پاڵاوتگە و کارگەکانی نزیک شارەکان هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تێكچوونی ژینگە
دەروون نەسرەدین، ئەندازیاری کشتوکاڵ، سەبارەت بە پاڵاوتگە و کارگەکان، کە لە نزیک شارەکاندا بنیاد دەنرێن، دەڵێت: زیادبوونی پاڵاوتگەکان بۆ بەرژەوەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بازرگانەکانە، گرنگی نادرێت بە نزیکیان لە شارەکان و تەندروستی کارمەندەکانیان.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- پیسبوونی ژینگە کێشەیەکی جیهانییە، هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان بەدەست پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنێت، کێشە ژینگەیەکان و هۆکارەکانی پیسبوون بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە و هەبوونی پاڵاوتگە بێ مۆڵەتەکان لە نزیک شارەکان و نەبوونی ڕێکاری تەندروستی بۆیان، کێشەیەکی دیکەی هاوڵاتیان و ژینگەی هەرێمی کوردستانە.
دروستکردنی پاڵاوتگەکان لەناو شارەکاندا زیان بە هاوڵاتی و ژینگە دەگەیەنێت، پاشەڕۆکانی زۆرێک لە پاڵاوتگەکان بەبێ بوونی فلتەر دەکرێتە ژینگەوە، یان لە ڕێگەی ئاوەڕۆکانی ناوچەکەوە دەچێتە ناو ڕووبار و دەریاچەکانەوە، کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاو و هەوا، هەروەها ژیانی هاوڵاتیانی نزیک پاڵاوتگەکان دەکەوێتە بەر مەترسیی تەندروستی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
"لەگەڵ گەورەبوونی شارەکان پاڵاوتگەکان لە شارەکان دوورناخرێنەوە"
دەروون نەسرەدین، ئەندازیاری کشتوکاڵ، باس لەوەدەکات، پاڵاوتگەکان لە نزیک شارەکان کێشەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات، بەهۆی نەبوونی ڕێکارە تەندروستییەکانی پاڵاوتگەکانەوە زیانی گیانی و ژینگەی لێ دەکەوێتەوە، دەڵێت: سەرەتا بە هۆکاری بچوکی شارەکان پاڵاوتگەکان لە شوێنی ئێستایان دروستکراون، بەڵام شارەکان گەورە بوون و پاڵاوتگەکان لە جێگەی خۆیاندان گواستنەوەیان بۆ ئەنجام نەداون. لەڕێگەی دەردراوەکانی ناو پاڵاوتگەکانەوە زیان بە هاوڵاتیانی شارەکان دەگەیەنن، نەبوونی فلتەرکردنی پاڵاوتگە و کارگەکان کێشە ژینگەییەکان بەردەوام دەکات و کاریگەری تەندروستی جێدەهێڵێت، هاوڵاتیان تووشی نەخۆشییەکانی هەناسەدان و درێژخایەنەکان دەکاتەوە، بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزبوونەوەی تووشبووانی نەخۆشیە شێرپەنجەیەکان بە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و دەردانی پاشەڕۆکانی کارگە و پاڵاوتگەکان دەزاندرێت، بە جۆرێک ژینگە وێران دەکات کاتێک لە بەرزی شارەکەوە سەیری ناوچەکان دەکەین، دەبینین ڕەنگی سروشت و شارەکان گازێکی زۆریان تێدا بەدی دەکرێت.
