شارەزایەکی ژینگە: گۆڕانی کەشوهەوا زیان بە ژنان و منداڵان دەگەیەنێت

حەنین بوشوشە، پسپۆڕی بواری ژینگە جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان هەیە، هەوڵیش دەدەن خەڵک لە مەترسی و کاریگەرییەکانی هۆشیار بکەنەوە

هندیە عەشیبی

 

بنغازی- کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە لیبیا لە نێوان قەیرانی کەمی ئاو و بیابانبوون و شەپۆلی گەرمای ساڵانە دەسووڕێتەوە، ئەمە جگە لە زیادبوونی توندی هەندێک دیاردەی وەکو زریانی تۆز کە ساڵانە چەندین جار لە لیبیا ڕوودەدات، دواهەمینیان لە کۆتایی مانگی ئایاری ڕابردوودا بووە لە زۆربەی شارەکان و چەندین ڕۆژ بەردەوام بووە.

 

گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر زیندەوەران و دابەشبوونی جۆرەکان و پێکهاتەی ئیکۆسیستەم دروست دەکات، گۆڕانی کەشوهەوا گۆڕانکاری لە بەردەستبوونی ئاودا دەکات و وا دەکات ئاو کەمتر ببێتەوە، گەرمبوونی جیهانیش کەمیی ئاو لە ناوچە کەم ئاوەکان زیاتر دەکات، ئەمەش مەترسی وشکەساڵی دروستدەکات و کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و وشکەساڵی ژینگەیی و لاوازی ئیکۆسیستمەکان بەجێدەهێڵێت.

 

حەنین بوشوشە، شارەزای بواری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت: وشکەساڵی ئەم دواییەی لیبیا و گۆڕانی بەرچاو لە ڕێژەی بارانبارین دەبێتە هۆی نائاسایشی خۆراک و لەدەستدانی بژێوی ژیان بۆ بەشێک لە خێزانەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پشت بە کشتوکاڵ و پیشە دەستییەکان دەبەستن کە پەیوەندییان بە ژینگەوە هەیە، وەک جووتیار و ماسیگر و هتد، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەمی.

 

ڕوونیشیکردەوە، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کاریگەری لەسەر زیندەوەرە زیندووەکان هەیە، هەروەها ژنان و منداڵان لەو گروپانەن کە زۆرترین زیانیان بەر مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا هەیە.

 

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە کە لیبیا بووەتە "یەکێک لە وشکترین وڵاتەکانی جیهان"، لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە، حەنین بوشوشە ئاماژەی بەوەدا کە دەرکەوتەکان و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتدا ئێستا لەلایەن هاوڵاتی ئاسایی لەسەر شەقام و لەڕێگەی پلەکانی گەرمای بەرزەوە دەردەکەوێت، خێرایی با لەگەڵ خۆڵ، کە لە کاتژمێرێکدا ٦٠ کم دەبڕێت، هەروەها نەبوونی بەربەستی هەوای سروشتی وەک دار و دارستانەکان لەگەڵ بڕینی بە ئەنقەستی دارستانەکان زیانی بە ژینگە گەیاندووە و وایکردووە زۆرێک خەڵک کۆچ بکەن بۆ ناوچە کەنارییەکان.

 

حەنین بوشوشە باسی لە ئەنجامدانی چەندین دانیشتن و سیمیناری نێودەوڵەتی کرد لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لەسەر "ئەمڕۆ یەکسانی جێندەری بۆ سبەینێیەکی بەردەوام"، کە داوای دانپێدانان بە بەشداری ژنان و کچان دەکات لە سەرتاسەری جیهان، بۆ پێشەنگایەتی کردنی ئەرکی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لەپێناو بنیادنانی داهاتوویەکی بەردەوامتر بۆ هەمووان، چونکە ژنان و کچان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە گونجاندن و کەمکردنەوەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتدا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان و کچان زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، بە تایبەتی ئەگەر سەرچاوەی بژێوی خێزانەکە بێت و خاوەنی پڕۆژەی بچووک بێت، یان لە بواری کشتوکاڵ و ماسیگرتندا کار بکات و بە شێوەیەکی بەرچاو داهاتی مانگانە و ساڵانەی خۆی لەسەر ئەو کارە دابین بکات.