ژنان، قوربانی سیاسەتی پیاوسالاری سەردەمە جیاوازەکان لە ئێراندا (2)

مافی ژنان لە سەردەمی ڕژێمە جیاوازەکانی ئێراندا پێشێل کراوە و ئەو پیاوانەی لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوون، بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان، ژنانیان وەکو هێمای مۆدێرنیتە و درێژەدان بە دەسەڵاتی پیاوسالاری  بەکارهێناوه.

مژدە کرماشانی

 

ناوەندی هەواڵ - مافی ژنان دەستەواژەیەکە کە دوابەدوای پشتگوێخستنی بەردەوامی داواکارییەکانی ژنان و کچان لە مێژوودا و هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی بۆ ئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەکانی جیهانیدا بڵاوبووەتەوە و لە هەندێک وڵاتدا ئەم مافانە لە ڕێگای یاسا، داب و نەریت و ڕەفتارەوە سەقامگیر یان پشتگیری دەکرێت، لە کاتێکدا لە هەندێک وڵاتی دیکەدا وەک ئێران پشتگوێ دەخرێت و سەرکوت دەکرێت و ئەم عەقڵیەتە دژەژن و پیاوسالارییە بە درێژایی سەدەکان لە ئێراندا بەردەوام بووە و هەمیشه به درێژەدان به دەسەڵاتی خۆی و به گۆشەگیر کردنی ژنان بۆ بەردەوامیی کۆلۆنیالیزم و سەروەریی خۆی، هەوڵی داوه.

 

مافی ژنان لە سەردەمی ساسانیدا

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ساسانیدا ژن وەکو کاڵایەک دادەنرا کە دەیتوانی موڵکی کەسێک بێت یان مافی کەسێک بێت و ژنەکە خۆی هیچ مافێکی نەبوو، ژن لە زنجیرە پێگەی بنەماڵەییدا لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆکی بنەماڵەدا بووە بە ناوی "کەتەک خەتای" و "کەیخودا"وه، ئەم کەیخودایە دەیتوانی هەر کەسێک بێت لەوانە؛ باوک و هاوسەر و لە ئەگەری مردنی ئەواندا، جێگرەوەکەیان، سەرۆکی بنەماڵە دەسەڵاتێکی فراوانی هەبوو کە بە دەگمەن سنووردار دەکران و تەنانەت هەموو ئەو دیارییانەی کە هەندێک جار دەدرا بە ژن یان ئەو سەروەتەی کە ژن لە ڕێگەی کار و هەوڵدانی خۆیەوە دەستی خستبوو، هەمووی هی سەرۆکی خێزان بوو و ژن هیچ سوودێکی لە موڵک و ماڵی خۆی وەرنەدەگرت.

 

لە سیستمی بنەماڵەی سەردەمی ساسانیدا، ژمارەی هاوسەرگیری لە دەستی ژناندا نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە ماف و دەسەڵاته نەگۆڕەکانی پیاوان،  پیاوان هیچ سنوورێکیان بۆ چەند هاوسەری نەبوو و بەپێی توانای دارایی خۆیان ژنیان دەهێنا، ئەو پیاوانەی دەسەڵاتی دارایی و ئابووریی زۆریان هەبوو، دەیانتوانی ژمارەیەکی زۆر ژنیان هەبێت، لە سەردەمی ساسانیدا بەپێی یاسا دامەزراوەکانی ئەو سەردەمە، چەندین جۆری هاوسەرگیری هەبووه کە مێژوونووسان ئەم هاوسەرگیرییانە بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکەن:

 

پاشاژن و چەکرژن: ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە تایبەت بوو بە چینی ئەرستۆکرات و بەو مانایە بوو کە لە بنەماڵەی ئەرستۆکراتیدا دوو چین له ژنی هاوسەردار هەبوون، ئەو ژنەی پلەی یەکەمی هەبوو پێی دەوترا "پاشاژن" و ئەو ژنەی کە پلەی دووەمی هەبوو پێی دەوترا "چەکرژن"، هەرچەندە "پاشاژن" لە ڕووی ڕەچەڵەک و پێگەی بنەماڵەییەوە لە هەمان چین و توێژی هاوسەرەکەیدا بوو و بە خاتوونی کۆشک دادەنرا، بەڵام ماف هی پیاو بوو، "چەکرژن" خاڵی بەرامبەری "پاشاژن" بوو و لە بنەماڵەیەکی نزمتر و هەژارتر بوو کە زۆرتر خزمەتی دەکرد و یارمەتیی پاشاژنی دەدا، هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ ئەوەی پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ "پاشاژن"، ئەگینا هەتا کۆتایی ژیانی دەبوو کار بکات، پیاو ئەو ئەرکەی لەسەر نەبوو که وەکو پاشاژن تا کۆتایی تەمەنی چەکرژنەکەی بهێڵێتەوە یان منداڵی کچی ئەو لە ماڵەوە قبوڵ بکات.

