ژنان و ژیانی سروشتی لە گوندەکانی دێرک
ژنان لە گوندی گرکە سەلما لە شاری دێرک دەڵێن ژیانی گوندەکان کۆمۆناڵ و سروشتییە و لە ژیانی شارەکان باشترە ئەو ژنانە ڕایانگەیاندووە، کە گرێدراون بە گوندەکەیانەوەو ژیانی ڕۆژێکی گوندەکەیان بە سەد ساڵی شار ناگۆڕنەوە.
ژنان لە گوندی گرکە سەلما لە شاری دێرک دەڵێن ژیانی گوندەکان کۆمۆناڵ و سروشتییە و لە ژیانی شارەکان باشترە ئەو ژنانە ڕایانگەیاندووە، کە گرێدراون بە گوندەکەیانەوەو ژیانی ڕۆژێکی گوندەکەیان بە سەد ساڵی شار ناگۆڕنەوە.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- ژن و سروشت دوو چەمکی پێکەوە گرێدراون کە هەرگیز جیاناکرێنەوە، هەروەک چۆن سروشت دەبێتە سەرچاوەی ژیان بۆ مرۆڤایەتی و هەموو پێکهاتەکان، ژنان بە پەیوەندیان بە سروشتەوە دەبنە سەرچاوەی ژیان، شێوازی ژیانی سروشتی کە لەلایەن سەرکردایەتی ژنانەوە پەرەی سەندووە پێکەوەژیانی دروست کردووە، بۆیە دوای پەرەسەندنی شارستانییەتی و سیستمی پیاوسالاری داواکرا کە ئەم شێوازە لەژیانی سروشتی کە لەلایەن ژنانەوە پەرەی پێدرا لاواز بێت، بۆیە هێرش و داگیرکارییەکانی سەر ژنان بە هێرش و داگیرکاریی سەر سروشت دەستیپێکرد.
ڕۆحی ژیانی سروشت، ژنن
لە ناوەڕاستی ئەم هەموو ساڵەی گەشەکردندا هێشتا گۆشەیەکی بچووکی گەرمی کۆن و یادەوەری لە وڵاتەکەماندا هەیە بە ناوی "گوند"، کە ژن ڕۆحی پێ دەبەخشێت، جگە لە دەنگی سروشت، هیچ دەنگێکی تر بە گوێی خەڵکدا نایەت. تا ئەمڕۆش سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، ئەو شێوازی ژیانی کاپیتاڵیست کە خۆی بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت نەیتوانیوە کۆمەڵایەتیبوونی دەوری ژنان لەناوبەرێت و لاواز بکات، سەرەڕای هەموو شەپۆلەکانی کۆچکردن، گوندنشینانی گرکە سەلما و بەتایبەتی ژنانی گوندەکە واز لەو خاکە ناهێنن کە کاریان تێدا کردووەو دەست لە ژیانی گوند بەرنادەن، گوندی گرکە سەلما، لە باکوری شاری دێرکە، یەکێکە لەو گوندانەی ژیانی سروشتی تێیدا بە تەواوی جوانە. لەم گوندەدا نزیکەی ٤٠ خانوو هەیە و زۆربەی ئەو هاوڵاتیانەی لەم گوندە دەژین ژنن و تا ئێستا دەستبەرداری جوانی و سروشتی ژیانی گوندەکە نەبوون.
"لە خۆشی و ناخۆشیدا، ئێمە پێکەوەین"
گوڵی محەمەد ڕەمۆی تەمەن ٦٠ ساڵی خەڵکی گوندی گرکە سەلمایە باس لە ژیانی ڕابردوو دەکات و ئاماژە بەوەدەکات لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوەن و بەردەوام دەبن و دەڵێت: "من منداڵی و گەنجی خۆم لەم گوندە تەواو کردووە من هەرگیز ئەم گوندەم جێنەهێشتووە. بێگومان ژیانی پێشوو باش بوو کاتێک گەنج بووین هەموو کارێکمان دەکرد شتی دەستمان دروست دەکرد و لە شارەکان دەمانفرۆشت، بۆ ئەوەی بژێوی ماڵەکانمان دابین بکەین بەڵام ئەمڕۆ ژیان وەک یەک نییە، هەموو شتێک گرانە و زۆر شت گۆڕاوە لە ڕابردوودا مەڕوماڵاتمان هەبوو کە بۆ ژیانمان پێویست بوو، ئێستا مریشک و قاز بەخێو دەکەم".
"لە گوندەکەدا ژیانی هاوبەش و هەموو شتەکانی سروشتییە"
زەهرا عەبدوڵای تەمەن ٦٠ ساڵ، تیشکی خستە سەر ژیانی سروشتی و جەماوەریی گوندەکە و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "من خەڵکی ئەم گوندە نیم، بەڵام لێرە هاوسەرگیریم کردووە و منداڵم هەیە و لەم گوندە ژیانمان بەسەربردووە من کاری زۆرم کردووە، بەلام لە ئێستادا ناتوانین کار بکەین چونکە چیتر وەک گەنج نین، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ژیانی گوند و شارەکەدا، لەگوندەکەدا هەوایەکی پاک و خۆشمان دەست دەکەوێت ئێمە ڕۆژانە یەکتر ئەبینین، هەموو شتێک لە گوندەکە سروشتییە، ژنانی ئەم گوندە هەموویان پێکەوە گەورە بوون".
"ڕۆژێکی ژیانی گوند بە سەدان ڕۆژی شار نادەم"
زەهرا ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای ژیانی سروشتی ژنەو پەیوەندی بە گوندەکەوە هەیە، چونکە ئەو لەسەر ئەو خاکە کاری کردووە هاوکات جەختیکردەوە کە رۆژێکی ژیانی گوند بە سەد ڕۆژی شار ناگۆڕێتەوەو وتی: "بەپێی هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە لەجیهاندا ڕوویداوە هێشتا ژیانی سروشتیمان خۆش دەوێت و پەیوەندیمان بەگوندەکەمانەوە هەیە".