ژن دەزانێت؛ هیچ نەتەوەیەک بێ خاک ناتوانێت بمێنێتەوە

هەستی پەیوەستبوون بە نیشتمان یان ئەو ژینگەیەی تیایدا لەدایک دەبین هەستێکی خۆڕسکە، پەیوەستبوون بنه‌مایه‌كه‌ بۆ دیاریكردنی هه‌ڵوێستی تاكه‌كه‌س ‌و رۆڵی دیاریش ده‌بینێت، ژنیش لە لوتکەی ئەو پەیوەستبوونەدایە بە خاکەوە.

بێریڤان شاهۆ

 

سلێمانی- پەیوەستبوون بنه‌مایه‌كه‌ بۆ دیاریكردنی هه‌ڵوێستی تاكه‌كه‌س ‌و رۆڵی دیاریش ده‌بینێ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی کرداری تاكه‌كاندا. هەندێک  كات، ڕۆحیەتی په‌یوه‌ستبوون، وا ده‌كات ژیانی خۆت ببه‌خشیت بۆ ئەوەی بەرگری لەو نیشتمانە بکەیت کە پەیوەستبووی پێیەوە، لەبەر ئەوەی "خاک" پێناسەی هەر نەتەوەیەکە.

 

هەر نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی نەبێت یان داگیرکرابێت، ئەوا هەبوون و مانەوەی لە لێواری لەناوچووندایە، بەتایبەت ئەو خاکەی کە ژیان لەو شوێنەوە دەستی پێکردبێت، بۆ کوردیش واتە میزۆپۆتامیا.

 

خاکی میزۆپۆتامیا ئەو خاکەیە ، بە لانکەی شارستانیەت و مرۆڤایەتی دەناسرێت کە دەکاتە کوردستانی ئەمڕۆ و بە دەستی ژن-دایک بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی، هەر لە دۆزینەوەی دانەوێڵە تا دەگاتە پێداویستییەکانی دیکەی ژیان لەم خاکەوە سەریهەڵدا، لێرەدا پەیوەستبوونی ژن بە خاکەوە بەرجەستە بوو و ژن و خاک بوون بە دووانەیەکی لەیەکدانەبڕاو، هەر بۆیە ژن بە دڵسۆزیەوە خاک و نیشتمانەکەی دەپارێزێت. دەوڵەتـان و داگیرکەران  بـە عەقڵییەتـی ڕەگەزپەرستانەیانەوە ئـاگاداری ئـەم پەیوەندییـەی نێـوان ژن و نیشتمانن، بۆیە ئەوەی لەبەرامبەر نیشتمانێک ە داگیری دەکەن، ئەنجامی دەدەن، هەمـان شـتیش لـە بەرامبـەر ژندا دەکەن و پێچەوانەکەشـی هـەر دروسـتە.   

 

گەلی کورد لە دێر زەمانەوە ستەم و داگیرکاری لە لایەن دەوڵەتانەوە بە سەریدا سەپێندراوە و نیشتیمانەکەی دابەشکراوە.، لەناو ئەم داگیرکاری و پارچەکردنی خاکی کوردستانەدا ئەوەی زەرەرمەندی یەکەم بووبێت و خاک و ژنە.

 

جینۆسایدی ژن و ژینگەی کوردستان لەم سەدەیەدا، واتا لە سەدەی ٢١دا لایەن داگیرکەرانی خاکەوە بە شێوازێکی زەق دەبینرێت، و دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا سەرمەشقی ئەم تکدانەیە.

 

سیاسەتی جینۆساید و لەناوبردنی دارستانەکانی کوردستان پرسێکی گشتییە، تەنیا تایبەت بە ناوچەیەک نییە و هەموو کوردستانی گرتووەتەوە، کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە سروشتی کوردستان و سامانە نەتەوەییەکانمان دەکرێنە ئامانج و بۆ دەسەڵاتداران و داگیرکەرانی کوردستان هیچ جیاوازیی نییە کە کام ناوچەی کوردستان بکەنە ئامانج.

بۆ نموونە بڕینەوەو لە ڕیشە هەڵکەندنی دار زەیتوونەکانی عەفرین لە دوای داگیرکردنی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە، یەکێکە لە کردارەکانی داگیرکاری و هاوکات، ئەم ستەمە بەدرێژای ئەو داگیرکارییەی بەسەر خاک و گەلی عەفریندا سەپێندراوە، ڕۆژانە گوێبیستی کوشتن و ڕفاندنی ژنانیش دەبین لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە.

 

دیسانەوە ئاگربەردانە دارستانەکانی باکووری کوردستان و دروستکردنی بەنداو  هەر لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لەلایەکی دیکەوە سووتاندن و بڕینی دارستانەکانی باشووری کوردستان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە لایەن دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بەشێکی لە پلانی ئۆکۆسایدی سەر کوردستان، کە کۆمەڵکوژی ژنانیش لە خۆدەگرێت و بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە ماوەی ٥ساڵدا ١٤٢ژن، گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕژێمی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتیدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنی ژینگەی کوردستانی داوە، لە سووتاندنی دارستان و لەوەڕگەکانەوە بگرە تا بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، هەرچەن سەدەی ٢١ یەکێک لە دژوارترین سەدەکان بوو بۆ ژن و ژینگە، لە بەر ئەوەی کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵات و داگیرکەرانەوە. ئەم هێرشانە لە هەندێ وڵات تەنیا لە سەر ئاستی سیستمی دەسەڵاتدارییەوە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت لە کوردستان هەم لە سەر ئاستی دەسەڵات و هەم لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە شێوازێکی چڕوپڕ بەڕێوە دەچێت.

 

بەڵام بەهۆی پەیوەستبوونی ژن بە خاکەکەیەوە، بینیمان لە کاتی بڕینەوەو بە تاڵانبردنی دارە زەیتوونەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ژنان بۆ پارێزگاری کردن لە دار زەیتوونەکان خۆیان دەکرد بە قەڵغان، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە کاتی سووتاندنی بەئەنقەستی دارستانەکان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ژنان چۆن پێشەنگایەتیان دەکرد لە کوژاندنەوەی دارستانە سووتاوەکاندا.

 

ئەم هەوڵەی ژنان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هەر چەندە هێرش و پەلاماری داگیرکەران لەسەر خاکەکەیان بەردەوام بێت، ئەوان کۆڵنادەن لە پاراستنی خاکەکەیان، چونکە ژنان بەو هۆشیارییە مێژوویەی کە لەبەرامبەری کلتوورەکەیان واتە خاکەکەیان هەیانە، دەزانن  هیچ نەتەوەیەک بێ خاک ناتوانێت ژیان بە واتا بکات و خۆی لە قڕکردن بپارێزێت.