 

هاوسەرگیریی بەقەرز: هاوسەرگیریی بەقەرز پێی دەوترێت هاوسەرگیری "عارییەتی" و بەو مانایە بوو کە ژنێکی هاوسەردار بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ پیاوێکی تردا دەژیا، له هاوسەرگیریی بەقەرزدا لە ڕووی یاسای ئەو سەردەمەوە تەنیا ڕەزامەندی هاوسەری یەکەم پێویست بوو بۆ ئەوەی ژنەکەی بە قەرز بداتە پیاوێکی تر بۆ ماوەیەک، لەم مامەڵەیەدا ژن مافی ئەوەی نەبوو پابەندبوونێکی لەو شێوەیە ڕەت بکاتەوە و تەنها وەکو کاڵایەک بوو کە دەکرا لە بەردەستی هەر کەسێکدا بێت، ئەوەی سەرنجڕاکێشترە ئەوەیە کە ئەو منداڵانەی کە ئەنجامی هاوسەرگیریی بەقەرز بوون، هی هاوسەری یەکەمی ژنەکە بوون و هاوسەری دووەمی ژنەکە کە بە باوکی ڕاستەقینەی منداڵەکان بوو، تەنیا تا ئەو کاتە چاودێری منداڵەکانی دەکرد که ماوەی هاوسەرگیریی بەقەرز کۆتایی نەهاتبوو، دوای بەسەرچوونی ماوەکە، ژنەکە و منداڵانی ئەنجامی هاوسەرگیرییه بەقەرزەکەی دەنارد بۆ ماڵی پیاوی یەکەم.

 

هاوسەرگیری لەگەڵ مەحرەمدا: کۆمەڵگەی ئێرانی کۆن بە بیانووی پاراستنی پاکیی ڕەگەز و خوێنی بنەماڵە، هاوسەرگیری لەگەڵ مەحرەمدا بە ڕێگەپێدراو دەزانی، پێیان وابوو هاوسەرگیری لەگەڵ مەحرەمدا گوناهی گەورە لادەبات، له یەکێک لە ئێرانییەکانی سەردەمی ئەنەوشیروان بەم شێوەیە دەگێڕنەوە: "دادپەروەریی تایبەتی ئیمانداران به ئاهوورامەزدا بە شێوەیەک جێبەجێ دەکرێت کە پیاو بۆی هەیە هاوسەرگیری لەگەڵ دایک و کچ و خوشکەکەی خۆیدا بکات".

 

تەڵاقدانی ژن لە سەردەمی ئێرانی کۆندا

 

لە ئێرانی کۆندا تەڵاق بەم مانایەی ئەمڕۆ بوونی نەبووە، لە ڕاستیدا ژن مافی تەڵاق وەرگرتنی نەبووە و کاتێک هاوسەرەکەی ئەوی نەدەویست، ڕێگەی پێدەدا که بە شێوەی سەربەخۆ خۆی بەڕێوە ببات، لەم حاڵەتەدا ژنەکە دەیتوانی، هاوسەری دووەم هەڵبژێرێت، بەڵام بە ژنێکی جیابووەوە هەژمار نەدەکرا، تەنیا ڕێگەی پێدەدرا هاوسەرگیرییەکی تر بکاتەوە، لە هاوسەرگیرییە نوێیەکەدا ژنەکە "خزمەتکاری" هاوسەرە نوێیەکەی بوو، ئەو منداڵانەی لە هاوسەرگیرییە نوێیەکەدا و لە ماوەی تەمەنی هاوسەری یەکەمیدا لەدایک دەبوون، هی هاوسەری یەکەم بوون، کەواتە ژنەکە لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی هاوسەری یەکەمدا دەمایەوە.

 

ژنان لە سەردەمی مەشرووتەدا

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ژنانی ئێران کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە پێکهات، داوای بەشداری کردن بوو لە بازاڕی کاری ئێران، بزووتنەوەی ژنان لە دوای شۆڕشی مەشرووتە، بە دامەزراندنی ڕێکخراو و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری جۆراوجۆر، بە جددی بەدواداچوونی بۆ ماف و ئازادیی ژنان دەکرد و داواکارییە سەرەکییەکانی لەسەر پەروەردە، کار و پیشه بۆ ژنان و چاکسازی لە یاسای بنەماڵەدا چڕکردەوە، تا ئەم قۆناغە ژنان لە بواری کشتوکاڵ، پیشەسازیی فەرش و ئاژەڵداری ئێراندا بە هێزی کاریی خۆڕایی خێزانی دادەنرا.

