ژنانی ئاوارە ماددەی کیمیایی بۆ گەرمکردنەوە دەسووتێنن و زیانی بۆ کۆئەندامی هەناسەیان هەیە

زیانەکانی دووکەڵ و گازەکان بەهۆی سووتانی ماددەی گەرمکەرەوەی جێگرەوە هەڕەشە لە تەندروستی ژنانی ئاوارە و منداڵەکانیان دەکات بەتایبەتی تەندروستی کۆئەندامی هەناسەدان.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب-لەگەڵ چڕبوونەوەی شەپۆلەکانی سەرما و ساردی ئەمساڵ، ژنانی ئاوارە لە ئیدلیب ناتوانن سووتەمەنی گەرمکەرەوە بەدەست بهێنن بەهۆی هەژاری و خراپی ئامرازە داراییەکانەوە، ئەمەش وادەکات بەدوای جێگرەوەکاندا بگەڕێن وەک کۆکردنەوەی پاشەڕۆی کارتۆن و پلاستیک و نایلۆن.

 

حەیات ئەلجەدوعی تەمەن ٣٥ ساڵ وتی: نرخی سووتەمەنی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا بەرزە، بەهۆی ئەو هەژارییەوە کە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار بەردەوام لەگەڵماندایە، بۆیە پشتم بە داگیرساندنی ماددە زیانبەخشەکانی وەک کارتۆن و پلاستیک و نایلۆن و پاشماوەکانی پاشەڕۆ بەستووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوایین ئاوارەبوونی لە گوندی حاس لە باشووری ئیدلیب ٥ ساڵی لە کامپەکە بەسەر بردووە و هەموو ساڵێک زستان خراپتر دەبێت لەوەی پێشوو، چونکە هیچ پێشکەوتنێکی ئەرێنی نییە جگە لە زیادبوونی هەژاری و بەرزی نرخ و پێداویستی.

 

ڕەبۆیان هەیەو ناچارن ماددەی پلاستیکی بۆ گەرمکردنەوە بسوتێنن

ڕانا بەکۆر، ژنێکی ئاوارەی تەمەن ٣٧ ساڵ، چوار منداڵی هەیە کە نەخۆشی ڕەبۆی درێژخایەنیان هەیە، ناچارە ماددەی زیانبەخش بسوتێنێت بۆ خۆگەرمکردنەوە لە زستاندا، وەک پلاستیک و پاشماوەی دیکە، ئەمەش منداڵان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و هەموو جارێک بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکان دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، ئاگاداری ئەو زیانانە بووە کە لەسەر تەندروستی و منداڵەکانی هەبووە، بەڵام هیچ ڕێگایەکی دیکەی نەدۆزیوەتەوە بۆ هێنانی هەندێک گەرمی بۆ چادرە ساردەکەی لە چیاکانی کالی لە باکووری سووریا.

 

"ماددەی گەرمکردنی ناتەندروست دەبێتە هۆی گازی ژەهراوی"

هەنادی ئەلتەعمە، پزیشکی منداڵان هۆشداری دەدات دژی بەکارهێنانی ماددەی گەرمکردنی ناتەندروست کە دەبێتە هۆی گازی ژەهراوی و دووکەڵ لەسەر تەندروستی کۆئەندامی هەناسەدان بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی کە نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە، هەروەها ئەو نەخۆشییانەی پەیوەندییان بە هاتنی زستانەوە هەیە، لەوانە هەڵامەت، هەوکردن، و هەوکردنی سییەکان.

 

ڕێکخەرانی وەڵامدانەوەی سوریا ئاماژەیان بەوەکردووە، ترسیان لەوە هەیە گیان لەدەستدانی منداڵان و بەساڵاچووان بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرماوە تۆماربکرێت، تیمەکە هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لەناو ئاوارەکاندا، بەتایبەتی لەناو منداڵان و بەتەمەنەکاندا، لە ئەنجامی پشتبەستن بە ماددە گەرمکەرەوە نەگونجاوەکان وەک پلاستیک و ماددەکان.