"ژنان و منداڵانی کۆچبەر لە دۆخێکی سەختدا ژیان دەکەن"

کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر سنوری نێوان بێلاڕوسیا-پۆڵەندا لە دۆخێکی سەختدا ژیان دەکەن، بەشێكی زۆر ژن و منداڵیان تێدایە و بەهۆی سەرما و نەبوونی پێداویستییەوە ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە.

 

تەوار پێنجوێنی

ناوەندی هەواڵ- کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بێئومێدبوونیان لە حکومڕانی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕێگەی کۆچیان هەڵبژارد و زیاتر لە مانگێکە بە هەزاران کۆچبەر بەرەو سنورەکانی نێوان بیلاڕوسیا-پۆڵەندا کۆچیان کردووە بەو ئومێدەی لەو دەروازەیەوە بگەنە یەکێتی ئەوروپا و بتوانن مافی پەنابەری بەدەستبهێنن.

 

باشوری کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا ئاوارەیی و کۆچەربوونی بەخۆیەوە بینیوە کە هۆکارەکانی سیاسی و نائارامی دۆخی کوردستان بووە لەدەست هێزەکانی وەک ڕژێمی بەعس، بەڵام ئەوەی کۆچی هاوڵاتیان لە ٢٠٢١ لە کۆچەکانی دیکە جیادەکاتەوە، بێئومێدبوون، قەیران، نائارامی و ناسەقامگیری هەرێمی کوردستانە لەدەست حکومەتی کوردی.

کۆچی ئەمجارە بەڕێژەیەکی زۆر ژن و منداڵی تێدایە، لە دۆخێکی سەختی سەرما و نەبوونی پێداویستی ژیان دەکەن، ڕەگەز کەمال، ڕێکخەری ڕێکخراوی ١٧ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەربارەی دۆخی کۆچبەران زانیاری بە نوژنها دا و وتی: چاودێری کۆرەوی کوردانمان کرد و ناوەندە جیهانی و چالاکوان و میدیاکانی پۆڵەندامان ئاگادارکردەوە، ئەم کۆچە دەنگدانەوەی جیهانی بەدوای خۆیداهێنا، یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی کۆچبەران دەکات بەڵام هێشتا پۆڵەندا ئامادەنییە سنورەکانی بە ڕووی پەنابەراندا بکاتەوە ئەمەش بەشێکی بەهۆی ئەو ململانێ و کێشە سیاسیەیە لە نێوان پۆڵەندا و بیلاڕوسیا.

 

ڕەگەز کەمال سەبارەت بە دۆخی ژنان پێی ڕاگەیاندین: بارودۆخی کۆچبەران و بەدیاریکراویش ژنان و منداڵەکان باش نییە، بەهۆی سەرما و سۆڵەی ناوچەکە و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر تەندروستیان لە مەترسیدایە، زۆرێک لەو کۆچبەرانە ژن و منداڵن و منداڵی چەند مانگە و خوارتەمەن پێنج ساڵانن.

"خێزانەکان لەیەکتر دابڕاون و ژنانی دووگیانیان تێدایە"

ڕەگەز کە خۆی بەردەوام چاودێری دۆخی کۆچبەران دەکات، سەردانی نەخۆشخانەکانی سەر سنور و پۆڵەندای کردووە، وەک دەڵێت زۆر دیمەنی تڕاژیدیای ژنانی کوردی بینیوە، "زۆرێک لەو ژنانەی تەندرووستیان باش نیە یان دووگیانن، دەهێندرانە نەخۆشخانەکان، لە نەخۆشخانەی هاینۆڤکا چەندین ژن زیاتر لە بیست ڕۆژ بوو پەیوەندیان بە کەسوکاریان نەمابوو، هەوڵماندا و بەیەکمان گەیاندنەنەوە، بەشێکیان هاوژینەکانیان لە سەنتەرەکان و سەربازگەکان دەستبەسەردەکرێن و مۆبایل و دۆکیومێنتەکانیان لێدەسەندرێت بەمەش بەتەواوی ئەو ژنانە لەپەیوەندیکردن دادەبڕێن و دۆزینەوەیان ئەستەمتر دەبێت."