ئەو ئەندازیاری کشتوکاڵییە وتیشی: بەشێک لە کارگە و پاڵاوتگەکان لە نزیک خاکێک دادەندرێت ئاوی هەبێت، بە نموونە پاڵاوتگەکانی تانجەرۆمان هەیە لە ڕێگەی پاڵاوتگەکانەوە زیان بە خاک و ئاوی ئەو ناوچەیە دەگات، دەبێتە هۆکاری تێکدانی کەشوهەوای ناوچەکە و دەوروبەری، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی نزیک پاڵاوتگەکان ڕووبەڕووی نەخۆشیە مەترسیدارەکان بوونەتەوە، نەخۆشی سیەکان و پێست و نەخۆشیە کوشندەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان، هەروەها هەبوونی کشتوکاڵ لە ناوچە پیشەسازییەکان دەبێتە هۆکارێکی دیکەی پیسبوونی خۆراک و گەیاندنیان بە هاوڵاتیان، هەروەها کرێکارانی ناو کارگەکان بەبێ هەبوونی ڕێکاری تەندروستی لە ناو پاڵاوتگەکاندا دەمێننەوە، بە هۆکاری لێکدانەوەی لایەنی مادییان وەک لە لایەنە تەندروستییەکان.
"خاوەن پاڵاوتگەکان بۆ بەرژەوەندی ماددی خۆیان بیر لە هەبوونی پاڵاوتگەیەکی تەندروست ناکەنەوە"
دەروون نەسرەدین، ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی زۆر لە پاڵاوتگەکان کێشەی تەندروستیان بۆ دروست دەبێت، دەشڵێت: لە کارگە و پاڵاوتگەکاندا کارمەندان لەسەر بنەمای مووچەکانیان کار دەکەن، بەڵام لە ڕووی تەندروستییەوە گرنگی بە تەندروستی کارمەندان نادرێت، بەهۆی نەبوونی حکومڕانییەکی دروست لە هەرێمی کوردستاندا، نەبوونی چەند یاسایەک بۆ بازرگانان و چاودێریکرنی پاڵاوتگەکان بووەتە هۆکاری ئەوەی سەرمایەداران زیاتر بیر لە قازانجی خۆیان دەکەنەوە، خاوەن پاڵاوتگەکان بە بەرژەوەندی ماددی خۆیان بیر لەهەبوونی پاڵاوتگەیەکی تەندروست ناکەنەوە، هەبوونی ئەم کێشەیەش لە سەرمایەدارەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ خراپی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ڕێگەی بەربەستەکانەوە بتوانین خاوەن پاڵاوتگەکان ڕاپێچی چەند یاسایەکی ژینگەی بکەین، خاوەنەکان لە ڕێگەی یاساوە لە دەرەوەی شارەکان بە هەبوونی پاڵاوتگە و کارگەیەکی تەندروست هۆشیار بکرێنەوە و لە ئەنجامی بە دەستهێنانی شوێنی پاڵاوتگەکانیان چەندین ناوچە سەوز بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، دوورخستنەوە و داخستنی پاڵاوتگەکان بەهۆی بارودۆخی سیاسیی و پشتگیری لایەنەکان بە ئاسانی ئەنجام نادرێت، داخستنی پاڵاوتگەکانەوە بەهۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کارێکی زەحمەت دەبێت، وتیشی: بەڵام پێویستە لەبەر سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان، تەواوی ئەو کارگانەی پابەندی ڕێکارە یاسایەکان نابنەوە دابخرێن، هەرچەندە کارگە گەورەکان بە ئاسانی توانای داخستنی پێنادرێت، بەڵام دوور لە شارەکان جێگەیان بۆ دابین بکرێت، یان پابەند بکرێن بە هەبوونی تەواوی ئەو ڕێنمایانەی بۆیان داندراوە.
ئەو ئەندازیاری کشتوکاڵییە، لە کۆتاییدا وتی: دوورخستنەوەی پاڵاوتگەکان و کەمکردنەوەی زیانەکانیان بۆ سەر ژینگە و مرۆڤەکان کارێکی زۆر گرنگە، پێویستە لە ڕێگەی دوورخستنەوەیان، پاشان دانانی فلتەر لە تەواوی پاڵاوتگە و کارگەکاندا دابندرێت، هەروەها ڕێژەی سەوزایی لە دەوروبەری کارگە و چەندین شوێنی دیاریکراودا بکرێت لە بری پێدانی ناوچەکە بۆ پاڵاوتگەکان.