ژنان بەدوای چارەسەری گرفتەکاندا دەگەڕێن

زەکیە دەهری ٦٠ ساڵ بوونی گۆزەی گڵی ئاو لە ماڵەکەی خۆیدا واتادار دەبینێت و وەک ئامرازێکی جێگرەوە بۆ ئاوی بەستوو بەکاریدەهێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی کارەبا.

 

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە- لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕێژەی ئاوی فوراتی کەمکردەوە، ئەمە بووە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوە و نەبوونی کارەبا لە تەواوی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا، بۆ هەموو کێشەکانیش ژنان خۆیان بەرپرسیار دەبینن و ڕێگەی چارەسەری پێشدەخەن، زەکیە دەهر، لە گەڕەکی تل هاجەری شاری حەسەکە دادەنیشێت، ماوەی ٣٠ ساڵە گۆزەی ئاوی گڵین بەکاردەهێنێت، کە بۆ کێشەی کەمی کارەبا و نەبوونی ئاوی بەستوو چارەسەرە.

 

"ماوەی ٣٠ ساڵە ئەو گۆزانە بەکاردەهێنین"

زەکیە باسی لەوەکرد کە گۆزەکان لە ماڵەکەیدا جێگەیەکی گرنگیان هەیە و وتی: ئەو گۆزانە ماوەی ٣٠ ساڵە هەن، لە قامیشلۆ کڕیومن و زۆرم حەز لێیانە، هەرچەندە داوایان لێکردم بیاندەمێ بەڵام من نەمبەخشیوە، ساڵانی زوو کارەبا نەبوو، هەموو ماڵێک گۆزەی هەبوو، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنیکدا ئەو شتانەش کەمبوونەوە، پێشکەوتنی تەکنیکی کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگا هەبووە، فێری ئیسراحەت و لەناوبردنی ئامرازە کۆنەکانی کردوون، بەڵام هەرگیز بیرم لە فرۆشتنی گۆزەی ئاوەکانم نەکردووەتەوە، بۆ ماڵی خۆم بەکارمهێناوە.

 

زەکیە وتیشی کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگا ڕێژەی ئاوی فوراتی کەمکردووەتەوە و کارەبایان لەسەر بڕیوە: ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە دژی کۆمەڵگا شەڕێکی پیس و نائەخلاقی بەڕێوەدەبات، بە هەموو شێوەیەک کۆمەڵگە تەنگاو بووە، بەم دواییانە لە گەرمای هاویندا ڕێژەی ئاوی فورات بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و کێشەی کارەبا سەریهەڵداوە و ئاوی بەستوو بەدەستنایەت، گۆزە ئاوی ماڵەکەم وەڵامی ئەم کێشەیە بوو، ئێواران گۆزەکانم دەبەمە دەرەوە و بۆی شەو بیبەستێت و ڕۆژانەش بەکاری دەهێنین.

"ژنان وەڵامی سیاسەتی لەناوبردن دەدەنەوە و لە گەڕاندان بۆ چارەسەر"

زەکیە جەختی لەوەکردەوە کە پاراستنی ئامرازە کۆنەکان زۆر گرنگە و ڕزگارکەرە لە قەیرانەکاندا و وتی: کاتێک ئامرازی کۆن لە ماڵەکەدا هەیە، مانای ئەوەیە کە مێژووێک لەو ماڵەدا پارێزراوە، لەوەش زیاتر پێویستی بە زیندووکردنەوەی ئامرازی کۆن هەیە بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی ئابووری و ئەو شەڕەی بەسەرماندا دەکرێت، ئێستا من گۆزەکانمم هەیە و سودیان لێوەردەگرم، ژنان وەڵامی هەموو گرفتێک دەدەنەوە و لە گەڕاندان بۆ ڕزگارکردنی خۆیان و ماڵەکانیان لە قەیران و گرفتەکان.

 

ت.پ