"زیادبوونی هۆشیاری ڕێگری لە زیانگەیاندنی زیاتر بە هەڵەبجە دەکات"

شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨دا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا، کە زیانی ژینگەیی بەرچاوی بەرکەوت، ئێستاش هاوڵاتیانی ئەو شارە بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زیادکردنی سەوزایی، هەوڵی پاراستنی ژینگەی شارەکەیان دەدەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە ناسێنراوە، هاوڵاتیان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی خۆیانەوە ژینگە بپارێزن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسان و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە پارێزگاری لە ژینگە بکەن و بە پڕۆژە جیاوازەکان و زیادبوونی کارگە و تەشەنەسەندنی بواری پیشەسازی دیارترن زیانەکانی بە ژینگە گەشتووە و ڕێوشوێنی پێویستی بۆ نەگیراوەتە بەر، یەکێک لە دوا پڕۆژەکانیش کە تێکدانی سروشت و ژینگە بوو، پەرەدانە بە پڕۆژەی بازرگانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی کە دەست بە بڕینی شاخی گۆیژە کراوە، ئەمەش بۆ شار و شارۆچکەکانی دیکەش راستە و زۆرترین زیان بەر ژینگە کەوتووە.

 

سەحەر حسێن رەشید، سەرۆکی بەشی کارگێریی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان لە کۆلیژی تەکنیکی زانستیە پراکتیکیەکان باسی لە ٥ی حوزەیران کرد، کە ئامانجیانە لەو ڕۆژەدا بە چالاکی جۆراوجۆر هەنگاوێک بنێن بۆ دروستکردنی گۆرانکاری لە پاراستنی ژینگەدا، وتیشی: ئەم کارە بە تەنها ڕۆژێک ناکرێت، بەڵکو پێویستە سیاسەتمەدارەکانیش هەنگاو بنێن خراپەکاریەکان بەرامبەر ژینگە ڕابگرن.

 

"ژینگەی هەڵەبجە لە ئێستادا بەرەو گۆرانکاری هەنگاو دەنێت"

سەحەر حسێن ڕەشید، دەربارەی ژینگەی هەڵەبجە وتی: سەبارەت بە ژینگە بچوکەکەی ئێمە لە هەڵەبجەدا چەندین هەڵمەت بەڕێوەچووە، لە ڕێکخراوەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکەین بۆ پاراستنی ژینگە، ئەگەرچی کیمیابارانی هەڵەبجە ژینگەی تێکداوە، بەڵام لە ئێستادا ژینگەکەی پارێزراوە و کار دەکەین بۆ ئەوەی نەهێڵین خراپتر ببێت، گرنگی بەوە دەدەین ژینگەکەمان پارێزراو بێت و سەوزتر بێت، سەیرانگاکانی هەڵەبجە بە سەوزی ماونەتەوە و بۆ زیاتر پاراستنیشی، پێویستە لایەنی حکومی و سیاسیەکان بە گرنگییەوە لەم بابەتە بڕوانن.

 

شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨دا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا، ئەمەش زیانی بە ژینگە گەیاند، سەحەر حسێن ڕەشید باس لەوەش دەکات، لەناو ئاو و خاک و درەختی هەڵەبجەدا ماددەی کیمیایی هەیە، وتیشی: ئێمە بە بەکارنەهێنانی ماددەی پلاستیکی و هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگە، دەتوانین ژینگەیەکی دوور لە کیمیایی بخوڵقێنین.

 

هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجە بەشێکی سەرەکی پاراستنی ژینگەی شارەکەن، چونکە ڕاستییەکانی دوای کیمیابارانی هەڵەبجە دەبینن و هەوڵدەدەن بە چاندنی درەخت و کردنەوەی کارگەی ڕیسایکلین و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەی شارەکەیان سەوزتر و خاوێن تر بکەن.