ژنان و منداڵان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان خۆڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە

منداڵان و ژنانی دانیشتووی شاری ئیدلب-ی سووریا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگییەکان لە ناو زبڵەکاندا شت کۆدەکەنەوە.

 

سوهێر ئەل- ئیدلیبی
ئیدلب-
شەڕەکان کاریگەری یەکەمیان لەسەر ژنان و منداڵان هەیە، بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕەوە منداڵان و ژنانی دانیشتووی کامپی پەنابەران لە ئیدلب بە دوای خواردن و شتی بەنرخدا لە زبڵدانەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن.

ئەو منداڵانەی کە لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلب دەژین هەرگیز ناچنە قوتابخانە و لە ناو زبڵەکاندا ژیانیان بەسەردەبەن بۆ پەیداکردنی خواردن یان شتێکی بەکارهێنراو بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان بەدەستبهێنن.

عومەری تەمەن ١٢ ساڵ یەکێکە لەو منداڵانەی کە زبڵ کۆدەکاتەوە بۆ پشتگیری خێزانەکەی هەتا بتوانێت پێداویستییەکانیان دابین بکات، ئەو شەرم لە کارکردنەکەی ناکات بەڵام هیوای خواست کە بتوانێت بچێت بۆ قوتابخانە بەڵام پێیوایە بە کارکردن دەتوانێت یارمەتی خوشک و براکەی بدات بچنە قوتابخانە.

 

هیچ خەونێکی بۆخۆی نیە

عومەر هیچ خەون و خۆزگەیەکی بۆخۆی نیە و دەیەوێت پاڵپشتی خێزانەکەی بکات و وتی:"من هیچ خەونێکم بۆ خۆم نییە و تەنها دەمەوێت بژێوی خێزانەکەم پەیدا بکەم و بە تەقینەوەی مین نەمرم."

 

حەیان ئەلمی تەمەن ١٠ ساڵ لە یەکێک لە کامپەکانی ئاوارەکانی شاری ئیدلب لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژی، لە ناو زبڵەکاندا بۆ خواردن و شتی بە نرخ دەگەڕێت، بەم شێوەیە باسی لە دۆخی خۆیان کرد: "کەمپەکەمان زۆر دوورە لە زبڵەکان من دەبێت زوو هەستم بۆ ئەوەی بڕۆم بۆ ئەوێ، کەلوپەلی پلاستیکی و کانزا لە زبڵەکان کۆدەکەمەوە بۆ فرۆشتن، دەزانم کە هەرگیز ناتوانم بڕۆم بۆ قوتابخانە من دەبێت پاشەڕۆ کۆ بکەمەوە بۆ ئەوەی بتوانم لە ژیان بمێنمەوە."

 

سەبریا بەدوای خواردن و شتێکی بەنرخدا دەگەڕێت لەگەڵ منداڵەکانی دیکەدا بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان پەیدا بکات، ڕەوەن ئەلیوسف خۆبەخشی پزیشکە کە بۆ کامپەکان لە ئیدلب کار دەکات باسی لە دۆخی کەمپەکە کرد کە چەندین ژن و منداڵ لە ناو زبڵەکاندا کاردەکەن ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی لە کەمپەکاندا.