 

له کاتێکدا که ساڵی ١٩٥٠ بەشێکی بەرچاوی ئابووری ئێران لەسەر بنەمای کشتوکاڵ دامەزرابوو و زیاتر لە ٪٥٠ ی دانیشتوانی ئێران لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژیان، لەم بەستێنەدا ژنان لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، خۆراک و پیشەسازی ماڵەوەدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووی زاینییەوە ژنان بە حەقدەستێکی زۆر کەمەوە وەکو هێزی کاری ناشارەزا هاتنە ناو بازاڕی کاری ئێرانەوە.

 

لە سەردەمی پاشایەتی ڕەزاشادا ژنان مافی بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا نەبوو و یاسای مەشرووتە ژنانی لە مافی دەنگدانی لە ژنان و هەروەها شێت و کەمتەمەنەکان زەوت کردبوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەزاشادا، ناتوانین باس له هیچ نموونە و حاڵەتێک له بەشداری کردنی بەکۆمەڵی ژنان تەنانەت به شێوەی نافەرمیش بکەین، له بنەڕەتدا له ماوەی حکومەتی ڕەزاشادا، ژنان هەرگیز دەرفەتی بەشداری کردن له سیاسەت و هەڵبژاردنەکانیان بۆ نەدەڕەخسا، سەرەڕای ئەمە، بەشێک لە لایەنگرانی مەشرووتە وایان نیشان داوە کە لە سەردەمی ڕەزاخاندا، بەشداریی ڕوو له زیادبوونی ژنان لە چالاکییە نیشتمانییەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی که سەرەڕای نەبوونی مافی دەنگدان، وردە وردە ژنان وەکو ئەندامانی کۆمەڵگە ڕێزێکی تایبەت بەدەستبهێنن، لەگەڵ گەیشتنی ڕەزاشا به دەسەڵات و بانگەشەی ئەو بۆ مۆدێرن کردنی ئێران، گۆڕانکاری زۆر له بارودۆخی ژناندا ڕوویدا، سەرەڕای ئەوە ڕەزاشا نەک هەر بەرگەی  ژینگەی دیموکراتیکی نەدەکرد بەڵکوو نەیدەتوانی ڕێکخراوە سەربەخۆکان لەوانە ڕێکخراوەکانی ژنان قبوڵ بکات، هەر بۆیەش، بەهۆی داخراویی ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان لە ژێر گوشار و سەرکوتدا ناچار به پاشەکشە کرابوون.

 

حکومەتی پەهلەوی هەوڵی دەدا ژن وەکو هێمای مۆدێرنیزاسیۆن بەکاربهێنێت

 

ڕەزاشا لابردنی حیجابی ژنانی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنا و محەمەدڕەزایش نەیدەتوانی بەبێ ئەوەی مافی بەشداری سیاسییان پێبدات، بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی بە کاریان بهێنێت. هەر بۆیەش هەرچەندە ژنان مافی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان و هەروەها هەڵبژێردران بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی پیرانیان لە ساڵی ١٩٦٢ بەدەستهێنا، بەڵام ئەمە تەنها بووە هۆی ئەوەی که بەشێک لە ژنانی چینی باڵا و تایبەتی کۆمەڵگە بتوانن هەندێک پێگە و پۆستی سیاسی بەدەست بهێنن و ڕژێمیش لە بوونی ئەم ژمارە کەمەی ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندا، دەرفەتێکی گونجاوی بۆبانگەشەی یەکسانیی مافی ژن و پیاو، بەڵام ئامانجی سەرەکیی پێدانی مافی دەنگدان بە ژنان، کە ڕەخساندنی بەستێنی گونجاوە بۆ بەشداری کردنی هەموو ژنان، هەرگیز ڕووی نەدا.

 

لە چلەکانی هەتاویدا، دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی محەممەدڕەزا له بواری بەڕێوەبەرایەتیدا، پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژیای شارستانییەتی مەزنیش کەوته ناو پلانی کاری پەهلەوییەوە، ئەم پڕوپاگەندەیە کە بە شێوەیەکی جددی بزووتنەوەکانی ژنانی دەگرتەوە، ڕێبازی پەهلەویی یەکەمی گرتەبەر کە بریتی بوو لە دروست کردنی ڕێکخراوێکی دەستەمۆی حکومەت بۆ گونجاندنی ژنان لە ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆندا وەکو سیاسەتێکی فەرمی و بە کردەوە، بە مەبەستی ئاراستەپێدان به بەشداریی ژنان لە کۆمەڵگەدا و بونیاتنانی هاوڵاتییانی بەوەفا بۆ دەسەڵاتی پاشایەتیی خۆیان.

