ژنان بواری سەربازی لە سعودیە دادەمەزرێن
وەزارەتی بەرگری سعودیە بڕیاری دامەزراندنی ژنانی لە بواری سەربازی ڕاگەیاند، ئاماژەی بە مەرجەکانی وەرگرتنی ژنان کردووە، بڕیاریشە لە کۆتایی مانگی چوارەوە ژنان وەربگیرێن.
ناوەندی هەواڵ
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری وڵاتی سعودیە لە ڕۆژی ٢٠ ئەم مانگەدا، بڕیاری دامەزراندنی ژنان لە سوپای ئەو وڵاتەدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ڕۆژی ٢٥ی نیسانی ئەم ساڵیشەوە دەستدەکرێت بە وەرگرتنی ژنان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە چەند مەرجێک بۆ وەرگرتنی ژنان لە سوپادا دانراوە، بەپێی مەرجەکانیش دەبێت، ئەو ژنانە خەڵک سعودیە بن، تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێت، لە ٤٠ ساڵ زیاتر نەبێت، باڵاییان لە ١٥٥ سانتیمەتر کەمتر نەبێت، بڕوانامەی ئامادەیی یاخود بەرزتری هەبێت، هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڵاتییەکی نا سعودیدا نەکردبێت.
بڕیاریشە ژنان لە کۆمەڵێک لقی هێزە چەکدارەکاندا ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ئەوانیش:
-هێزی زەمینی شاهانەی سعودیە
-هێزی بەرگری ئاسمانی شاهانەی سعودیە
-هێزی دەریای شاهانەی سعودیە
-هێزی مووشەکی ستراتیژی شاهانەی سعودیە
-هێزی ئاسمانی شاهانەی سعودیە
-بەڕێوەبەرایەتی گشتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی هێزە چەکدارەکان.
بڕیاری دامەزراندنی ژنان لە هێزە سەربازییەکاندا، ماوەی چەند ساڵێکە لە سعودییە دەرچووە، بەڵام تا ئێستا تەنها بڕیار بووە و جێبەجێنەکراوە، لە ئێستاشدا بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری سعودیە ئەو بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم بڕیارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە، هاوڵاتیان و بەرپرس و خێزانی شاهانەی سعودییە دڵخۆشن بە بڕیارەکە و بە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنی زیاتری ژنان و بەرەوپێشچوونیان دەزانن، دەشڵێن ژنان ماف و ئەرکیان هەیە کە پارێزگاری لە وڵات بکەن و دەتوانن.
ت.پ