چالاکوانانی لوبنان بەشداریان لە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا کرد

کۆمەڵێک چالاکوانی لوبنان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی لوتکەی کەشوهەوای COP28 کرد کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا تیشکیان خستە سەر کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی بەتایبەتی لەسەر ژنان.

سوزان ئەبو سەعید

 

بەیروت- دوای ئەوەی لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانێکی ژینگەیی گەورە بووەوە کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە جێهێشت،بە ئامانجی ناساندنی هۆشیاری ژینگەیی لە کۆمەڵگەکاندا، کۆمەڵێک چالاکوانی لوبنان بەشدارییان لە کۆبوونەوەی لوتکەی کەشوهەوای COP28 کرد.

 

نیهاد عەواد، ڕێکخەری هەڵمەتی هەڵبژاردن و گەیشتن بە جیهانی لە "نەتەوە بۆ هاوپەیمانی زەوی" وتی: داواکارییەکانی هاوپەیمانێتییمان بەرزکردەوە بۆ سەرکردە ڕۆحییەکان کە بۆ یەکەم جار لە کۆنگرەی کەشوهەوای COP28 دروستکرا، هەروەها بۆ سەرکردە سیاسییەکان، وەک هاوپەیمانییەک دەستمان کرد بە کارکردن زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک پێنج ڕێکخراو بووین بووین بە ٢٥ ڕێکخراو، کە زۆربەیان ژنن، بە ئامانجی ناساندنی هۆشیاری ژینگەیی لە کۆمەڵگاکاندا، ئێمەش بانگهێشتکراوین بۆ چەندین بۆنە کە لەو ماوەیەدا پلانەکانمان بۆ ساڵانی داهاتوو دەستپێکرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی لوتکەی کەشوهەوا دوای گفتوگۆکردن لەسەر چەندین بابەت کۆتایی هات، گرنگترینیان ئاگربەستی غەززە و ناوچەکانی ململانێ بوو، بۆ یەکەم جار لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باسی سووتەمەنی بەردینەکان کرا، وتیشی: هەرچەندە نەمانتوانی بگەین بەو ئامانجانەی کە دەمانەوێت، بەڵام گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانە هیوای داهاتووی پێداین بە تەواوکردنی هەنگاوی یەکەم، هاوکات بەهێزکردنی پابەندبوونی وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی دەرچوونی گازی خانووبەرە و داواکردنی پشتیوانی دارایی و تەکنۆلۆژی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە توانای خۆگونجاندنیان هەبێت لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا.

 

قەیرانی گەورەی ژینگەیی لە لوبنان

جگە لە قەیرانی ئابووری و سیاسی، لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانێکی ژینگەیی گەورە بووەوە، هەروەها پیسبوونی ژینگە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی گشتی هەبووە، لەو بارەیەوە نیهاد عەواد وتی: لوبنان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە گۆڕانی کەشوهەوای بینی وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەرزی ئاستی دەریا لە بەیروت، کە بووە هۆی ئەنجامی نەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری، بۆیە لوبنان پێویستی بە ڕێکخستنێکی کاریگەری بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان هەیە، وەک کۆمەڵگەیەک، بە چەندین کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنین، جگە لەو قەیرانە ئابوورییەی کە وڵاتەکەی گرتووە قەیرانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی هەیە، شایەتی زیادبوونی ژمارەی دزی و کوشتنەکانین.

 

"ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە"

وتیشی: بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەیی و ئابوورییەکانەوە ژنان لە نێو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین کاریگەرییان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەربووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە کەرتی کشتوکاڵدا کار دەکەن، ژنان ڕۆڵێکی ئەرێنییان هەیە لە کۆمەڵگادا و بەشداری لە هەوڵە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا دەکەن و زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، پێش قەیرانی ئابووری، داوامان دەکرد کە دەسەڵاتی دادوەری ژینگەیی و پۆلیسی ژینگەییمان هەبێت، داواکارییەکانمان هەمیشە ڕەتکراونەتەوە و ئێستا دوای قەیرانی ئابووری، دەبینین کە ڕێژەی دار کێشان و ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان زیادی کردووە و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم شتانە، پێم وانییە حکومەت لەم بارودۆخەدا کە بەسەریدا تێدەپەڕێت بتوانێت لە ڕووی داراییەوە چارەسەریان بکات، بۆیە جوتیاران و خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان ناچار دەکرێن زەوییەکانیان بەجێبهێڵن و هەڵبێن بۆ شارەکان، کە کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، بۆیە پێویستمان بە ڕێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.

 

سەبارەت بەو چارەسەرانەی کە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێن، جەختی لەوە کردەوە پێویستە بارودۆخی ژنان باشتر بکرێت، بەتایبەتی لە دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان، دابینکردنی دەرفەتی ئابووری لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، بەهێزکردنی ژنان لەڕێی باشترکردنی بەشداریکردنیان لە بڕیاردان و بەڕێوەبردندا، چونکە بوونی ژنان لەگەڵ پیاواندا یەکسانیی رەگەزی بەهێز دەکات و بەشداری لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کارەساتەکان دەکات.

 

"وەک ژنان دەمانەوێت لە هەڵوێستی بڕیارداندا بین"

لە لایەکی دیکەوە، شیرین جودی، پسپۆڕی جێندەر و کەشوهەوا و سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی وتی: دۆسیەیەکمان ئامادە کردووە کە کۆمەڵێک داواکاری تێدایە و ڕوونکردنەوەی ئەو ئاستەنگانە دەدات کە ڕووبەڕووی جیهانی عەرەبی دەبنەوە و وەک ژنان دەمانەوێت لە هەڵوێستی بڕیارداندا بین، لەوانە پاراستنی ناکۆکییە چەکدارییەکان کە ڕۆڵی هەیە لە گۆڕانی کەشوهەوادا، هەروەها کێشەی لەدەستدان و زیانەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەواوە، هەروەها باسی دارایی کەشوهەوامان کرد کە پەیوەستە بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە و چۆن دەتوانین هەموو ئەمانە لەو خاکەدا بەیەکەوە ببەستین کە کاری لەسەر دەکەین و گرنگترین خاڵەکان بە قۆناغ نەهێشتنی سووتەمەنی بەردینەکان و ڕەتکردنەوەی یاریکردن لەسەر ئەم بابەتە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی گۆڕانی ڕاستەقینە لەسەر زەوی و تیشک خستنە سەر کێشەی ئاگربەست لە غەززەو ئەوەی کە دادپەروەری کەشوهەوا لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بوونی نییە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شیرین جودی وتی: بە پێی پێویست سەرکەوتوو نەبووین لە ئەنجامەکانی لوتکەی کەشوهەوا، چونکە گۆڕانکاری لە شەوێکدا ڕوونادات، وەک لیژنەی ژنان و ڕەنگی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژی سەوزی ژنان لە جیهانی عەرەبی و شوێنەکانی دیکە، داواکاریی و هاوبەشی خۆمان لە نێوان ژنان لە بەشە جیاوازەکانی جیهانەوە پێشکەش کرد، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنانی جوتیار هەبووە، وەک لە عێراق، ئەوانەی بەهۆی وشکەساڵی و بە بیابانبوون دەناڵێنن، کە لە ڕووی فیسیۆلۆژی و بایۆلۆجییەوە ڕەنگدانەوەی لەسەریان هەیە، جا پەیوەندی هەبێت بە سوڕی مانگانەوە یان شیردانی دایک.