تورکیا بە دروستکردنی بەنداو بوومەلەرزەی وێرانکار دروستدەکات

بوومەلەزرە بە سروشتییەکەی، دیاردەیەکە لەرزینێک یان زنجیرەیەک لەرزینە لەسەر زەوی ڕوودەدات و چرکەکانی دیاری نەکراوە، بەڵام بوومەلەرزەی ناسروشتی "دەستکرد" بەهۆی مرۆڤەکانەوە ڕوودەدەن و دروستکردنی بەنداو هۆکارێکی سەرەکییە.

سلێمانی

 

بوومەلەرزە بە لەرزینی کتوپڕی بن زەوی یان سەر زەوی دەڵێن کە لە چینی دەرەوەی زەوی ڕوودەدات، زۆرینەی بوومەلەرزەکان کە ڕوودەدەن، لاوازن، بۆیە لای مرۆڤەکان بە مەترسییەکی مەزن داناندرێت، بەلام ھەندێک لە بوومەلەرزەکان دەگەنە ئەو ڕادەیە کە زەرەر و زیانێکی مەزن بە مرۆڤ و ماڵ و شوێنەکانیان بگەیەنێت.

 

هۆکارە سروشتییەکانی ڕوودانی بوومەلەرزە

١- تەقینەوەی بورکان:

کۆمەڵێک هۆکار هەن دەبێتە هۆی بوومەلەرزە، ئەویش هۆکارە ناوەکیەکانن کە پەیوەندیان بە پێکهاتەی زەوی هەیە، کە پێکدێت لە چەند چینێک لە دەرەوە بەرەو ناوەوە ئەوانیش بەرگی زەوی، لێواری زەوی، ناخی زەوی.

 

ناخی زەوی پێکهاتووە لە تۆپێکی ڕەقی ئاسنی نیکل، بەوە جیادەکرێتەوە کە پلەی گەرمیەکەی دەگاتە نزیکەی ٦ هەزار پلەی سەدی، هەروەها لەبەرئەوەی چینەکانی زەوی چونیەک نین، کرداری گواستنەوەی گەرمی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر لە ناوچەی ڕەق یان شل یان بەشێوەی تیشک بۆسەر زەوی دەگوازرێتەوە و بەشێوەی ووزەی قەتیس بوو لە یەکێک لە چینەکانی زەوی کۆدەبێتەوە، بەمشێوەیە ئەگەری گڕکان و بوومەلەرزە زیاتر دەبێت، پلەی گەرمی لە ناوەخنی زەوی بەشێوەیەک بەرزدەبێت، کە دەبێتە هۆی دیاردەی گڕکان و بوومەلەرزە، هەندێک لە توخمەکانیش دەورێکی کاریگەریان هەیە کە وەک یۆرانیۆم و پوریوم، بەشێوەی تیشک دێنه‌ دەرەوە.

 

٢- درز و خلیسکانی بەردەکان:

توێکڵی زەوی لە چەندین پلێت پێکهاتووە و زۆربەی بوومەلەرزەکان لە لێواری "پلێتە تەکتۆنییەکان" ڕوودەدات، کە ئەم پلێتانە لەسەر یەکدی دەخزێن و قڵیشان دروستدەکەن، قڵیشەکانیش شکاندنی توێکڵی زەویە دەخزێت و بوومەلەرزە دروستدەبێت.

 

کوردستان لە نێوان پلێتی عەرەبی و ئێرانی

کوردستان دەکەوێتە سەر پلێتی عەرەبی و نزیکە لە سنوری پلێتی ئێرانی، بەدرێژایی مێژووی زەوی ئەم پلێتانە بەهۆی ئەو تەووژمەی ژێر زەوی لە جوڵەدا بوون، نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پلێتی عەرەبی لەگەڵ پلێتی ئێرانی توشی پێکداکێشان بوون کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و ساڵانە بە ڕێژەی ١ بۆ ٣ سانتیمەتر دەجوڵێن، لەم ڕووداوەدا پلێتی عەرەبی چووە ژێر پلێتی ئێرانەوە و زۆرترین شکان و لێکترازان و چەمانەوەی هەرێمی و گەورەی لە چینە بەردیەکان دروستکردووە کە ئەمڕۆ بوونیان سەلمێنراوە لەژێر زەوی بەهۆی ئامێرە جیۆفیزیکیەکانەوە.

 

ئەم شکانانە بۆشایی و درزی گەورەیان دروستکردووە، کە لە ئەنجامی جوڵەی بەردەوامی پلێتەکان لە هەر ساتێکدابێت یان جێگیر دەبنەوە یان شکان و لێکترازانی نوێ دروستدەکات، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا وزەیەکی یەکجار زۆر و گەورە دەردەپەڕێنێت، ئەم ووزەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی جوڵە و نائارامی لەژێر زەوی ئەو ناوچەیەی شکانەکەی تێدا ڕوویداوە، کاتێک ئەم شەپۆلانە دەگاتە سەر زەوی بەشێوەی شەپۆلی لەرینەوە و ڕاتەکاندن و بەرزو نزمی دەردەپەڕێت و بوومەلەرزە دروستدەکات کە ئاساییە دەنگ و ڕوناکیشی لەگەڵ بێ بەهۆی زۆری ووزەکەی.

 

دەکرێت بوومەلەرزە دەستکرد بێت؟

بوومەلەرزە دروستکراوەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بوومەلەرزە و لەرزەیە بەهۆی چالاکی مرۆڤەوە دروستدەبێت و فشارەکانی سەر چەقی زەوی دەگۆڕێت، زۆربەی بوومەلەرزە دروستکراوەکان لە گەورەیییەکی نزمدایە، بوومەلەرزە دەتوانرێت بەهۆی ئەو چالاکییانەوە دروستبکرێت کە لەسەر ڕووی زەوی ئەنجام دەدرێت، وەک دروستکردنی دەریاچە دەستکردەکان لە پشت بەنداوەکان و ئەو بارە گەورەیەی کە دەیکەنە سەر زەوی.

 

زۆربەی ئەم بوومەلەرزانەی کە بەهۆی مرۆڤەوە بووە بچووکن، کەمتر لە چوار پلە تۆمار دەکەن، بەڵام هەندێک لە کردارەکانی مرۆڤ دەتوانن لەرزەیەکی زۆر گەورەتر دروستبکەن، یەکێک لەو کردارانە دروستکردنی بەنداوە، کاتێک دۆڵی پشت بەنداوەکە پڕدەکرێتەوە، کەرتەکەی ژێر ئاوەکە گۆڕانکارییەکی گەورە لە باری فشاردا ئەزموون دەکات و ئەو وڵاتانەی بەنداو دروست دەکەن، بەردەوام ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیان لەسەرە.

 

دروستکردنی بەنداو لە تورکیا لەسەر ڕێڕەوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات تەنها زیانی بە کەمبوونەوەی ئاو نەگەیاندووە، بەڵکو مەترسییەکە زۆر لەوە زیاترە و وێرانکاری دروستدەکات، کاتێک بڕیار لە دروستکردنی بەنداو دەدرێت لە شوێنێک و لەسەر ڕێڕەوی ڕووبارێک، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە گۆڕانکاری لە توێکڵەکانی زەوی ڕوودەدات و ئەگەری بوومەلەرزە زیاد دەکات، کەواتە دەکرێت ئەو بوومەلەرزانەی ڕوودەدەن هۆکارەکانی ڕوون بن و وەک بوومەلەرزەیەکی ناسروشتی "دەستکرد" لێیان بڕواندرێت.