بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری سلێمانی ٣٢٠ دۆنم پووش و دارستان سووتان

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لەچەند گوندێکی پێنجوێن، سیتەک، شارەدێی گەرمک، ٣٢٠ دۆنم پووش و پاوان و دارستان سووتان.

 

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین لەئەمساڵدا ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانى باشووری کوردستان ڕووى لە زیادبوون کردوو بەهۆیەوە هەزاران دۆنم لە پووش و پاوان و ڕەز و باخ و دانەوێڵەی هاوڵاتییان سووتاون، هەروەها لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە چەند کەسێک بە تۆمەتى ئاگربەردانی بە ئەنقەست دەستگیر کراون.

 

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، سەرسووراو، میراوا، برالە، سەربرالە لە سنووری پێنجوێن-ى سەر بە پارێزگاى سلێمانى کەوتەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە ١٥٠ دۆنم لە پووش و پاوان دارستان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە.

 

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەوەشیخستەڕوو لە ٩ی ئەیلوول بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێك لە سنوری گوندی ( شارستێنە) کەوتەوە ، مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك گەیشتنە شوێنی دیاریکراو و بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی سیتەك و هاووڵاتیان توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەنبەڵام،بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ١٠٠ دۆنم پوش و پاوان و چەندین داری سروشتی سووتان.

 

هەروەها لە سنوری شارەدێی گەرمك و گوندی بەلەکاوی ئاگرێك کەوتەوەو بووە هۆی سوتانی نزیکەی ٧٠ دۆنم  پووش و دارستان ، پاش ئەوەی بنکەی پۆلیسی دارستانی گەرمك گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە دواجار توانیان بە هاوکاری خەڵکی سنورەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن .