ژنانی حەسەکە: دەمانەوێت چارەسەرییەک بۆ کێشەی ئاو بدۆزرێتەوە

ژنانی شاری حەسەکە گلەیی لە بڕینی ئاوی هاوڵاتیان دەکەن و جەختیان کردەوە کە بڕینی ئاو زیانی زۆر بە تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان دەگەیەنێت، داواشیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد، کە ڕێگا نەدەن دەوڵەتی تورکیا ئاو وەک چەکێک لە دژی خەڵکی هەرێمەکە بەکاربهێنێت.

 

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە- وێستگەی ئیلۆک ئاو بۆ شاری حەسکە-باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ناوچەی تل تەمیر، هەرێمەکانی باشوری شاری حەسەنە وەک هۆل، ئێریشا، شەداد و کامپەکانی ناوچەکە وەک کامپی ئێریشا، هۆڵ، وەشۆکانی و سەرێکانی دابین دابین دەکات، بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بە ملیۆنان مرۆڤ و سروشت و منداڵ زیانیان بەرکەوتووە و دانیشتوانی شاری حەسەکەش لە ئاوی خواردنەوە بێبەش کراون، ژنانی حەسەکە دەربارەی بڕینی ئاوی شارەکە بۆ ژنها دووان.

 

"ئاو بڕین تاوانە لە دژی پێوانەکانی مرۆڤایەتی"

شوکریە سەعیدبەی تەمەن ٥١ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی تیل هەجەری شاری حەسەکەیە، ئیدانەی بڕینی ئاو دەکات و دەڵێت: بڕینی ئاو لە دانیشتوانی حەسەکە، واتای بڕینی ژیانە لێیان، ژیان بێ هەموو شتێک دەبێت، بەڵام بێ ئاو نابێت، سروشت و ژینگە و خەڵک پێویستیان بە ئاو هەیە، بڕینی ئاو تاوانێکە بەرامبەر بە پێوانەکانی مرۆڤایەتی، لەو کاتەوەی دەوڵەتی تورک وێستگەی ئێلۆک-ی داگیرکردووە، دانیشتووانی حەسەکە و کۆچبەرەکان بێ ئاو بوون، هەموو جارێک ئاومان لێدەبڕێت و کەس دەنگ ناکات، دەبێت چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە، دەوڵەتی تورکیا دەڵێت ئاو بەردەدەمەوە و بەڵام بەڵێنەکەی جێبەجێ ناکات، بۆیە ئێمە چارەسەرییەکی جدیمان دەوێت.

 

"بڕینی ئاو تەندروستی منداڵەکانمان دەخاتە مەترسییەوە"

نازۆ خەلۆی ٨١ ساڵ، جەختی کردەوە لەوە ی بڕینی ئاوی ئیلۆک زیانی زۆر بە تەندروستی منداڵان دەگەیەنێت و وتی: ماوەی مانگ و نیوێکە ئاوی ئیلۆکمان بۆ نەهاتووە، ئاومان دەکردە دەبەکانەوە، بەڵام پاک نییە، نازانین سەرچاوەی ئەم ئاوە لە کوێوەیە، لەو کاتەوەی ئەو ئاوە بەکاردەهێنین منداڵەکانمان نەخۆش کەوتوون و نەخۆشخانەکان پڕن.

 

نازۆ وتیشی: ڕۆژانە ئاو بە ١٠ هەزار پەیدا دەکەین، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت ئەو پارەیە بدات، ئەمە ڕەوشتی مرۆڤایەتی نییە، تەمەنم ٨١ ساڵە و جاری یەکەمە ببینم ئاو بەسەر خەڵکدا ببڕێت.

 

ت.پ