"ڕۆژانی فەوجی ژنان، خۆشترین سەردەمی ژیانمان بوو"

٢٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی فەوجی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، دامەزرێنەرانیشی باس لە سەرەتاکانی دامەزراندنی فوجەکە و تۆکمە و هێزی فەوجەکە دەکەن، دەڵێن پاڵپشتی تەواو دەکران و سەرەتای هێزەکەش لە خێمەیەکی بچووکەوە بووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- فەوجی ژنان لە ١١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە، فەوجێکی تایبەتە بە ژنان، لە سەرەتادا ژمارەی ئەندامانی فەوجەکە چەند کەسێک بووە، بەڵام ئێستا بووەتە فەوجێکی تەواو و سەر بە هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە.

 

لە کاتی دامەزراندنی فەوجەکەدا چەن ژنێک بەشدارییەکی کارایان هەبووە، ژنان بە جلوبەرگی پێشمەرگایەتی کوردیەوە بارەگا و خاڵی پشکنیان هەبووە، بە سەدان ژن لە سەرجەم شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەشداریان لەو هێزەدا کردووە، ئێستا دامەزرێنەرانی ئەو فەوجە یادگاریەکانی سەرەتای ئەو فەجە دەگێڕنەوە و بە سەردەمەێکی پڕ شکۆ و جوانی لە تەمەنی خۆیان ناوی دەهێنن.

 

لە سەرەتای دامەزراندنیدا کوێستان محەمەد، وەزیری ئێستای کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرماندەی فەوجەکە بووە، هەروەها هەریەک لە ڕێزان ڕەشید فەرەج، ڕوخۆش ئەحمەد، ناهیدە ئەحمەد، مهاباد محەمەد ئەمین، ئایلە حەمە ئەمین، نەشمیل محەمەد و چەندین کەسی دیکە بەشداری ئەو فەجەیان کردووە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٧ ڕێزان ڕەشید فەرەج بووەتە فەرماندەی هێزەکە.

عەمید ڕێزان ڕەشید فەرج، جێگری مەڵبەندی پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی ٧٠، لە ساڵی ١٩٩٧ دەبێتە فەرماندەی فەوجی ژنان، تا ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٤ لەو پۆستەدا دەمێنێتتەوە، ڕۆژانی فەرماندەبوونی لەو هێزە بە جوانترین ڕۆژەکانی تەمەنی پێناسە دەکات، کە گرنگییەکی زۆر و پشتگیرییەکی زۆریان پێدراوە.

 

وەک باسی دەکات، سەرەتا ژمارەیان کەمبووە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیان لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ کەس تێپەڕی کردووە، ژنان لە پۆست و توێژە جیاوازەکان بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە بەهێز و توانایەکی زۆرەوە لە دەوری هێزەکە کۆبوونەتەوە، لە مەراسیم و بۆنەکاندا لە ڕیزی پێشەوە بوون، دەڵێت "ئەو حەوت ساڵە لە ژیانمان زۆر خۆش بوو، هێزێک بوو گاڵتەی پێنەدەکرا، هێزێکی تۆکمە و بەهێز بوو، ئەو کاتە وەک کەسێتی مام جەلال پشتگیری تەواوی دەکردین".

 

وەک ئەو عەمیدە باسی دەکات، پێشمەرگەکانی بەشداری دەورەی ئەفسەرییان کردووە، بەشێکی زۆری ئەو ژنانەی ئێستا لە وەزارەتە جیاوازەکان پلەی سەربازیان هەیە، بەشداری ئەو دەورانە بوون.

ئەو هێزە لە سەرەتادا وەک پێشمەرگەکان جلی کەتافی و شەڕواڵیان لەبەر کردووە، بەڵام دواتر بوو بە جلی سەربازی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەگەڵ ئەوەی پشتگری دەکران، بەڵام ڕووبەڕووی توانجی کۆمەڵگا بوونەتەوە و تائێستاش ژن لە بواری سەربازیدا پێشنەکەووتووە، "کۆمەڵگا هەندێک جار بەرامبەر ژن زۆر بێ ویژدانە، توانجیان تێدەگرتن، قسەیان پێدەوتن، توێکڵیان تێدەگرتن، کە ژن بە جلی پێشمەرگەوە وەستاوە، لەگەڵ  مەفرەزەکانی ئاسایش دەرئەچوون شەڕیان ئەبوو بە توشەوە، خەڵک قسەی دەکرد، کۆمەڵگای ئێمە قەت بەو دەرەجەیە پێش ناکەوێت بتوانێت هەموو ئازادییەکانی ژن بە تەواوەتی جێبەجێبکات، بە تایبەتیش عەسکەری".

 

ڕێزان و ڕووخۆش سەیری وێنەکانی ئەو ڕۆژانەی پێشمەرگایەتییان دەکەن، بینینی وێنەکان دەیانخاتەوە ئەو ڕۆژانەی کە لەو فەوجە بوون، باسی وێنە و ڕۆژانی بەشداریان لەو فەوجە دەکەن.

 

موقەدەمی مافناس، ڕوخۆش ئەحمەد، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی، یەکێکی دیکەیە لە دامەزرێنەرانی ئەو فەوجە، باس لە سەرەتاکانی دامەزراندنی فەوجەکە دەکات، کە سەرەتا خێمەیەکیان لە مەڵبەنددا هەبووە وەک هێزیک دروستبووین بۆ پارێزگاریکردن دژی ڕژێمی بەعس، لەگەڵ ئاسایش ڕێکەوتوونیان هەبووە، شەوان بۆ دانانی خاڵی پشکنین دەردەچوون.

 

ڕۆخۆش ئەحمەد، باس لەوەش دەکات، کە هێزەکە بەهۆی گرنگیپێدانی زۆرەوە بەشداری ژنان زیاتر بووە، بەشێک لەو ژنانەش ژنانی ئەو خێزانانە بوون کە دوای ٣١ی ئاب لە هەولێرەوە هاتوونەتە سلێمانی، لە ساڵی ١٩٩٧ مانۆڕێکیان لە ناوچەی شارباژێڕەوە دەستپێکردووە، ماوەی حەوت ڕۆژ بە گوندەکاندا گەڕاون، لە دوکانەوە هاتوونەتەوە سلێمانی.

دواتر داوایان کردووە بەشداری کۆلێژی سەربازیان بکەن و بوونەتە ئەفسەر لە ئاسایشی کۆن مەشق و ڕاهێنانی بەردەوامیان لەلایەن مامۆستای سەربازییەوە پێکراوە، لەبارەی جۆرەکانی چەک و بەکارهێنانی چەکەکان وانەیان پێوتراوە، لە ساڵی ١٩٩٨ مەشقێکی چڕ و قورسی سەربازییان لە ڕووی لیاقە و زانیاری شەڕ بۆ ماوەی شەش مانگ پێکراوە، دواتر بەشداری کۆلێژی سەربازیان کردووە.

 

ت.پ