بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی دەریاکان دەکات

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەکردەوە کە هێشتا پیسبوونی دەریاکان جێگەی نیگەرانییە و داوایکرد کە ڕێوشوێنی ئامانجدار بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی دەریاکان بگیرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەوەکردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی دەریاکان کێشەیەکی جیهانییە و بۆ کەمکردنەوەی ئەو پیسبوونە ڕێبازێکی جیهانی پێویستە، بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جەختی لەوەکردەوە کە پیسبوونی دەریاکان هێشتا جێگەی نیگەرانییە و پێویستە ڕێگری لێبکرێت.

 

بەپێی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕی ئەو پاشماوەیانەی لە دەریاکاندا دەدۆزرێتەوە بە خێرایی لە زیادبووندایە و ئەگەر ڕێوشوێنی ئامانجدار نەگیرێتەبەر پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ پاشماوەی پلاستیکی لە دەریاکاندا سێ هێندە زیاد بکات.

 

جانیس سیرلەز، بەڕێوەبەری پاراستنی دەریای پۆرتلاند، ڕوونیکردەوە کە ژیانی ژێرئاو گرنگە بۆ ژیان لەسەر ئاو، ڕێکخراوی پەروەردە، زانست و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان-یونسکۆش مایا گابیرای بەرازیکی وەک یەکێک لە پاڵەوانانی ڕێکخراوەکانی گەنجان بۆ پاراستی دەریاکان هەڵبژارد.

 

بەپێی دوایین داتاکانی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرەڕای دەستپێشخەری و هەوڵەکان، ڕێژەی ئێستای پلاستیک لە دەریادا بە ٧٥-١٩٩ ملیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت.