بێنازبوونی باخچەکانی سلێمانی، وشکبوونی بە دوای خۆیدا هێناوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتکردنی باخ و باخچەکانی شاری سلێمانی پشتی داوەتەوە و جیاوازییش لە نێوان پارێزگاکاندا دەکات، بەو هۆیەوە زۆرینەی سەوزاییەکانی شاری سلێمانی وشکبوون و گرنگی تەواویان پێنادرێت، ئەوەش هۆکارە بۆ پیسبوونی هەوای شار و پێدانی دیمەنێکی ناشرین.

 

شنیار بایز

سلێمانی- باخچە و بلوارەکانی ناو شاری سلێمانی تا دێن زیاتر زەرد هەڵدەگەڕێن، گرنگی پێنەدان و ئاونەدانیان وای کردووە زۆرینەی ئەو درەخت و سەوزاییانەی هەن وشک ببن.

هەبوونی سەوزای و درەخت لەناو سەنتەری شاردا گرنگی خۆی هەیە و دەبێتە هۆی پاکبوونەوەی ئاو و هەوای شار، بەڵام کوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەت لە ڕووی گرنگی پێدانی سەوزای نێو شار لەوپەڕی دواکەوتوویدان، لەگەڵ ئەوەی گرنگی بە سەوزکردنی شارەکە نادرێت، ئاوی ئەو درەختانەش نادرێت کە بوونیان هەیە، بە جۆرێک زۆرینەی باخچەکان و بلوارەکانی شاری سلێمانی وشک و زەرد هەڵگەڕاون.

 

بە نموونە پارکی هەواری شار کە سەر بە بەڕێوبەرایەتی شارەوانی شاری سلێمانییە، زۆرینەی بەشی زەوییەکانیان وشک بوون و کێشەی زۆریان هەیە.

"بودجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سەوزایی شاری سلێمانی دابین نەکراوە"

هاوژین عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی شاری سلێمانی، دەربارەی کەم و کورتیەکانیان بە ژنهای ڕاگەیاند: هیچ بڕە بودجەیەک بۆ خزمەتکردنی پارک و بلوارەکان دابین نەکراوە و کەموکورتی هەیە لە ئاودانیان و سەوزکردنیان، هەروەها لە بوونی باخەوانیش تێیدا، ئاماژە بەوەش دەکات ئەو بڕە پارەیەی دابینکراوە بەشی تەنها سیانەکانی باخچەکانیش ناکات.

 

ئەو وتەبێژە باسی لەوەشکرد بەپێی ئەو بڕیارانەی دەرکراون دەبووایە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ تەنکەر دابین بکرایە بۆ ئاودان، بەڵام مانگی ئابە هێشتا بڕیارێک دەرنەچووە، هۆکاری ئەم بێ پابەندییەی حکومەتیشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی پەیوەندییەک لە نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکە.

بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت گەیشت بە کوێ؟

دەربارەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەت نزیکەی ٨٠ ڕۆژ پێش ئێستا  لە شاری سلێمانی دەریکرد، و بڕیاری دا بڕی ٤ ملیار و ٥٢٧ ملیۆن دینار تەرخان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی باخچە و بلوارەکانی شاری سلێمانی، هاوژین عوسمان وتی: "ئەمڕۆ کە ١٠ی ئابە تا ئێستا هیچ دەنگۆیەک نییە کە بڕە پارەکە دابین کرابێت"

 

جەختی لەوەش کردەوە لە ساڵی ٢٠١٢وە کێشەی کەمی باخەوانیان هەیە بە جۆرێک باخەوانێک سێ باخ دەبات بەڕێوە، هەروەها وتیشی: پارکێکی وەک پارکی ئازادی تەنها ٦٥ باخەوانی هەیە، لە کاتێکدا پێویستی بە ٢٠٠ باخەوانە، هەموو ساڵێکیش بە داوای فەرمیی داوا لە حکومەت دەکەین کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و تا ئێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون، بگرە ئەو فەرمانبەرانەی ساڵانە خانەنشین دەبن جێگرەوەشیان بۆ دابین ناکات.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ژنها کەوتووە لە شاری سلێمانی ١٨ زۆنی کشتوکاڵی، ٥٦٥ پارک و باخچە، ٩١ بلواری ڕەسمی هەن، هەروەها ژمارەی فەرمانبەرەکانی بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی شاری سلێمانی ١٧٥٠ فەرمانبەرن و لە کۆی هەموو باخ و بلوارەکان تەنها ٧١٠ باخەوان هەیە بە کاتی و فەرمیشەوە.

لە کاتێکدا تەنها لە پارکی سامی عبدول ڕەحمانی شاری هەولێر، ١٢٥٠ فەرمانبەر هەن و خزمەت بەو باخە دەکەن.

 

ئاودان و خزمەتکردنی دارەکان گرنگن یان چاندنی دار؟

تریفە ناسح بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی سەوز، دەربارەی ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە دابین بکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی باخ و بلوارەکان ڕایگەیاند: "لە دوای هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر و لە دوای نزیکەی ٨٠ ڕۆژ گوایە بڕە پارەکە دابین کراوە و بەڵا تا ئێستا ئیشی پێنەکراوە"، هەروەها دەربارەی گرنگی ئاودانی باخچەکان یاخود ناشتنی نەمام ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا ئەوەی گرنگ بێت ئاودانی باخ و بلوارەکانە، لەوە گرنگتر ناشتنی نەمامە، بەڵام لە ئێستادا وەرزی نەمام چاندن نییە بۆیە ئاودانی ئەرکی سەرەکییە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا حکومەت هەوڵی داوە بەڵام هەوڵەکانیان لە ئاستی پێویستیدا نین، زۆرینەی دار و بلوارەکان وشک بوون، نمونە وەک پارکی هەواری شار.

  

تریفە داواش دەکات حکومەت بە تەنگ کێشەی چارەسەرکردنی وشکبوونی شاری سلێمانییەوە بێت، دەڵێت: "سەوزکردنی کوردستان نەک تەنها ئەرکی حکومەتە، بەڵکو ئەرکی هاوڵاتیانیشە ژینگەی کوردستان بپارێزرێن"، هەروەها داوا دەکات باخچە و پارکەکان نەدرێنە دەست کەرتی تایبەت، ڕاستە زیاتر گرنگیان پێدەدرێت، بەڵام نرخی خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیان لەناو باخچەکاندا بەرز دەکاتەوە.

 

ت.پ