبردنی پاشماوە و پاراستنی ژینگە لە ئێراندا، ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بەشداری چالاکانە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ژینگەییەکان و پێشخستنی هاوکارییە فرەلایەنەکانی نێوان دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئێران هەبێت، دروستکردنی سەکۆ بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەتوانێت کاریگەر بێت لە باشترکردنی بەڕێوەبردنی پاشماوە و پاراستنی ژینگە.

 

لەیلا م. ڕۆڵی کۆمەڵە ژینگەپارێزییەکان بۆ کەمکردنەوەی پاشەڕۆ دەخاتەڕوو، وتی: کۆمەڵە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە کەمکردنەوەی پاشەڕۆ و پاراستنی ژینگە، کۆمەڵە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە دروستکردنی هۆشیاری گشتی و پەروەردەکردنی خەڵک سەبارەت بە گرنگی بەڕێوەبردنی دروستی پاشماوە و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک، ئەنجامدانی هەڵمەتی بانگەشە کردن، سیمینار، بڵاوکراوە و لە ڕێگەی وانەوتنەوە یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی زانیاری کۆمەڵایەتی، کۆمەڵەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە هاندانی پرۆسەی ڕیسایکلکردن، کە بریتییە لە هاندانی بەکارهێنانی دەفری دووبارە بەکارهێنراو، پشتگیریکردنی پیشەسازی ڕیسایکلکردن، و پێشخستنی کولتووری ڕیسایکلکردن لە کۆمەڵگەدا، هەروەها پاڵپشتی دارایی و پێشخستنی توێژینەوە نوێیەکان لەم بوارەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی ستراتیژی و ڕێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی پاشماوە.