زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ لە تورکیا کار دەکەن

منداڵان لە وڵاتی تورکیا بەهۆی خراپی دۆخی خێزان و ئابوورییان ناچار کراون کار بکەن، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ لەو وڵاتەدا کاردەکەن، کە ٢٣ هەزاریان ئەو کارانەی دەیکەن بۆ تەمەنیان گونجاو نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابووری و سەختی ژیانی دانیشتوانی تورکیا، منداڵان ڕوویان کردووەتە کارکردن، بەشێکی زۆریان بەهۆی کەمی تەمەنیانەوە کارکردن بۆیان سەختە، ئەمەش گەیشتووەتە ئەو ئاستەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر ببێتەوە.

 

ڕەخنەگرتنی زۆر لە تورکیا لە دوای مردنی دوو منداڵەوە بوو، کە بەهۆی کارکردنەوە گیانیان لەدەستدا، ئەوانیش یوسف دەمیری ١٧ ساڵ بوو، لەوکاتەی لە بینایەکدا کاری دەکرد دواجار خۆی لە بیناکەوە هەڵدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، دەلیل ئالیشی ١٤ ساڵان، کاری شوانی دەکرد، بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە لەکاتی کارکردن گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی تورکیا، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ وەک کرێکار کار دەکەن، ٢٣هەزار منداڵ لەو وڵاتە ئەو کارە دەکەن کە بۆ تەمەنیان ناگونجێت، ٧٩.٧ ٪ی ئەو منداڵانەی کرێکارن تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵیدایە، ١٥.٩ ٪ی دیکەیان تەمەنیان لە نێوان ١٢ تا ١٤ ساڵیدایە، هەروەها  ٤.٤ ٪ی منداڵەکان کە کرێکاری دەکەن تەمەنیان لە نێوان ٥ بۆ ١١ ساڵیدایە.