ژنان ڕەخنە لە سەرۆک قەیس سەعید دەگرن و داوای کار دەکەن

١١ ژنی تونسی بە ڕێپێوان چەندین ڕۆژیان بەڕێکرد بۆ دیداری سەرۆک کۆماری تونس قەیس سەعید بۆ ئەوەی داوای دابینکردنی هەلی کار بۆ بێکاران بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک ڕەتی کردەوە چاوی پێیان بکەوێت، ژنانی تونسی گرووپە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان ڕەخنە لە سەرۆک دەگرن کە نەیویستوە چاوی بەو ١١ ژنە بکەوێت، ڕێپێوانەکەیان دۆخی ژنانی بێکار و گەنج ئاشکرا دەکات زۆربەیان داوای ئیشیان بۆ منداڵەکانیان دەکرد.

 

زوهێر ئەل-مەشریقی

تونس- ١١ ژنی تونسی لە ناوچەی ئوم ئەلرەیسی سەر بە پارێزگای گەفسای تونسەوە لە ١٤ی ئابەوە بەرەو پایتەختی تونس ڕۆیشتن بۆ ئەوەی سەرنج بخەنە سەر مافەکانی ژنان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتەدا و دەنگی خۆیان بگەیەنن، دوای ڕۆیشتنی ٤٠٠ کم، ژنان لە ٢٠ی ئابدا گەیشتنە تونس، داواکەیان بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری تونس قەیس سەعید ڕەتکرایەوە سەرۆک کۆمار بەرپرسانی دیاریکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنان کۆببنەوە و گوێ لەداواکاریەکانیان بگرن بەڵام ژنان ئەوەیان قبوڵ نەکرد، ژنان لە ماڵی گەنجان کە دەکەوێتە شاری مارسا لە باکوری پایتەخت، چەند ڕۆژێک چاوەڕێیان دەکرد، لە کۆتایی مانگی ئابدا ژنان بەزۆر ڕەوانەی ماڵەکانیان کرانەوە.

 

ئێمە لەگەڵ ژنانی تونسی گرووپە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان قسەمان کرد سەبارەت بە ڕێپێوانی ژنان و ڕەتکردنەوەی سەرۆک کۆمار بۆ بینینی ژنان.

 

کردەوەی ژنان پشتگوێ خراوە

چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان سەوسان زەغوانی وتی: "کە ئەو کارەی ١١ ژن لەلایەن حکومەتی تونس و لایەنە سیاسییەکانەوە پشتگوێ خراوە، چیتر ناتوانین هیچ چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە کە ژنانی لادێ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ئەستەمە باس لە بارودۆخی ئەو ژنانە بکرێت کە لە کشتوکاڵ لە گوندەکاندا کار دەکەن".

 

"هەموو کەس مافی کارکردنی هەیە"

جانات کیداشی سەرۆکی کۆمەڵەی ڤۆیکس دی ئیڤیە، ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە کە لە ساڵی ٢٠١٢دا بە فەرمی دامەزراوە بۆ ئەوەی دژی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان شەڕ بکات دەڵێت: "کۆمەڵەی ئێمە داوای مافی کارکردن بۆ هەموو کەسێک دەکات بەبێ جیاوازی ژنان مافی ئەوەیان هەیە کە کار بکەن بۆ ئەوەی ژیانێکیان بە شکۆوە هەبێت، دەسەڵاتەکان ڕەتی دەکەنەوە ئەم ژنانە دابمەزرێنن چونکە مێردەکانیان کار دەکەن ئەم هەنگاوە جوڵەیەکی ڕەمزییە کە گوزارشت لە بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیان دەکات، دەستووری تونس بێ جیاوازی مافی کارکردن بە هەموو کەسێک دەدات".

 

"بەڵێنەکان تەنها لەسەر کاغەزەکان دەمێننەوە"

هەروەها ڕۆژنامەنووس سیوار عەمێدیە ڕەخنە لە هەڵوێستی سەرۆکی تونسی قەیس سەعید دەگرێت بەرامبەر بە ژنان و دەڵێت:

"ڕێپێوانەکەیان دۆخی ژنانی بێکار و گەنجی ئاشکرا کرد  زۆربەیان داوای ئیشیان بۆ منداڵەکانیان دەکرد، ژنان لە دۆخێکی زۆر خراپدان ٣٠٪ ی کچانی گوندەکان دەبێت کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی خەرجییەکانی خوێندن حکومەت هەمیشە لێدوان لەسەر ڕۆڵی ژنانی تونس دەدات بەڵام وادیارە بەڵێنەکانیان تەنها لەسەر کاغەزەکان دەمێننەوە ئەو وڵاتە لە ماوەی  ١٠ساڵی ڕابردوودا چەندین کۆنوانشنی واژۆکردووە بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار ژن کە لە ناوچە لادێییەکان کار دەکەن بەڵام تا ئێستا هیچ نەکراوە".