ژنان لە کۆماری کوردستاندا بوونە خاوەنی هێزی خۆیان

ڕوخانی کۆماری کوردستان برینێکی دیکەی کردە جەستە پڕ لە خوێنەکەی کوردستان، لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێکانیشی برینەکەی هێندەی دیکە قوڵتر کردەووە، لە کاتێکدا کۆمارەکە ببووە پاڵپشتێکی تەواو بۆ مافەکانی ژنان. تەرزە تەها

 

ڕووخانی کۆماری کوردستان برینێکی دیکەی کردە جەستە پڕ لە خوێنەکەی کوردستان، لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێکانیشی برینەکەی هێندەی دیکە قوڵتر کردەووە، لە کاتێکدا کۆمارەکە ببووە پاڵپشتێکی تەواو بۆ مافەکانی ژنان.
تەرزە تەها
 
سلێمانی- کۆماری مهاباد لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا، دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە پاڵپشتیکردنی کۆمارەکە کشایەوە، ئێران هێرشی کردە سەر کۆمارەکە و ڕووخاندی. 
 
کۆماری کوردستان، یەکەمین کۆماری کوردییە، لەلایەن "قازی محەمەد"ەوە لە ٢٢-١-١٩٤٦ دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندیدا لەلایەن کوردەکانی سەرجەم پارچەکانی کوردستانەوە پاڵپشتی لێکرا، کۆماری مهاباد لەو کاتەدا چەند ئامانجێکی هەبوو، ئەوانیش: 
ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا، زمانی کوردنی بکرێتە زمانی فەرمی خوێندن، ڕاگەیاندن و کارگێڕی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزەری بۆ کوردستان، یاساییەک هەبێت بۆ یەکچەشن مامەڵەکردنی کرێکار و کەسایەتییە باڵاکان بکات. 
 
ئەم ئامانجانەی کۆماری کوردستان، بووە مایەی چەندین دەستکەوت بۆ کۆمارەکە، کۆماری کوردستان خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی گەورەبوو بۆ کوردەکان، تا ئێستاش هیچ کۆمارێکی کوردستان دروست نەبووەتەوە، ئاڵای کوردستان هەڵکرا و سرودی (ئەی ڕەقیب) کرایە سرودی نیشتمانی، چەندین گۆڤاری وەک (کوردستان، هەڵاڵە، هاوار، گڕوگاڵی منداڵان) و ڕۆژنامەی (کوردستان) وەک زمانحاڵی کۆمارەکە بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە، گرنگییەکی تایبەت بە ژنان و منداڵان درا، لە قوتابخانەکاندا خوێندن بە زمانی کوردی بوو، پەروەردە گرنگییەکی یەکجار زۆری پێدرا، قوتابخانە بۆ منداڵان و کەسانی نەخوێندەوار کرایەوە، قازی محەمەد هەمیشە هانی خوێندنی دەدا.
 
کۆماری کوردستان لەماوەی ١١ مانگی تەمەنیدا، گەشەی بە هۆشیاری سیاسی، ئەقڵی و مەدەنی دا، گرنگی بە خزمەتگوزاری دەدا، شارەوانی بۆ پاکوخاوێنی ناو شار دامەزراند.
کۆماری کوردستان خەونێکی سەدان ساڵەی لە گۆڕنراوی کوردەکان بوو، بەڵام بە ڕوخانی کۆمارەکە لە ١٧/١٢/١٩٤٦جارێکی خەونی کوردەکان لە گۆڕنراییەوە، لە ڕۆژی ٣١/٣/١٩٤٧ قازی محەمەد، سەدری قازی، سەیفی قازی بە تۆمەتی ناپاکی لە ئێران لەسێدارە دران. 
 
ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا
قازی محەمەد و حزبی دیموکراتی کوردستان گرنگییەکی زۆرییان بە بوارەکانی پەروەردە و ژنان دەدا، هەوڵێکی زۆریان بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندن و نوسین و نەهێشتنی نەخوێندەواری دا، هەوڵیان داوە ژنان خۆیان پێبگەیەنن و بەشداری لە کاروباری سیاسیدا بکەن، لە ماددەی ٢١ مەرامنامەی (پەیڕەوی ناوخۆی حزب) حزبی دموکراتی کوردستاندا جەخت لەسەر بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا کراوە، لە مەرامنامەکەدا هاتووە" ئەبێ لە هەمو کاروباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دا ژنان وەکو پیاوان مافی وەکوو یەکیان هەبێت". 
 
