ژنانی ئێران لەدوای جیابوونەوە ڕووبەرووی بەربەستی کۆمەڵگە دەبنەوە

ئەو ژنانەی لە ئیران لە هاوسەرەکانیان جیادەبنەوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەیانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر بە تەنها بژین، چونکە ڕووبەڕووی بەربەست دەبنەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە کە ڕێگرییان لێدەکات بچنە ناو بازاڕی کار یان هەر جۆرە چالاکییەکی دەرەکی ئەنجام بدەن.

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی جیابوونەوەی تێدایە لە جیهاندا، بەڵام جیابوونەوە کێشەیەکی جیهانییە کە هەڕەشە لە بناغەی خێزان دەکات، چونکە چەندین دەرئەنجامی ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و جەستەیی هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە پەناگە و سەربەخۆییان نییە، ئەم دەرئەنجامانە زیاتر دەبن و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە زیان و لادانێکی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

 

دوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەی، ژن هەوڵدەدات باوەڕەکانی بەهێز بکات و هناسنامەیەکی نوێ بۆ خۆی دروست بکات بۆ ئەوەی پشت بە خۆی و گەشەی کەسی ببەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە بەردەوامەکان، خێزان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە خۆگونجاندنی ژنان بۆ ژیان دوای جیابوونەوە بە دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی و ماددی و ئاسایش بۆیان.

 

"گرژییەکان لە دادگا و گوێگرتن لە قسەکانی خەڵک لە ناخەوە لەناویان بردم"

"ناهید،م"  تەمەن ٣٣ ساڵ لەمەوبەر دەربارەی هاوژینەکەی وتی: دوای منداڵبوونم لە هاوژینەکەم جیابوومەوە و لە دۆخێکی دەروونی باشدا نەبووم، گرژییەکان لە دادگا و گوێگرتن لە قسەکانی خەڵک لە ناخەوە لەناویان بردم و ئەگەر خێزانەکەم نەبووایە، ئێستا نەمدەتوانی ژیانێکی ئاسایی بژیم، چونکە پشتگیری دەروونی و ماددییان بۆ دابین کردم و یارمەتییان دام.

 

لە لایەکی دیکەوە، "بریا.د" تەمەن ٣٥ ساڵ و دەرچووی زانستی کۆمپیوتەر دەربارەی ئەزموونی خۆی دوای جیابوونەوەکەی وتی: یەکێک لە هۆکارە زالەکان بەسەر ماوەی جیابوونەوەکەدا بوونی پەیوەندییەکانی یارمەتیدانی ژنانە، من تەنها کەس نەبووم کە ئەم ئەزموونە تاڵەم تێپەڕاند، بینینی ئەو ژنانەی کە دەتوانن بەردەوام بن لە ژیانێکی سەرکەوتووتر لە جاران، وای لێکردم داهاتووی خۆم ببینم، چونکە هەموومان وەک یەک بووین و دەتوانم سوود لە ئەزموونەکانیان ببینم بۆ باشترکردنی بارودۆخەکەم.

 

"کولتوورو کۆمەلگە دەرفەتی ژیانێکی سەربەخۆ بە ژنان نادات"

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار بەهۆی ئەو باوەڕ و بەها هەڵانەی کە لە کولتوورێک یان کۆمەڵگەیەکدا زاڵن، ژنان دەرفەتی ئەوەیان نییە دوای جیابوونەوە ژیانێکی سەربەخۆ بژین، لە ڕاستیدا زۆربەی ژنان لەو بارودۆخەدا ڕووبەڕووی شێوەکانی فشاری کۆمەڵایەتی و پەراوێزخستن و کاردانەوەی بێزارکەر دەبنەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە، لەو حاڵەتانەدا ژنان هەستی نەرێنییان بەرامبەر خۆیان هەیە و هەست بە بێ نرخ یان بێڕێزی دەکەن.