"دەوڵەتانی دراوسێ بە هێرشە درۆنییەکانیان ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ناو دەبەن"
لە ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا، ژنان هەوڵ بۆ سەوزکردنی شار دەدەن و دەڵێن: پاککردنەوەی شار لە پاشەڕۆ و پیس نەکردنی ئەرکی هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدارە.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ تەواوی جیهان بەدەست پیسبوونی هەوا و خاکەوە دەناڵێنن، هەرێمی کوردستانیش بەدەست پیسبوونی هەواوە دەناڵێنێت کە هۆکارەکەی هێرشە درۆنییەکان، کارگە و سووتەمەنییەکان، بڕینەوەی دارەکان و لە ناوبردنی شاخەکان و درووستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونە بەدەستی مرۆڤەکان، لە ناویاندا هێرشە درۆنییەکان زیان بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنن، دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی بۆردوومان کردنی چیا و گوندەکانەوە، هەوڵ بۆ لە ناوبردنی ژینگە و خاکی کوردستان دەدات، هەروەها زیادبوونی کارگەکان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و دەردانی پاشەڕۆکانیان بۆ ناو هەوا دوبارە هۆکاری سەرەکیە بۆ پیسبوونی ژینگە، پێویستە لە ڕێگەی هۆشیاربوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەوڵ بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی ژینگەی ناوچەکەمان بدەین.
“ لەگەڵ لە دایکبوونی منداڵێک نەمامێک بڕوێندرێت، بەڵام چیاکان وێران نەکرێت”
دێرین جەمال، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ڕێکخراوی پێکەوە ژیانی نوێ ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای هەبوونی سروشتی جوانی هەریمی کوردستان، بەردەوام پیسبوونەکانی ژینگە ڕوو لە زیادبوون دەکات، دەڵێت: لابردنی دارستانەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی پیسکردنی ژینگە، کاتێک خانویەک بونیاد دەنرێت، پێویستە مەرجی سەوزکردنی بۆ ئەنجام بدرێت،هەروەها دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکانەوە، هەوڵ بۆ لەناوبردنی ژینگە و چۆڵکردنی گوندەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک هاوڵاتی ناتوانین چارەسەر بۆ هێرشە درۆنییەکان بدۆزینەوە، بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی پاک ڕاگرتنی ژینگە و کەمکردنەوەی ڕێژەی ئۆتۆمۆبێلەکان، ناشتنی نەمام و سەوزای، کۆکردنەوەی خاشاک لە لایەن هاوڵاتیان ژینگەکەمان پاک بکەینەوە، کاتێک بونیادنان بۆ پڕۆژەیکی نیشتەجێبوون ئەنجام دەدرێت، پێویستە وەبەرهێنان و دەسەڵاتداران چاودێری ژینگەی بۆ دروستکردنی پڕۆژەکان ئەنجام بدەن، لەگەڵ دەستبەکاربوونی پڕۆژەکان ڕێژەیەکی زۆر لە سەوزای ناوچەکە سەوز بکرێت، بەڵام پڕۆژەکان پەنا بۆ لەناوبردنی شاخەکان و بڕینەوەی دارەکان دەبەن، لە ئێستادا زۆرێک لە پڕۆژەکانی شاری سلێمانی چیاکانی گۆیژەیان گرتۆتەوە دارەکان دەبڕدرێن و شاخەکان دەشێوێنن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکان کەمترین سەوزای بەدی دەکرێت.
دێرین جەمال لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێگەی سەوزکردن و ڕێگریکردن لە پیسکەرەکانی ژینگە، هەوڵ بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە بدات، هەروەها لە ڕێگەی ژینگە پارێزانەوە پێشنیار بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێت، تا بتوانن وەک یاسایەک لەگەڵ لە دایکبوونی هەر منداڵێک لە لایەن خێزانەکانەوە نەمامێک بڕوێندرێت، تا لەو ڕێگەیەوە هاوڵاتیان بتوانن شارەکانیان بە سەوزی و پاکی ڕابگرن.
“ هەبوونی ژیانێکی تەندروست لە ژینگەیەکی تەندروستەوە سەرچاوە دەگرێت"
ناسک عەلی کەریم، ئەندامی ڕێکخراوی پێکەوەژیانی نوێ، باسی لە پاکڕاگرتنی ژینگەی هەرێمی کوردستان کردو وتی: پاک ڕاگرتنی ژینگە ئەرکی هەر تاکێکە کە لەسەر زەوی دەژی، ژینگە بە واتای ژیانکردن دێت، ژیانکردنی هەر تاکێک پەیوەستە بە ژینگەی شارەکەیەوە، بەڵام دەوڵەتانی دراوسێ لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکانەوە هەوڵ بۆ کاولکردنی خاک و لە ناوبردنی ژینگەی جوانی هەرێمی کوردستان دەدات، پێویستە هەر تاکێک لە لایەن خۆیەوە ژینگە سەوز بکات تا بتواندرێت بەر بە کێشە ژینگەییەکان بگیرێت، هەروەها پەیامێک بێت بۆ داگیرکەران ئەگەر ئێوە ژینگەمان تێکبدەن ئێمە زیاتر ژینگە سەوز دەکەین، پیسبوونی ژینگە زیانەکانی بۆ هاوڵاتیان دەبێت، ئێمە هاوڵاتی پێویستمان بە هۆشیاری تاک هەیە، پیسبوونی ژینگە بۆتە هۆکارێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشی کوشندە لە هەرێمی کوردستاندا، ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ڕوبەڕووی شێرپەنجەی سییەکان دەبنەوە، بە هۆکاری پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام دەبیندرێت لەگەڵ دروستکردنی پڕۆژەکان لە جیاتی ژینگە جوان بکەن زیاتر پیس دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە هەر تاکێک لە لایەن خۆیەوە هەوڵ بۆ پاک ڕاگرتنی ناوچەکەی بدات، منداڵان لە باخچەی ساوایانەوە پەروەردە بکرێن، تا بتوانین نەوەکانی داهاتوو ژینگەیەکی لەبار بۆ ژیانکردن بڕەخسێنن، هەروەها هاوڵاتیان لە ماڵەکانیانەوە هەوڵبدەن کوردستان سەوز بکەن.