مەترسییەکان بۆ سەر دەریاچەی زرێبار دوو هێندە بووە

کۆمەڵەی سەوزی چیا بە ڕەخنەگرتن لە ڕێکخراو و دامەزراوە جیاجیاکان ڕای گەیاندووە، بەردەوامیی دروستکردن و هەڵکەندنی بیری قووڵ بۆ دابینکردنی ئاوی ئەو بینایانە کێشەی وێرانبوونی زرێباری دوو هێندە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

 لەگەڵ درێژەی بنیاتنان و دروست کردنەکان لە دەوروبەری دەریاچەی زرێبار لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێکخراو و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە، کۆمەڵەی سەوزی چیا کاردانەوەیان هەبوو و ڕایانگەیاند: "هەڵکەندنی بیری قووڵ و نیمچە قووڵ بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ئەو بینایانە کێشەی وێرانبوون و لە ناوچوونی دەریاچەی زرێبار دوو هێندە دەکات."

 

سه ره ڕای هۆشدارییه كانی كۆمەڵەی چیای سه وز و چالاكوانانی ژینگه پارێزی سەبارەت به وێرانكردنی دەریاچەی زرێبار، نه‌ك هەر ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی دەریاچەکە نەگیراوەتەبەر به ڵكو ڕێكخراو و بریكارەكانی سه ر به كۆماری ئیسلامی ئێران، به بیانووی ئەوەی ده ریاچەکەی كردووه به ناوچه‌یه‌كی گه شتیاری و بە بنیاتنانی بێ بنەما، بە پڕۆسە دەریاچەی زرێبار بەرەو لەناوچوون دەبەن.

 

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەهۆی لەناوچوونی دارستانەکانی دەوروبەری دەریاچەکە و گۆڕینی لەوەڕگەکان بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان، خاکی بەشێکی زۆر لە حەوزی ئەم دەریاچەیە وەرگەڕاوە و نیشتووێکی زۆر لەسەر بنی دەریاچەکە نیشتووە، هەروەها چوونە ژوورەوەی ئاوەڕۆی گوندەکان و کانیەکانی دەریاچەکە بە شلە داپۆشراون و نیشتووەکان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی ئاوی دەریاچەکە.

 

دەریاچەی زرێبار دەکەوێتە دووری ١٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای سنە و ٣ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هۆی پشتگوێخستنی کاربەدەستان خەریکە دەگۆڕێت بۆ کانیاو سەرباری گرنگی دەریاچەکە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی دەکەن.