ژنانی باشووری کوردستان لە پێناو مانەوەیان لە ژیاندا، لە دژی توندوتیژییەکان تێکۆشان دەکەن

ژنان کۆڵ نادەن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان و دەڵێن: ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکارە بۆ کوشتنمان، سوڵحی عەشایەری ڕێژەی کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوان زیاد دەکات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ ژنان بەردەوام لە ڕێگەی کۆمەڵگە و ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە توندوتیژی جەستەیی و دەروونیان بەرامبەر دەکرێت، ڕۆژانە لە جیهاندا لە ٢٣ کاتژمێردا ٧ ژن نزیک دەبنەوە لە کوشتن، لە هەر دوو خولەکێکدا ژنێک لە سەرانسەری جیهان دەکوژرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ژنانی هەرێمی کوردستان بەدەر نین لەو توندوتیژیانەی لە جیهاندا ڕوودەدات، ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و مەزهەبگەرایی دەبنەوە، لە ڕێگەی هێرشەکان بۆسەر ژنان، هەمووارکردنەوەی یاساکان دژ بە ژنان و بە کاڵاکردنیان، دەسەڵاتی سەرمایەداری و توندوتیژییە ئەلکترۆنیەکان بەردەوام ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، هەروەها کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەفدا دووبارە توندوتیژییەکی دیکەیە بۆسەر ژنان.  

 

"هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا هۆکاری کوشتنی ژنان زیاد دەکات"

سەوسەن بابەکر مەجید، سکرتێری ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون دەکات، وتی: زیادبوونی توندوتیژییەکان بۆسەر ژنان بۆ ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەگەڕێتەوە، لە ناویاندا هاوسەرگیری پێشوەختە هۆکارێکی دیکەیە، کاتێک لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت دەبێتە هۆکاری زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە کۆمەڵگەدا، سەرەڕای فراوان بونی کۆمەڵگە و بەردەوامی بڵاوبوونەوەی هۆشیارییەکانی ئەرک و ماف بەڵام کوشتنەکانی ژنان بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە و چاوداخستن لە مافەکانی ژنان، لە نێوان هاوژیناندا پیاوان لە ڕێگەی چەسپاندنی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە توندوتیژی بەرامبەر خێزانی دەکات، هەروەها هەبوونی ئەو ئەقڵیەتەی کۆمەڵگە، ڕێگە خۆشکەرە بۆ کوشتنی ژنان و ناچار بە خۆکوشتنیان دەکات، هەروەها کوشتنی ژنان لەژێر ناونیشانی شەرەفدا کێشەیەکی دیکەی کۆمەڵگەیە و تاوانباران ناگەن بە سزای خۆیان، کاتێک ژنێک دەکوژرێت لە لایەن خێزانەکانیانەوە پەردەپۆش دەکرێت و چەندین تۆمەت دەدرێتە پاڵ کوژراو تا بکوژ نەگات بە سزای خۆی.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، پەنابردن بۆ سوڵحی عەشایەری لە کاتی کوشتنی ژنان ڕێگە چارەسەر نییە، بەڵکو ڕێگە خۆشکەرە بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان، وتی: هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە ئەرکی هەر تاکێکە، پێویستە لە ڕێگەی کۆبوونەوە و سیمینار و لایەنە پەروەردەیەکان هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بدەین، هەروەها تاوانباران بگەیەنین بە دادگاکان و لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەریەوە کێشەکانمان چارەسەر نەکەین.

 

" نووسەران لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە کۆمەڵگە بەرامبەر مافەکانی ژنان هۆشیار بکەنەوە "

تارا ئەمین، نووسەر، باسئ لەوەکرد لە تەواوی جیهاندا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ژنانی هەرێمی کورستانیش لەو ئەشکەنجانە بەدەرنین، هەروەها ژنان بە هۆکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەردەوام پلان بۆ کوشتنیان دادەندرێت، وتی: کوشتنەکانی ژنان بۆ چەندین هۆکاری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر نەکردنی تاکەکانی گۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، ژنان بەردەوام لە وڵاتە  ڕۆژهەڵاتەییەکاندا توندوتیژی دەروونی و زۆرکات کوشتنیان بەرامبەر دەکرێت، لە ئەنجامی پشتگیری نەکردنی ژنان لە لایەن خێزانەکانیانەوە لە کاتی بوونی کێشەکان لەگەڵ هاوژینەکانیاندا ڕوبەڕووی چەندین ئەشکەجە دەبنەوە، ئێمەی نووسەر پێویستە لە ڕێگەی نووسینەکانمانەوە بەردەوام هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان بدەین، لە ڕێگەی پۆستکردنمان بتوانین کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئەرک و مافەکانی ژنان ئاگادار و بکەینەوە، ژنان لە کۆمەڵگەدا لە کۆنەوە تا ئێستە جێدەستیان لە چالاکی و نووسینەکاندا هەبووە، پێویستە ئێمەی نووسەر لە نووسینەکانماندا ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بگێڕینەوە.

 

ئەو نووسەرە لە کۆتاییدا وتیشی: کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا بە ڕێژەی زۆر زیادی کردووە، بەڵام پێویستە لە ڕێگەی پەروەردەکردنی ژنان و کۆمەڵگە، توندوتیژییەکان کەم بکەینەوە و پەروەردە ڕێگە خۆشکەربێت بۆ باسکردنی مافەکانی ژنان لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا، هەروەها یاساکان ڕێگە خۆشکەربن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، نەک لە ڕێگەی دادگاکانەوە یاساکان بۆ کوشتنی ژنان کاری پێنەکرێت، یان لەژێر ناوی شەرەفدا کەیسەکانی کوشتنی ژنان چارەسەر بکرێت، پێویستە ئێمەی ژنان لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەکانەوە خۆمان پڕ لە زانیاری بکەین تا بتوانین ژنانی دیکە هۆشیار بکەینەوە.