لە بازیان دارێکی تەمەن ١٠٠ ساڵ بڕدراوەتەوەو هاوڵاتییەک دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەبارەى بڕینەوەى دارێکى تەمەن ١٠٠ ساڵ لە بازیان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەدەکات، هاوڵاتییەک بەهۆى بڕینەوەى دارەکە دەستگیرکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەبا بۆ ئیشپێکردنی ئامیرەکانی گەرمکردنەوە هاوڵاتیان پەنا بۆ بڕینەوەی دار دەبەن، کە کارێکی نایاساییەو هەروەها تیکدانی سروشت و ژینگەی لێدەکەوێتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوىکردەوە، دوای ئاگادارکرانەوەیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، کە دارێکی گەورە بڕدراوە لە سنووری گوندی ئەڵاقولی لە سنوورى بازیان، دەستبەجێ تیمەکان گەشتنە شوێنى دیاریکراو.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، پاش گەیشتنى تیمەکانمان بە شوێنەکە بینیان، کە دارێکی تەمەن ١٠٠ ساڵ بڕاوە و لە هەمان کاتدا هاوڵاتییەك بە تۆمەتی بڕینەوەی دارەکە دەستگیرکرا .

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار.