ژنان بوونەتە درێژەپێدەری شۆڕشی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی

شەهید ساکینە جانسز، شۆڕشگێڕێک لە مێژووی کورد و دامەزرێنەری فکری ئازادی ژن و هێزێک لەپێناو وەستانەوە بە ڕووی دوژمنان، لە پاش چەندین ساڵ لە تێکۆشان لە بەرواری ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەلایەن میتی تورکیاوە لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید کران.

شەهید ساکینە جانسز، شۆڕشگێڕێک لە مێژووی کورد و دامەزرێنەری فکری ئازادی ژن و هێزێک لەپێناو وەستانەوە بە ڕووی دوژمنان، لە پاش چەندین ساڵ لە تێکۆشان لە بەرواری ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەلایەن میتی تورکیاوە لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید کران.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ٩ی کانوونی دووەم، ٩ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕ، ساکینە جانسز-سارا دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد، فیدان دۆغان-ڕۆژبین نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و لەیلا شایلەمەز-ڕووناهی ئەندامی بزووتنەوەی گەنجان تێپەڕ دەبێت ژنان لە نوژنهاوە باس لە ڕۆڵ و پێگەی ئەو ژنانە لەناو خەباتی ئازادی ژنان دەکەن.

 

سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس دەربارەی شۆڕشی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان بۆ نوژنها قسەی کرد،

بە نوژنهای ڕاگەیاند: نۆ ساڵ پێش ئێستا پیلانگێڕییەک دژی سێ ژنی شۆڕشگێڕ ئەنجامدرا، لەوکاتەی دەوڵەتی تورکیا بۆی دەردەکەوێت قارەمانان لەناو گەلی کوردا دەرکەوتوون و بەرخۆدانی دەکەن، دەوڵەتی تورکیا دەهەژێت و سیاسەتی خۆی بە جۆرێک دادەڕێژێت ڕێگری بکات لە بەرخۆدانی کوردان و دەرکەوتنی قارەمانی دیکە لەناو کورددا.

 

"هەرچەند دەوڵەتی تورکیا دەیتوانی لە زینداندا ساکینە جانسز شەهید بکات، بەڵام ئەنجامی نەدا  بۆ ئەوەی بەرخۆدان و نمونەی پێشەنگایەتی ژن دروستنەکات لە زینداندا، هەوڵیدا لە ڕێگەیەکی دیکەوە شۆڕشی ئەو ژنە تێکۆشەرە کۆتای پێبێنێت و تیرۆری ساڵی ٢٠١٣ تەواوکردنی سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی تورکیا بوو".

 

"ئەو وڵاتانەی ناوبانگی دیموکراسیان هەیە تەنها ڕووکەشن"

سنور باس لە وڵاتی فەرەنسا دەکات کە ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕەی تێدا تیرۆرکرا و دەڵێت: هەرچەندە ساکینە جانسز لە یەکێک لە وڵاتەکانی سیمبولی ئاشتی و تێکۆشان و بەرخۆداندا بووە، بەڵام تیرۆرکردنی شەهید ساکینە سەلماندی ئەو وڵاتانەی بە ناوی دیموکرسییەوە ناوبانگیان دەرکردووە تەنها ڕووکەشانە دیموکراسین و لە بنەڕەتەوە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەرن.

 

سنور ئاماژەی بەوەدا ساڵی ٢٠٢١ دەزگای میتی تورکیا دانی بەوەدانا ئەوەی کە ناتوانن لە شاخەکانی کوردستان بە ئامانجی بگرن، خۆ دەتوانن لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەستیان بە شۆڕشگێڕان بکەوێت و لە هەرجێگەیەک شۆڕشگێڕ و ڕزگاری خوازێک هەبێت دەتوانن بە ئاشکرا دەستیان پێیان بگات و شەهید بکەن.

 

"ساکینە جانسز هاواری هەزاران هاوڵاتی دێرسیمە"

ساکینە جانسز لە هەر قۆناغێکی تەمەنیدا بە شێوازێکی جیاواز بەرخۆدانی کردووە و تێکۆشانی ئەنجامداوە، هەروەک چۆن کاتێک لە زینداندا دەبێت و بەرخۆدانی دەکات دەبێتە ورە و ئیرادەیەک بۆ زیندانییەکانی دیکە.

 

سنور دەڵێت: کاتێک ئازاد دەکرێت لە زیندان ڕاستەوخۆ دەستدەکات بە دامەزراندنی لەشکرێکی ژنان کە زیاتر لە ٥٠٠ ئەندامی ژنی تێدا دەبێت، ئێستا لە هەرپارچەیەکی کوردستان لەشکرێکی ژن هەیە وەک یەپەژە، یەژەشە، بۆیە دەکرێت بوترێت بەرەوپێشچوونی ئازادی ژن لە ئێستادا بەرهەمی بەرخۆدانی ساکینە جانسزە، بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا بزانێت بە نەبوونی فیزیکی ئەو ژنە تێکۆشەرە کاریگەری لە ژنانی کوردستان نەکردوو بەڵکو زیاتر ژنان خۆیان بە ڕێکخستنکردووە و و هەوڵ دەدەن بۆ تێکۆشانی ئازادی ژن.