 

لەگەڵ دەستپێکی سەردەمی پەهلەویی محەممەدڕەزاشادا و دوای کودەتاکەی ٢٨ی گەلاوێژ، شا دەستی کرد بە سەرکوت کردنی هەموو ئۆپۆزسیۆنەکان، لەوانه ڕێکخراوەکانی ژنان، پاش ئەو سەرکوت کردنه، زۆربەی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر به حکومەت درێژەیان به ژیانی ناسەربەخۆی خۆیان دا، لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی سەردەمی پەهلەوی لە بناغەکەیدا پیاوسالاری مایەوە و ژنان تەنیا لە بەشێکی کەمی بواری گشتیدا بەشدارییان هەبوو: لەوانە مامۆستایانی قوتابخانەکانی کچان و ژمارەیەکی کەم پزیشک و مامان و پەرستار.

هەرچەندە لە سەردەمی ڕژێمی پەهلەویدا حکومەت ڕێگەی بە پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان نەدەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنان له هەموو دەرفەتێک یان لاوازییەکی حکومەتی کەڵکیان وەردەگرت بۆ چاکسازی لە بواری یاسایی خۆیاندا.

 

لە ساڵانی کۆتایی دەسەڵاتی پەهلەویدا نزیکەی ٪١٣ی ژنان لە بازاڕی کاری ئێراندا کاریان دەکرد، ٪٨٧ ی گوندەکانی ئێران قوتابخانەیان نەبوو و تەنیا ٪١ ی گوندەکانی ئێران بنکەی تەندروستییان هەبوو، حکومەت دامەزراوەیەک بوو بۆ خزمەت به بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان و چینی باڵادەست لە کۆمەڵگەی ئێراندا، گەشەسەندنی نایەکسان و وابەستە بە نەوت، چاکسازییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕەخساند بۆ دامەزراندنی کەمینەیەکی ژنانی شارنشین که هاوکات هەندێک سوودی بۆ ژنانی کرێکاریش هەبوو.

 

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووی هەتاویدا خاوەنکارەکان ناچار کران پشووی تایبەت به منداڵهێنان بدەن به ژنان، هەروەها ئەگەر زیاتر له ده ژنی منداڵدار له شوێنی کاردا هەبوایه، ئەوا خاوەنکار ناچار دەکرا باخچەیەک له شوێنی کاردا دروست بکات، ئەمه له له کاتێکدایه که تەنیا کەمینەیەکی ژنان له چاکسازییەکانی شا سودمەند بوون و زۆربەی ژنانی نەریتخوازی چینی ناوەڕاست له دۆخێکی پڕ لە ئازاردا بوون و تووشی ململانێی نێوان بەها نەریتی-ئاینییەکانی خێزان و بەهاکانی مۆدێرنیتە بوو بوون.

 

زۆرێک لە ژنانی چینی کرێکار سوودمەند نەبوون لە مۆدێرنیتە و وەکو هێزی کاری هەرزان له بەردەم چەوساندنەوەدا بوون، گۆڕانکاریی بنەڕەتی بۆ یەکسانی جێندەری ڕووی نەدا و حکومەت بەردەوام بوو لە پاراستنی شەرعیەتی خۆی بە پشتبەستن بەو خزمەتانەی دەیکرد به ئایدۆلۆژیای جێندەری ئایینی، هەرچەندە لە سەردەمی ڕژێمی پەهلەویدا هەندێک گۆڕانکاری لە هەلومەرج و فۆرمەکانی ژێردەستەیی ژناندا ڕوویدا، بەڵام شوناسی ڕەگەزی لەسەر بنەمای نەریتی ئیسلامی، پاراستنی پلەبەندی جێندەری، دابەش کردنی کار بەپێی جێندەر و هاوڵاتی بوونی ژنان هێشتا بەردەوام بوو.

 

محەممەدڕەزا شا، لەگەڵ هەموو بانگەشەکانی سەبارەت بە یەکسانی ژنان و پیاوان، لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا نیشان دەدات کە هیچ باوەڕێکی بە توانای ژنان نییە و دەڵێت: هەرچەندە ژنان لە ڕووی یاساییەوە لەگەڵ پیاوان یەکسانن، بەڵام لە ڕووی تواناوە یەکسان نین.