ژنان لە کۆبانێ دەستیان بە دروستکردنی پەنیر کرد
دروستکردنی پەنیر یەکێکە لە کولتوورە کۆنەکان و دۆزینەوە گرنگەکانی ژنان کە لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە دەستی پێکردووەو تا ئێستاش بەردەوامە، ژنانی شاری کۆبانێش ئەم کولتوورەیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستووەتەوە.
نورشان عەبدی
کۆبانێ – کۆبانێ شارێکی ڕەسەنی کوردییە کە لە شێوەزارەکەیەوە تا ڕێوڕەسم، جلوبەرگ، شێوازەکانی بژێوی ژیان و هتد، ئەم ڕەسەنایەتییە بەرز ڕادەگرێت، لەم بوارەدا دەبینین کە زۆرترین کات ژنانی ئەم شارە رۆڵی پاراستن و گواستنەوەی کولتوور و مێژووی خۆیان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگێڕن.
شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کە ٤٩٠ گوندی هەیە، خاوەنی خاکێکی بەرهەمدارو دەوڵەمەندە، هەر لەبەر ئەمەشە زۆرینەی جار بژێوی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە کە زۆرترین کات ژنان سەرقاڵی بەرهەمەکانی دەبن و دەیگۆڕن بۆ سەرچاوەی بژێوی و پاراستنی، لەبەرئەوە لە تەواوی ئەو قۆناغانەی کە تێپەڕین، ژنانی کۆبانێ سەرەڕای هەموو هێرش و سەختییەکان دەستبەرداری کارەکانیان نەبوون، لە سەرەتای بەهارەوە تا کۆتایی هاوین، دەبینین ژنان سەرقاڵی چەندین کاری جیاوازن، لەلایەک چاندنی باخچەی سەوزە، ئامادەکردنی خۆراکی زستانە و لەلایەکی ترەوە دروستکردنی پەنیر.
شیر لە ماست و پەنیر جیا دەکەنەوە
دروستکردنی پەنیر یەکێکە لە کولتوورە ڕەسەن و سەرەکییەکانی ژنانی کۆبانێ کە ئێستا ئەنجام دەدرێت، دروستکردنی پەنیر هەم هونەر و هەم ماندووبوونێکی گەورەی دەوێت، چونکە تا پەنیر دەگاتە شێوەی کۆتایی خۆی بۆ خواردن، بە چەندین قۆناغدا تێدەپەڕێت کە ئێستا ژنانی کۆبانێ سەرقاڵی ئەم کارەن، ژنانی کۆبانێ کە لە بەیانیان زووەوە هەڵدەستن، شیر دەدۆشن و دواتر بۆ ماست و پنیر لە یەکتری جیای دەکەنەوە، پاشان لەگەڵ پێداویستییەکانی ماڵەوە بۆ خواردن و بژێوی ژیانیان، ئەو ژنانە ئەو شیرە بەکاردەهێنن کە لێیەوە ماست، پەنیر، ڕۆن و خواردنی جیاوازی لێ دروست دەکەن.
”'دەیان بەرهەم و خۆراک لە شیری مەڕ دروست دەکرێن"
ئامینە خەلیل تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی گوندی چۆرتانکێیە و بووکی گوندی تاۆلوگێیە، دایکی چوار منداڵە، لە تەمەنێکی بچووکدا شووی کردووە، کە دروستکردنی بەرهەمەکانی شیر لە دایکی هاوژینەکەیەوە فێر بووە کە ١٢ ساڵە خەریکی دروستکردنیەتی، ئەمینە بە جلوبەرگی کوردی خۆیەوە قۆناغ بە قۆناغ پەنیرەکەی لەبەردەم کامێرای ئاژانسەکەماندا دروست کرد، وتی: شیر خاوەنی تایبەتمەندییەکی وایە کە بە چەندین بەرهەم و خواردن لێیەوە دروست دەبن، دروستکردنی پەنیر کولتوورێکی ڕەسەنی ئێمەیە کە بە دەستی ژنان دۆزراوەتەوە، تا نەوەی ئێمەش بە هەمان شێواز بەردەوامە و بوونی خۆی دەپارێزێت.