هەروەها قازی محەمەد لە وتارێکیدا دەڵێت " چەند مەدرەسەی کچان و کوڕانمان کردەووە، مەدرەسەی شەوانەمان دایر کرد و کتێب بە زمانی کوردی تەرجەمە کران، کوڕ و کچ و پیاوی گەورە لە مەداریسی شەوانە و ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەخوێنن، لە جیاتی ئەوەی شەش حەوت ساڵ خەریکی خوێندن و فێر بوونی فارسی بن، لە مانگێک و دوو مانگدا‌ دەبنە خوێندەوار و هەموو شتێک دەخوێننەوە و دەنوسن".
 
لەو سەردەمەدا ژنان تەواو هاتنە پێش، قوتابخانە بۆ ژنان کرایەوە، چەندین ژنی بەناوبانگی وەک کوبڕای عەزیمی مامۆستابوون و وانەیان بە ژنان وتووە، وەلیمەی سەیادیان بەڕێوەبەری قوتابخانەی پەروانەی کچانی مهاباد بووە. 
 
ئەمان و چەندین ژنی دیکە، تەنها مامۆستا نەبوون بەڵکو وتارییان لە ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەی کۆماری کوردستان بۆ پێشکەوتنی ژنانی کورد نوسیووە، کۆبرای عەزیمی یەکێک بووە لەو ژنە ناسراوانەی چەندین بابەتی لە ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمارەکەدا بڵاوکردووەتەوە، هەوڵی زۆری بۆ پێگەیاندن و دەرخستنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە داوە. 
 
تەنها کردنەوەی قوتابخانە نەبوو، بەڵکو پاش دوو مانگ لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ١٤ ئازاری ١٩٤٦ ژنان ڕیکخراوی "کۆمەڵەی یایانی کوردستان- یەکێتی ژنانی کوردستان" دامەزراند، مینا قازی، هاوسەری قازی محەمەد بووە سەرۆکی ڕێکخراوەکە، چەندین ژنی وەک عائیشە خان، کولثووم خان، زیبا خان،  کوبرا عەزیمی و عیسمەتی کچی مینا قازی دەبنە ئەندام و کاردەکەن تا ژنان بە مافی خۆیان ئاشنا ببن و هەنگاویان دەنا بۆ ئازادکردنی ژنان، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ ژنان لەکارو باری کۆمەڵایەتیدا جێگەیان هەبێت.
 
کوبرانی عەزیمی، لە ٢١ نیسانی ٢٠٢٠ لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆچی وایکرد، ئەندامێکی کارای ڕێکخراوەکە بووە، لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەوەدەکات، هەفتانە شوێنێکیان دیاریدەکرد، هەموو ژنان پێکەوە کۆدەبوونەوە، باسیان لە کێشە و بابەتەکان دەکرد.
 
کوبرا عەزیمی باس لەوەشدەکات، لە کاتی کۆماری کوردستاندا، بە زۆر منداڵەکانیان دەهێنایە قوتابخانە، خێزانەکان لەگەڵ منداڵە کوڕەکاندا کێشەییان نەبوو، بەڵام کەمتر ڕێگەیان دەدا کچەکانیان ببنە بەر خوێندن، زۆرینەی ئەو کچانەی دەیانخوێند، منداڵی کەسانی بەرپرس بوون، مامۆستاکانیش زۆرینەیان ژن بوون، نەک تەنها کورد بوون، بەڵکو ئەرمەنی و فارسیشیان تێدابووە دوو لە مامۆستاکانیش جولەکە بوون. 
 
ئەم ڕێکخراوە لە ڕۆژهەلاتدا بووە کڵپەیەکی ئاگر و بەگژ ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری و ڕووبەڕووی کۆمەڵگە بووەوە، تەنها نەبووە جێگای ئومیدی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو لە باشوریشەوە چەندین ژن هەبوون پشتیوانی ڕێکخراوەکە بوون، لە شاری کۆیە لەلایەن نەجیبە خان و لە شاری سلێمانی لەلایەن حەپسەخانەوە پشتگیری ئەم ڕێکخراوە دەکرا.