زبڵ و خاشاکی دەستی مرۆڤەکان پەتایەکی کوشندە بۆ ژینگە
بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاک بەدەستی مرۆڤ بۆ ناو ژینگە هەڕەشە لە ئاو هەوا، خاک و تەواوی سیستمی ژینگەی زەوی دەکات، ئەو شوێنانەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار لە باشووری کوردستان ڕووی تێدەکات، سیماکەی دەشێوێنێت و هەرگیز وەک سەرەتای لێنایەتەوە.
لاڤە کوردە
سلێمانی-١٦ی نیسان وەک ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی ژینگەیی بەڕێوەدەچێت، کە دیارترینیان چاندنی نەمام و پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکانە لە زبڵ و خاشاک، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمەکە و تەواوی ڕۆژانی ساڵ ئەو مرۆڤانەی هیچ باکیان بە پاکڕاگرتنی ژینگە نییە و ژینگەدۆست نین، بەردەوامن لە پیسکردنی ژینگەی دەوروبەریان، بە تایبەتی لە وەرزی بەهاردا، کاتێک بۆ گەشت و سەیران دەچنە شوێنە جیاوازەکان و شوێنە گەشتییارییەکان زبڵ و خاشاکەکانیان لەسەر زەوی بە پەرش و بڵاوی جێدەهێڵن، هەروەها ئەو ماددانەی لەناو زبڵەکاندا بەجێدەهێڵدرێن چەندان ساڵی دەوێت بۆ شیبوونەوە و لەناوچوونیان، پاشماوەی خواردن، پاشماوەی ئەلیکترۆنی، شووشە، ماددەی کیمیایی، سووتەمەنی و ئەتۆمی لەگەڵ پلاستیک، جگە لەوەی کە سیمای شوێنەکان تێکدەدەن، هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ و ژینگەش دەکەن، لە کاتی شیبوونەوەشیاندا ئەو پاشماوانە دەبنەهۆی دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش و دەردانی ماددەی کیمیایی ژەهراوی بۆ ناو خاک، کە ئەوەش وا لە خاکەکە دەکات بێ پیت بێت و ڕووەکەکان لەناوبچن.
هەروەها لە کاتی شیبوونەوە یان سووتانی ئەو پاشماوانەدا بڕێکی بەرچاوی گازە گەرمکەرەکانی وەک دوانۆکسیدی کاربۆن و گازی میسان دروستدەبن، کە وادەکەن کەشوهەوای زەوی گەرمتر بێت، ئەو گازانە دەبنە هۆی دروستبوونی ترشەباران و بارینی تەرزە کە هەردووکیان زیان بە کشتوکاڵ دەگەیەنن، هەروەها پاشماوەکان دەبنە هۆی پیسبوونی ئاو و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و گیانەوەرە ئاوییەکان.
پاراستنی ژینگە ئەرکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە
لەبەرچاو نەگرتنی پاراستنی ژینگە، دەبێتە هۆی تێکدانی ژیان لەسەر زەوی، ساڵ لە دوای ساڵ بە هۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم، دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر ژینگە زیاتر دەبێت، بە تایبەتی دوای زیادبوونی داواکاری بۆ خۆراک و شوێنی حەوانەوە، ئەمەش وایکرد مرۆڤ پەنا بۆ بڕینەوەی دارستانەکان ببات بە مەبەستی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەو پیشەسازی، ئەمەش کاریگەری خراپ دەکاتە سەر سیستمی ژینگە و دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی نێوان ڕێژەی هەردوو گازی دوانەئۆکسید و ئۆکسجین لە هەوادا.
چارەنووسی مرۆڤ پەیوەستە بە هاوسەنگی ژینگەی دەوروبەری، هەر جۆرە لاسەنگییەک لەو سیسمە ڕووبدات، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە، لەم سۆنگەیەوە مرۆڤ بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانی خۆی، دەبێت هەوڵی پاراستنی سیستمی ژینگە بدات، پاراستنی ژینگە و ڕێزگرتن لە ژینگە ئەرکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە، دەبێت سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ بە وشیارییەوە بەرامبەر بە ژینگە هەڵسووکەوت بکەن و هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی.
