ژنانی سودان کوشتنە ترسناکییەکان بە ئاگری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگێڕنەوە
ژنانی سودان کارەساتێکی مرۆیی کە خەڵکی مەدەنی لە نێوان ململانێکان و پەرەسەندنی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە ماڵەکان دەبنە ئامانج و خەڵکی مەدەنی هیچ بژاردەیەکیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە چاوەڕوانی، ئاشکرا دەکەن.
میرڤەت عەبدولقادر
سودان- ململانێی سودان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزترەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی لەسەر زەوی گۆڕا بۆ شەڕی خۆکوژی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی – شەڕێک کە دواجار باجەکەی لەلایەن خەڵکی سودانەوە دەدرێت، ئێستا هێرشەکان ژێرخانی مەدەنی گرنگ وەک نەخۆشخانە و کارگە و قوتابخانەکان دەکەنە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی ڕاستەوخۆ ماڵەکان دەکەنە ئامانج بە ئامانجی ئاوارەکردنی دانیشتووان و بەتاڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی دانیشتووانیان.
لە کاتێکدا، شەڕەکە دەچێتە ساڵی چوارەمی خۆیەوە، خەمڵاندنە جیاوازەکان باس لە دەیان هەزار زیانبەرکەوتوو دەکەن، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی کوژراوانی ٢٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوون و پەنابەری ملیۆنان سودانی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، بارودۆخی مرۆیی بە ئاستێک خراپتر بووە کە برسێتی گەیشتووەتە ناوچە بەرفراوانەکانی دارفور و کۆردۆفان و وێنەکە دووهێندەتر تاریکتر کردووە و ئازاری خەڵکی مەدەنی زیاتر کردووە لە نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەر.
شاری ئەبیەز... لە نێوان فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان و باڵەخانە سووتاوەکاندا
لە شاری ئەبیەز پایتەختی پارێزگای کۆردۆفانی باکوور، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک بارانێکی بێوچان بەسەر ماڵی خەڵکەکەیدا دەبارێت، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانیان تێکشکاندووە و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیان سووتاندووە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان کۆشتووە و خەڵکی دیکەش ئاوارەبوون.
لە دیمەنێکدا، کە گەورەیی کارەساتەکە لەخۆدەگرێت، بەدور موسا لە شاری ئەبیەز لەسەر داروپەردووی ماڵەکەی وەستابوو، کە بەهۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی خۆکوژەوە بووە ئامانج، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شارەکە شاهیدی زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و ماڵەکەی و ماڵی چەند دانیشتووانی دیکەی گەڕەکەکەی وێرانکردووە و سێ منداڵی دراوسێکانیشی کوشتووە.
باس لە دۆخی ماڵەکەی و ئەندامانی خێزانەکەی دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە مانەوەیان تەنها بەڕێکەوت بووە، بەو پێیەی پەلەکردنیان لە دەرچوونیان لە ماڵەکە و هەوڵە خێراکانیان بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکان ڕێگریان لێکردوون کە ببنە زیانبەرکەوتووی ئەو هێرشانە، وتی: هێرشەکان گەڕەکی "الموظفين" "کارمەندان"یان کردۆتە ئامانج، کە یەکێکە لە چڕترین گەڕەکەکانی شارەکە.
ئەمەش بە هەوڵێکی ڕوون دەزانێت بۆ ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنی و دروستکردنی کەشوهەوای تیرۆر، کە دانیشتووان ناچار دەکات ماڵەکانیان جێبهێڵن، داوای دەستوەردان دەکات بۆ پاراستنیان لەو هێرشانەی کە ماڵەکانیان سووتاندووە و ئەوان و منداڵەکانیان بێ ماڵ و حاڵ بوون لە ژێر گەمارۆی شارەکەدا لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە.
ئەروا مەنسوور،منداڵێکی کچ لە گەڕەکێکی شاری ئەبیەز دەژی و لە هێرشەکەدا کە ماوەیەک لەمەوبەر بەر ماڵی خێزانەکەی کەوتبوو، پارچەی مووشەکی لەناو جەستە بچووکەکەیدایە کە بەردەوامە لە جووڵە، خێزانەکەیشی بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئابوورییەوە توانای چارەسەرکردنیان نییە.