 

"لەسەر ئاستی جیهان ژنان ئامانجیان بووەتە یەک، کێشەی ژنان یەک کێشەیە، بەڵام بە زهنیەتی جیاواز هەروەها لەسەر ئاستی جیهان کە دەوترێت ژن ژیان ئازادی. بۆخۆی سەرکەوتنی شۆڕشەکەی ساکینە جانسزە و ئەو پشتیوانییەی ئێستا لە فکری ئازادی دەکرێت پێشەکەوتنی دۆزی کوردە.

 

سنور ئومێدەوارە لە ڕێگای ئەو شۆڕشەی ساکینە جانسز تێیدا شەهیدکرا ژنان بتوانن ببنە درێژە پێدەری تێکۆشانەکانی و خەونەکانی ئەو ژنە تێکۆشەرە بەدی بهێنن و بەرگی سێهەمی کتێبەکەی بە خەبات بنوسنەوە، "گەلی کورد دوژمنی خۆی دەناسێت ئەوەش بووەتە هۆکارێکی باش بۆ خۆبەڕێکخستنیان و وەستاندنەوە لە بەرامبەر دوژمندا"، بە پێویستیشی دەزانێت کە ئەو سیاسەتە توندوتیژییەی بەرامبەر بە ژن دەکرێت ژنان لەبەرچاوی بگرن و لە بەرمابەریاندا بووەستنەوە.

 

"ساکینە جانسز قوتابخانەیەکە بۆ تێکۆشانی ژنان"

فەوزیە مەنمی، چیرۆکنووس و کارمەند لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی، دەربارەی گرنگی تێکۆشانی ژنان قتی: وەک چیرۆکنووسێک هەمیشە هەوڵمداوە کار لەسەر ژنان بکەم بە گشتی و بە تایبەت ئەو ژنانەی خەبات و تێکۆشانێکیان ئەنجامداوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژیان و تێکۆشانی چەند ژنم خوێندووەتەوە و دواجار نوسییمەتەوە بە ناوی "چل ژن لە مێژوودا" تا نەوەکانی داهاتوو ژنانی تێکۆشەری وڵەتەکەیان بناسن.

 

فەوزییە وتیشی: "تێکۆشانی ئەو ژنە تێکۆشەرە وای کرد ژنان بە گشتی و ژنانی خوێنەر بە تایبەت بە دوای ژیاننامەی بگەڕێن و زیاتر ئاشنای بەرخۆدانەکانی بن، وەک خۆم زیاتر حەز بە خوێندنەوەی ئەو بابەتانە دەکەم کە باس لە دۆزی و خەباتی میللەتی کورد دەکەن، تێکۆشانی ساکینە جانسز وایکرد چەندین ژنی دیکە بچنە ڕیزی تێکۆشان بۆ ئازادی وەک "زەینەب جەلالیان، لەیلا گۆڤەند"، کە بە هەنگاوەکانیان درێژە بە ڕێگای تێکۆشانی ئەو ژنە دەدەن، جگە لەمە ژنانی ئێزیدی هەن و بوێرانە خۆیان خۆیان بەڕێوەدەبەن.

 

"شۆڕش و خەباتی ژن لەمڕۆدا پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە"

ئەو چیرۆکنووسە کە ژیانی ساکینە جانسزی خوێندووەتەوە، دەڵێت: ئەو شۆڕشەی شەهید ساکینە جانسز ئەنجامیدا شۆڕشێک نەبوو تەنها لەسەر ئاستی نەتەوەی کورد بێت، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهاندا کاریگەری خۆی بەجێهێشتووە، چونکە خەباتی ئەو ژنە تەنها بۆ ژنانی کورد نەبوون بەڵکو بۆ ئازادی ژنان بوو لە تەواوی جیهاندا.

 

فەوزییە بە پێویستی دەزانێت، ساڵانە یادی ئەم شەهیدە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموونێک بۆ ژنان و نەوەی داهاتوو ئاگاداربن کورد خاوەنی ژنی تێکۆشەر و ئازادیخوازە.

 

لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا دوژمن ناتوانێت بە شەهیدکردنی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی دەنگی ئازادی ژن کپ بکەن، بەڵکو ئەم تیرۆرکردنە بە دەستپێکردنی سەرەتایی شۆڕشی ژن دادەنێت و دەڵێت "ئێستا ژنان بوێرانە بە ڕووی دوژمناندا دەوەستنەوە و خزمەت بە دۆزی خەباتی کورد دەکەن".

 

ت.پ