سزای بڕینەوەی داری تەڕ چییە؟

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا خستیەڕوو، سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە داری تەڕ ببڕنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان ئامادەکاری بۆ کۆکردنەوەی دار دەکرێت، بە تایبەت لە گوندەکان، تا وەکو گەرمکەرەوە لەو وەرزەدا بەکاری بهێنن، بەڵام بڕینەوەی دار یاسای خۆی هەیە و پێویستە ئەو دارانەی کە وشکن و لەناوچوون، ببڕدرێنەوە، بە پێچەوانەوە بڕینەوەی داری تەڕ سزای هەیە.

 

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاوی کردەوە کە هەر کەسێک داری تەڕ و سەوز ببڕێتەوە، سزا دەدرێت، کە بە بڕی ٥٠٠ هەزار دینار پێبژاردنە.

 

دەستەکە ئەوەشی راگەیاندووە، جگە لە سزای پێبژاردن بە بڕی ٥٠٠ هەزار، سزای بەند کردنیش بۆ ماوەی ٣ مانگ هەیە و ئەم سزایانەش بەپێی ماددەی ٢٢ لە یاسای دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان دیاری و جێبەجێ دەکرێت.