ژنانی ناو کامپی باریکە کاری فۆتۆگرافەری دەکەن

لەپێناو دەرخستنی سەختی ژیانی ناو کامپی ئاوارەکان، ژنانی ناو کامپەکە دەیانەوێت لە ڕێگای وێنەوە ئازار و سەختی ژیانیان دەرخەن، بۆ ئەم مەبەستەش نەرمین و فاتمە دوو ژنن دەستیان داوەتە کاری فۆتۆگرافی.

لەپێناو دەرخستنی سەختی ژیانی ناو کامپی ئاوارەکان، ژنانی ناو کامپەکە دەیانەوێت لە ڕێگای وێنەوە ئازار و سەختی ژیانیان دەرخەن، بۆ ئەم مەبەستەش نەرمین و فاتمە دوو ژنن دەستیان داوەتە کاری فۆتۆگرافی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لەگەڵ ئەوەی ژیانکردن لەناو کەمپدا قورسای خۆی هەیە، ئاوارەکان بەردەوام لە ژێر فشاری سەختی ژیانیاندا ژیان بەڕێدەکەن، بەڵام ژنانی ناو کەمپەکان هەمیشە هیوایان بە ژیان هەیە و بە ئومێدەوە بەرەو ژیان هەنگاو دەنێن.

لە کامپی باریکەی شاری سلێمانی کە تایبەتە بە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان چەندین ژن هەوڵی دۆزینەوەی بەهرەکانی خۆیان داوە، لە نێویاندا "نەرمین و فاتمە" دوو ژنی فۆتۆگرافەرن، لەو ماوەیەی لەناو کەمپەکاندا ژیانیان بەسەربردووە خۆیان فێری کاری فۆتۆگرافی کردووە لە ئێستادا خاوەنی ئەو بەهرەیەن بە جۆرێک بەشدارییان لە پێشانگای فێستیڤاڵی "گرتەیەک لە نیشتیمان" کردووە کە ئەمڕۆ لە گەلەری ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

 

وێنەکانی نەرمین گوزارشت لە سەختی ژیانی پەنابەران دەکات

نەرمین ئەحمەد، پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کامپی باریکەی شاری سلێمانی دادەنیشێت، باس لە کار و وێنەکانی دەکات و دەڵێت: "ماوەی دوو ساڵە کاری وێنەگرتن دەکەم، وێنە لەناو کامپ و دەرەوەی کامپیش دەگرم، ژیانی پەنابەران زۆر سەختە و کاردەکەم بۆ نیشاندانی قورسای ژیانی کامپ نشینەکان کە هێشتا هیوایان بە ژیان هەیە.

نەرمین بە سێ وێنە بەشداری لەو پێشەنگایەدا کردبوو وێنەکانی باسیان لە سەختی ژیانی پەنابەرێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرد کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی ٤٠ ساڵە بینایی چاوەکانی لەدەستداوە، نەرمین بۆ جاری دووەمە بە کارەکانی بەشداری لە ڤیستیڤاڵی فۆتۆگرافەریدا دەکات.

 

ئەو فۆتۆگرافەرە پلانی هەیە لە داهاتوودا ژیانی هاوڵاتیانی ناو کامپی باریکە لە ڕێگەی وێنەوە بکاتە چیرۆکێک و نیشانی تاک بە تاکی گەلی کوردی بدات، داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە هانای خەڵکی ناو کامپەکانەوە بچن، چونکە خێزان هەیە لە ١٠ کەس پێکدێن و یەک کەسیان کاردەکات، توانای کڕینی کیلۆیەک برنجیان نییە لە کاتێکدا لەلایەن حکومەتەوە بڕی خۆراکی مانگانەی پەنابەران بڕاوە.

 

"خەونی من گەیاندنی خەمی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە"

فاتمە ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لە ژنانی ئاوارەی کامپی باریکەی شاری سلێمانی و باس لەوە دەکات ئاوارەکان ژیانیان سەختە و کەس بە هانایانەوە نایەت، دەشڵێت "خەونی سەرەکی من دەرخستنی خەم و ئازاری پەنابەران بووە لە وێنەیەکدا".

 

ت.پ