 

دۆخی ژنان بەهۆی بوونی منداڵ و ئەرکی پاراستی خێزانەکانیان سەختتر دەبێت، ڕەگەز کەمال، کە خۆی سەردانی نەخۆشخانەکان دەکات، دەڵێت: لە نەخۆشخانەکان چەندین ژن هەیە کە خۆی پێی ڕاگەیاندوم هەوڵیانداوە خۆیان بکوژن بەهۆی ئەو فشارە دەروونیەی لەسەریان دروستبووە، لە سنورەکاندا توندویژی سەربازانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندایان بینیوە کە چۆن خۆیان و هاوژین و کەسوکارەکانیان لێیاندراوە."

ژنەکە دووگیان بووە بەهۆی لێدانەوە لەباریچووە

نمونەی ژنێکی دووگیان دەگێڕێتەوە کە دانیشتووی زاخۆ بووە و لە ئێستادا لەسەر سنوری بیلاڕوسیا-پۆڵەندایە، بەهۆی لێدانەوە منداڵەی ناو سکی لەدەستداوە، هەروەها هاوژینەکەی گەڕێندرابووە بیلاڕوسیا و خۆشی ئێستا لە نەخۆشحانەیەکی پۆڵەندایە و نازاندرێت چارەنوسی چۆن دەبێت، بەشێکی دیکەش لەو ژنانەی دوای ئەوەی باری تەندرووستیان جێگیربووە دەبردرێنەوە شوێنی دەستبەسەر لای هاوژینەکانیان.

 

ڕەگەز ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕێگەی "گروپی گرانسیای پۆڵەندی"،کە چالاوان، وەرگێڕ و کەسانی یاسایی تێدایە هەوڵدەدەن لەڕێگەی یاساییەوە بەرگری لەو ژنانە بکەن تا چیتر لەلایەن سەربازانەوە  پێشێلکاریان بەرانبەر نەکرێت و لەگەڵ کەسوکاریان یەکبگرنەوە.

 

بڕیاربوو شاندێکی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان بچنە سەر سنور و لە دۆخی کۆچبەران بکۆڵنەوە، ڕەگەز لە زاری کۆچبەرانەوە دەڵێت کە کۆچبەران گوێ بۆ پەرلەمان و هیچ شاندێکی حزبی و حکومی ناگرن، چونکە لە دەست زوڵمی دەسەڵاتی کوردی کۆچیان کردووە.

کۆچبەران بێ بڕیارێکی دڵنیاکەرەوە لەسەر سنور ماونەتەوە

ماوەی چەند مانگێکە، کۆچبەرانی کورد هەوڵدەدەن لەڕێگەی سنوری پۆڵەندا بیلاڕوسیا خۆیان بگەیەننە یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژی ٨ی مانگ کۆچبەران بە لێشاو و کۆڕەوی هەزاران کەسی بەرەو سنوری پۆڵەندا ڕێیان بڕی، بەپێی ئاماری حکومەتی پۆڵەندا کۆچبەران نزیکەی ٤ هەزار کەس دەبن.

 

دوێنێش کۆچبەران چوونە دەروازەی نێودەوڵەتی پۆڵەندا و گرژی لەنێوان سەربازان و کۆچبەران دروستبوو، سەربازانی پۆڵەندا گازی فرمێسکڕێژ و ئاویان بە کۆچبەراندا کرد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، بەهۆی بەکارهێنانی کۆچبەران لەلایەن سەرۆکی بیلاڕوسیاوە بۆ مەرامی سیاسی خۆی بە شێوەیەکی نامرۆڤانە، بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکیتی ئەوروپا ئامادەکاری سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا دەکەن، ناتۆش تا ئێستا پشتیوانی پۆڵەندایە لە نەکردنەوەی سنور بە ڕووی کۆچبەراندا.

ڕۆژی سێ شەممە، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕایگەیاند کە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دینارییان تەرخانکردووە بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕاگەیاندنەکان نزیکەی ١٧٠ کەس ناوی خۆیان بۆ گەراندنەوە تۆمار کردووە.

 

ت.پ