ژنانی ئەرمەن: دەبێت فرەچەشنی ئێمە ببێتە هێز و هاوکاریی گەلان
ژنانی ئەرمەن بەرامبەر بە هەوڵەکانی دروستکردنی زمانی ڕق و کینە کاردانەوەیان نواند و بانگەوازیان بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کرد بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.
ڕۆنیدا حاجى
حەسەکە – شاری حەسەکە بە پێکهاتە جیاوازەکانی و ژیانی هاوبەشی گەلانەکەی ناسراوە، کورد، عەرەب، ئەرمەن و سووریان چەندین ساڵە لەم ناوچەیەدا لەگەڵ یەکتر بە کولتوور، زمان، ئایین و نەریتەکانی خۆیان دەژین، بەڵام لەم دواییانەدا، هەندێک بازنە هەوڵ دەدەن زمانی ڕق و کینە و دەنگۆ لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست بکەن، لەم بارەیەوە ژنانی ئەرمەن هۆشدارییان دا و ڕایانگەیاند کە ئەوان دژی هاندان بۆ ڕق و کینە، توندوتیژی و دروستکردنی دەنگۆ.
”دەبێت فرچەشنی ئێمە ببێتە هێزی ئێمە، نەک هۆکاری دوژمنایەتی”
سیلدا سیمۆن دەستنیشانی کرد، کە گهلانی جزیرە، لە ئایین، مەزهەب، نەتەوە و کولتووری جیاوازەوەن، بە نەوەکان بەیەکەوە دەژین و وتی: ئەوان هەمیشە بانگەواز بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ژیانی هاوبەش دەکەن، زمانی ڕق و کینە و جیاکاری دەبێت لە کۆمەڵگەدا جێگەی نەبێتەوە، ئێمە وەک گەلی جزیرە، موسڵمان و مەسیحی، لە هەموو مەزهەب و نەتەوە و کولتوورێک بە نەوەکان بەیەکەوە دەژین، ئێمە ئەم ژیانە هاوبەشەمان لەسەر بنەمای خۆشەویستی، لێبوردەیی و هاوکاری بونیادنانناوە، هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە زمانی ڕق و کینە، دەنگۆ و جیاکاری ڕەت دەکەینەوە.
سیلدا جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ژیانی هاوبەش، بەرپرسیارێتیی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە و ژنان، خێزان، قوتابخانەکان، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و حیزبە سیاسییەکان دەبێت لەم بابەتەدا هاوکار بن، وتی: دەبێت ئێمە بەیەکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی نەوەی نوێ لە دژی زمانی ڕق و کینە هۆشیار بکەینەوە، قبووڵکردن و ڕێزگرتن لە یەکتر بەهێز بکرێت، دەبێت ئێمە جیاوازییەکانمان و فرەچەشنی خۆمان وەک سەرچاوەی هێز و یەکێتی ببینین، نەک وەک هۆکاری دوژمنایەتی.
’خەبات دژی دەنگۆ بە هۆشیارکردنەوە و هاوکاریی گەل دێتەدی”
فەیروز عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەنگۆ و زمانی ڕق و کینە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە هەیە و وتی: گهلانی ناوچەکە لە کاتە جیاوازەکاندا یارمەتیی یەکتریان داوە، پشتگیرییان لە یەکتر کردووە و ڕێزیان لە دابوونەریت و ئایینزاکانی یەکتر گرتووە.
فەیروز ڕوونیکردەوە، کە شاری حەسەکە بە پێکهاتە جیاوازەکانی و فرەچەشنی خۆی ناسراوە و گەلەکەی لە مێژە بەیەکەوە دەژین، وتی: ئێمە وەک پێکهاتەی ئەرمەن، بانگەواز بۆ هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ڕاگرتنی دەنگۆ و هاندان دەکەین، چونکە ئەم ڕەفتارانە لەگەڵ بەهای ژیانی هاوبەشی گەلانی ناوچەکەدا یەکگرتوو نین.
لەکۆتایی قسەکانیدا فەیروز عەبدوڵا تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکێتیی گەل و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و وتی: ڕێگەی سەرەکی بۆ ڕاگرتنی دەنگۆ و هاندان، بەهێزکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و هاوکاریی گەلانە.