دایکی ئەروا ئامادەنەبوو لەبەردەم کامێرادا دەربکەوێت، ترسی ئەوەی هەبوو ئەگەر هەوڵی جێهێشتنی شارەکەی بدات تۆڵەی لێبکرێتەوە، بە دەنگێکی پڕ لە ئازار و وریایی قسەی کرد و وتی: فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ڕاستەوخۆ کەوتۆتە ناو ماڵەکەیانەوە و دەستبەجێ هاوژینەکەی کوژراوە و کچەکەی بە پارچەی مووشک بریندار کردووە کە لە جەستەیدا جێگیر بووە، لەم نێوەندەدا ئەروا بەدەوری خۆیدا دەجووڵێت، بێ ئاگا لە مەترسییەکانی سەر ژیانی.
چەندین ڕێکخراوی ناوخۆیی لەوان گروپی پارێزەرانی فریاگوزاری ڕاستەوخۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرایان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، ئەوان ڕایانگەیاندووە، دواتر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کاتی کاروانی پرسە بۆ زیانبەرکەوتووانی هێرشی سەرەتایی لە گۆڕستانی دەلیل کۆبوونەوەی خەڵکی مەدەنی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان شەرمەزارکردنی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە سودان کرد، کە هێرشەکانی لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە هەزار خەڵکی مەدەنی کوشتووە.
هێرشەکانی سەر ئەبیەز لە کاتێکدایە کە توندوتیژییەکان لە ناوچەی کۆردۆفان پەرەی سەندووە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەو ناوچەیە بووەتە یەکێک لە چالاکترین مەیدانەکانی شەڕ بەهۆی ئەو شوێنە ستراتیژییەی کە کۆردۆفان و دارفور بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە بێهیواییەوە هەوڵی گرتنی ئابیەز دەدەن و بچنە ناو شاری بارا کە ڕێگاکەی کۆردۆفان بە ئۆمدورمان پایتەخت و خەرتومەوە دەبەستێتەوە.
بە ئامانجگرتنی ژێرخانی گرنگ: پارێزگای نیلی سپی لە ناوەڕاستی سودان لە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕزگاری نەبووە، لەم ماوەیەدا، چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە تایبەتی لە شارەکانی کۆستی و تێندێلتی هێرشیان کردووە و وێستگەکانی سووتەمەنی و کارەبایان کردۆتە ئامانج و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک تەواوی پارێزگاکە بێ کارەبا ماوەتەوە، هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ژێرخانی گرنگ و بەشەناوخۆیییەکی خوێندکارانیان لە شاری کۆستی کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ خوێندکار گیانیان لەدەستدا و حەوت خوێندکاری دیکەش برینداربوون.
لە ئۆمدورمان کە گەورەترین شاری پارێزگای خەرتومە، پەرەسەندنێکی بەرچاو لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕوویداوە، فڕۆکەخانەی خەرتوم و وێستگەکانی کارەبا و پردەکان کراونەتە ئامانج، گروپی پارێزەرانی فریاکەوتن کوژرانی پێنج مەدەنی لە گوندەکانی باشووری ئۆمدورمان بەڵگەدار کردووە کاتێک ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کراوەتە ئامانج، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی مەدەنی و بەئامانجکردنیان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، ئینتیسار ئەحمەد عەبدول عەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و پێشێلکارییەکانی یاسای نیشتمانی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، دەرەنجامەکانی پێنجەمین ڕاپۆرتی کاتی کۆمیسیۆنی ئاشکرا کرد.
کۆمیسیۆنەکە ٢٢٠٠ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ١٤هەزار ٩٩٩ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ٣٠هەزار ٩٧١ کوشتن و ٤٤هەزار ٦١٧ برینداری بە توندی جیاواز بەڵگەدار کردووە.
کۆمیسیۆن هەروەها تۆمارکردنی ١٤٩ هەزار و ٨٦٠ دۆسیەی تاوانکاریی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی سەردەمی شەڕ و پێکدادانەکانی ڕاگەیاند، کە ٣٨٥ دۆسیەیان لە دژی ئەندامانی هێزەکانی ڕژێمە کە پارێزبەندییان هەڵگیراوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەو زیانانەی لە ئەنجامی لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەکان و دامەزراوە گشتییەکان نزیکەی ٧٧١ ملیار دۆلار بووە، کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو وێرانکارییە ڕەنگدەداتەوە کە بەسەر کەرتەکانی گواستنەوە و وزە و پەیوەندییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا هاتووە.