ژنان لە نێوان کارکردن و بە کاڵابووندا

کاراکتەری سەرەکی ڕیکلام بۆ کاڵا بازرگانیەکان ژنانن، ژنێکی خاوەنکار جەخت لەوەدەکاتەوە، کە بۆ سەرکەوتن پێویست ناکات ژن ببێتە کاڵا، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: پێویستە ئیتر ناسنامەی جێندەر و بینینی کۆمەڵگا بۆ ژن بگۆڕێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- شاشەی تەلەفزیۆن و مۆبایلەکانی بەردەستی هەر تاکێک بە ڕیکلام و بانگەشە بۆ کاڵاکان پڕبووەتەوە، بازرگانەکان دەیانەوێت بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا ساغبکەنەوە، بەڵام وەک ئەوەی دەبیندرێت ژنان بوونەتە کارەکتەری سەرەکی ڕیکلامەکان.

 

بەردەوام لەلایەن ڕێکخراوەکان و چالاکوانی ژنانەوە باس لە بە کاڵاکردنی ژنان دەکرێت، بەڵام وەک هەمیشە بەردەوامی هەیە، ڕۆژانە ڕیکلامەکان سەرتاپا جەستەی ژنە، لە کاتێکدا زۆر بابەت و کاڵا هەیە هیچ پێویستی بە دەرکەوتنی ژنێک یاخود شێوەیەکی سەرنج ڕاکێشی ژن نییە.

چرۆ ڕۆستەم، ژنێکی خاوەن ئەزموون و نوسینگەی عەقاراتی هەیە و بەرگدووریەکی لێهاتووشە، باس لەوەدەکات هیچ کات نایەوێت ژنان لە کارەکانیدا وەک کاڵایەک بەکاربهێنێت، ئەگەر کارێک خۆی سەرکەوتووبێت، ئەوا پێویستی بە ڕیکلام و ڕاکێشانی سەرنج نییە.

 

ئەو دەرکەوتنی ژنانی وەک کاڵایەک پێخۆش نییە، داوا دەکات ژنان هەوڵ بدەن ببنە خاوەن کاری خۆیان، نەک وەک کاڵایەک بن لەبەردەمی بازرگاکاندا، "هیچ کارێک پێویستی بە دەرکەوتنی جەستەی ژنێک نییە".

 

یاسای ڕێکخستنی ڕیکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ یاسای ڕێکخستنی ڕیکلامی بازرگانی هەیە، بەپێی یاساکەش دەبێت ئادابی گشتی و مافی مرۆڤ لە ڕیکلامەکاندا پارێزراوبێت، بەڵام وەک توێژەرێک باسی دەکات تەنها گرنگی بە جەستەی ژن دەدرێت.

 

یاسای ژمارەی چواری ساڵی ٢٠١٩ یاسای ڕێکخستنی ڕیکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە، دەبێت هەر ڕیکلامێک کە دەکرێت مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار بە بەرهەمەکەی هەبێت، پێش بڵاوکردنەوەی هەبێت.

 

لە ماددەی سێی یاساکەشدا هاتووە، "هەموو ئەو ڕیکلامە بازرگانیانەی کە پێچەوانەی سیستمی گشتی، ئادابی گشتی، ئاسایشی گشتی، تەندروستی گشتی و مافەکانی مرۆڤ بن ڕێگە پێنەدراون لە هەرێمی کوردستان- عێراق".

 

سزای ئابوری یاساشکێن دەدرێت

لە ماددەی چواری یاساکەدا هاتووە، ئەگەر ڕیکلامێک بڵاوکرایەوە، پێشێلی مەرج و ڕێگا پێنەدراوەکانی ماددەی دوو سێی ئەم یاسایە بوون، دەبێت ڕاستەوخۆ ڕیکلامە ڕابگیرێت، داخوازیکاری ڕیکلام، بەرهەمهێنی ڕیکلام و بڵاوکەرەوەی ڕیکلام  سزادەدرێن بە غەرامەکردن بە بڕێک لە ٥٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە ١٥ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

 

لە بڕگەی سێیەمی ماددەی چوارەمدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکانی بڕگەی یەکەمی ئەم ماددەیە، سزاکە دوو هێندە دەبێت.

شیلان نوری، توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی بواری ژنان، بە کاڵاکردنی ژنان دەگەڕینێتەوە بۆ باگراوندێکی جیهانی کە خۆی دەبینێتەوە لە بە کاڵاکردنی ژنان لەپێناوی قازانجێکی زۆردا، ئەمەش هەمووی دەچێتە ژێر تەوژمی بازاڕێکی جیهانی سەرمایەداری، کە هەموو جیهانیان بۆ خۆیان کۆنتڕۆڵکردووە.

 

شیلان دەرکەوتنی ژنێک لە ڕیکلامەکاندا بۆ سەرنج ڕاکێشان بە پێویست نازانێت، ئەوەی ئێستا بە پێویستی دەزانێت گۆڕانکارییە لە ناسنامەی جێندەری ژنان، چونکە کۆمەڵگا ژن وەک لەشولار و جوانی سەیردەکات، ژن کراوەتە پارچەیەک لە جوانی بۆ چێژبینینی پیاو.

ناسنامەی جێندەری بووەتە هۆکاری بە کاڵا سەیرکردنی ژنان

وتیشی: لە جیهانی ئێمەدا هەوێی جێندەری دەگۆڕێت، ئەو ناسنامە جێندەرییەی بە من دراوە، هەمان ئەو ناسنامە جێندەرییە نییە، کە بە دایک و نەنکم دراوە، ئەم ناسنامە جێندەری تا گۆڕانکاری تێدا نەکرێت، ئەو ناتەبایی و تێڕوانینە هەڵەیە دروست دەبێت لەسەر ژنان کە وەک کاڵایەک سەیر دەکرێن".

 

بەپێی وتەکانی شیلان نوری، ئەو گۆڕانکارییەش بە گۆڕانکاری لە ناسنامەی جێندەریدا بە گۆڕانکاری لە کەلتور و پاشخانی کۆمەڵایەتی و تێڕوانینی پەروەردەیی بۆ نێر و مێ دروست دەبێت.

 

پێشی وایە ئەمە تەنها ئەرکی ڕێکخراو نییە، بەڵکو دەبێت لە تاک و کۆمەڵگاوە دەستپێبکرێت، حکومەتیش ڕۆڵێکی تەواو کارای هەیە، ئەرکی سەرەکی وەزرەتی پەروەردەیە، دەبێت لە پەروەردەی منداڵەوە یەکسانی دروستکردبێت، ئەمە تەنها بە ڕێکخراوەکان چاکناکرێت.

 

ت.پ