هەرێمی کوردستان ڕۆژی ژینگەی هەیە بەڵام هۆشیاریی ژینگەیی نییە
ئەگەر سەرنجی وردی ژینگەی هەرێمی كوردستان بدەین، هاوڵاتی هەرێمی كوردستان دەزانێت ژینگە چیە و بەشێكیش خەمخۆریان بۆی هەیە، بەڵام لە ڕووی زانستی و پێوەرەكانی گرنگیدان بە ژینگە، دڵخۆشکەر نییە، چونکە تا ئێستا ڕێژەی سەوزایی هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ستانداردی جیهانی كەمترە و حكومەت پلان و بودجەی گەورەی تەرخان نەكردووە بۆ دروستكردنی دارستان و ڕووبەری سەوزایی، هەروەها ئاستی پیسبوون یا خاوێن بوونی خاكی هەڕێمی كوردستان نەزاندراوە، هیچ ڕێگرییەك نابینرێت بۆ پاراستنی خاكی هەرێمی كوردستان و زەوی، خاك لەم هەرێمە وەك كاڵایەكی بازرگانی سەیر دەكرێت، پیسبوونی هەواش ژینگەی وێرانتر کردووە و هەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل، ئامێرە قورسەكان، خراپی كوالێتی سوتەمەنی، هەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە مۆلیدەی كارەبایی و پابەندنەبوونیان بە ڕێنمایەكانی ژینگە، هەبوونی پاڵاوتگەی نەوتی، كارگە و پیشەسازی، بەڵگەن لە سەر پیسبوونی هەوای هەرێمی كوردستان.
لە ئێستادا یەکێک لە هۆکارەکانى پیسبوونى ژینگە لە هەرێمى کوردستان بوونى ڕێژەیەکى زۆرى خۆڵ و خاشاکە، لەگەڵ بەخشینى دیمەنێکى ناشرین بە شارەکان و تێکدانى سروشتى سەیرانگاکان، لەم چەند ساڵەى دوایدا بەتایبەت داوى ئەوەى کە ڕێژەیەکى زۆر لە دانیشتوانى گوندەکان ڕوویان لە شارەکان کردووە، جەنجاڵییەکى زۆر بە شارەکانەوە دیارە، هەروەها ئاشکرایە بە زیادبوونى ڕێژەى دانیشتوان پێداویستیەکان زیاد دەکات، لەگەڵ ئەمانەشدا پاشەڕۆکان "زبڵ و خاشاک" زیاد دەبن، کە ئەم پاشەڕۆیانە خۆی لە پاشەڕۆى ڕەق و شل و گازەکاندا دەبینێتەوە، کاریگەریان لەسەر تەندروستى مرۆڤ هەیە، لە گەڵ بوونى ئەم ڕێژە زۆرەى خۆڵ و خاشاک لە شارەکاندا و نەبوونى کارگەیەکى تایبەت بە دووبارە بەکارهێنانەوەى ئەم ماددانە، کە سودێکى زۆرى دەبێت لە گێڕانەوەى داهاتى وڵات، پەنا دەبرێتە بەر ڕێگایەکى ناتەندروست لە چارەسەر کردنى پاشەڕۆدا کە سوتاندنیانە، ئەم ڕێگە جگە لەوەى کە دەبێتە هۆى دەردانى چەندین گازى ترسناکى وەک میسان و دوانۆکسیدى کاربۆن و گۆگردو نایترۆجینەکان و هۆکارن بۆ پیسبوونى هەوا، هۆکارێکیشن بۆ بڵاوبوونەوەى چەندین نەخۆشى، کاتێک بەهۆى هەواوە بڵاودەبنەوە، هەروەها هەندێک جاریش هۆکارن بۆ سوتانى لەوەڕگاکان و زەویە کشتوکاڵیەکان.
دووبارە بەکارهێنانەوە بۆ پاراستنی ژینگە
بۆ کهمکردنهوهی پاشماوه و زیانی پاشماوهکان لەسەر ژینگه و ژیانی تاک و کۆمهڵگە، له وڵاته پیشکهوتووهکاندا سوود لە پڕۆسهی دووبارە بەکارهێنانەوە "ڕیسایکلین" وەرگیراوە، کە پرۆسەیەکە تێیدا پێکهاتەی زبڵ و خاشاکەکان لە یەک جیادەکرێنەوە و دووبارە سودیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەمەش کاریگەرییە زیان بەخشەکانی لەسەر ژینگە کەم دەکاتەوە، بەگرنگترین و کاریگەرترین ڕێگا دادەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی پاشماوەکان، ئەم کردارە جگە لە کۆنترۆڵکردنی پاشماوە، دەیانکاتە کەرەستەی نوێ و بەکارهێنراو.