عێراق بە پلانێک تا ساڵی ٢٠٣٠ هەوڵی پاراستنی ژینگەکەی لە وشکەساڵی دەدات

وەزارەتی ژینگەی عێراق پلانەکانی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی وشکەساڵی دەخاتەڕوو، پلانەکانی لە دوو بەش پێکدێت و تا ساڵی ٢٠٣٠ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزیری ژینگەی عێراق پلانی وەزارەتەکەی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی وشکەساڵی بۆ میدیا عێراقییەکان خستووەتەڕوو کە پلانەکەیان لە دوو بەش پێکدێت.

 

بەشی یەکەمیان لە ساڵی ٢٠٢٠وە دەستیپێکردووە، کار لەسەر کەمکردنەوەی دەردانە کاربۆنییەکان بەتایبەت کەرتی نەوت ‌و غاز دەکرێت و هۆشیاریی نیشتیمانیی به‌رامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بڵاودەکرێتەوە، ئەم پلانە تا ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت.

 

بەشی دووه‌می پلانەکە لەساڵی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٣٠ دەبێت، کە تێیدا جەخت لەسەر هەردوو کەرتی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ لە بوارەکانی ئاودێرى و ئیدارەدانی دروستی سەرچاوە ئاوییەکان دەکرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری ئاوى وڵات بەفیڕۆ دەدرێت.

 

وەزیری ژینگەی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند کە بە بەشداری چەندین لیژنەی پسپۆڕ کار دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی جێگای گونجاو و دیاریکردنی جۆری ئەو درەختانەی دەتوانن بەرەنگاری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببنەوە، تا بڕوێندرێت.

 

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارستانەکان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق ڕایگەیاند، لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێک و ٧٤٧ هەزار دۆنم زەویی کشتووکاڵیی و ڕووپۆشی ڕووەکیی بوونەتە زەوییەکی وشک و بێبەرهەم، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر پلانی کشتوکاڵیی لە عێراقدا.