نووسەرانی ژنی چەمچەماڵ لە ڕێگەی نووسینەوە ژیانی ژنان دەردەخەن

چرۆ محەمەد، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە بواری کۆمەڵایەتیدا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، دەڵێت: کاتێک ئێمەی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەستمانکرد بەم کارە، تەنها ژمارەیەکی کەمی ژن بووین.

نیهایەت ئەحمەد

 

چەمچەماڵ- لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ژنان لە زۆر بواردا خۆیان بینیووەتەوە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کرانەوەیەک بۆ ژنان دروستبوو تا بەشداری و ڕۆڵیان لە بواری نووسین و ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا هەبێت، هەروەها لە بواری چالاکی مەدەنیدا بەشدارن و توانیویانە تا ڕادەیەک کۆمەڵگەی چەمچەماڵ، کە کۆمەڵگەیەکی داخراوە، کرانەوەی تیادا بەدی بهێنن بۆ ژنان.

 

نووسین یەکێکە لەو دەربڕینەکانی ژنان کە دەتوانن ژیانی خۆیانی تیادا بەرجەستە بکەن، کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە و پەرە بە تواناکانی ژنان بدەن.

 

چرۆ محەمەد، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە بواری کۆمەڵایەتی، فەرمانبەر لە زانکۆی چەرمۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، خاوەنی پەرتوکی "وەسیەتەکانی دایکم"ە و لە بارەی ژنان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە بواری نووسیندا ڕوونیکردەوە، کە ژنان لە هەموو فاکتەرە جیاوازەکاندا ڕۆڵیان هەیە، هەروەها لە بواری نووسین و ڕۆژنامەگەریدا ڕێژەیان زیادی کردووە و ئەوەش بەو واتایە دێت کە لەم شارۆچەکەیەدا ژنان پەرە بە زانست و خوێندن دەدەن.

 

"ژنان لە نووسینەکانیاندا دۆخی ژنان بەرجەستە دەکەن"

چرۆ محەمەدی نووسەر ئاماژەی بەوە کرد، لە نووسینەکانیدا ئەو بابەتانە بەرجەستە دەکات کە زیاتر دۆخی ژنان دەخاتەڕوو، وتیشی: ساڵی ڕابردوو کاری ڕۆژنامەنووسی کردوە و وەک ژنێک لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا باباتی ڕۆژی هەبووە، بە تایبەت لە گۆڤاری "ژن مەگەزین"دا، ژنان لە ئێستادا دەستێکی باڵایان هەیە لە نووسیندا و دۆخ و باروگوزەرانیان لە رێگەی نووسینەوە نیشانی کۆمەڵگە دەدەن.

 

چرۆ محەمەد باسی لەو کار و چالاکییانە کرد کە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت و وتی: لە زۆر بواردا کار دەکرێت لە شارۆچکەی چەمچەماڵدا، زیاتریش دەکەوێتە سەر ڕۆژنامەنووسەکان لە چ بوارێکدا کار دەکەن، لە چوارچێوەی بابەتی کۆمەڵایەتی، کاتێک ئێمەی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەستمانکرد بەم کارە، تەنها ژمارەیەکی کەمی ژن هەبوو لە بوارەکەدا، کە زۆر کەم دیاربوون لە کۆمەڵگەدا، ئەم ژمارە کەمەی ژنان لە بواری نووسیندا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە، لەو کاتەدا زەحمەت بوو ژنان لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا کار بکات، یاخود لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکاندا بەشدار بێت، بەڵام لە ئێستادا ژنان لە هەموو بوارەکەدا ڕۆڵی هەیە، پێشکەوتنی باشیان بە خۆیانەوە بینیوە.

 

دەربارەی هیشتنەوەی ژنان لە ماڵەوە وتی: ئەگەر بگەرێنەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو ژنان لە ماڵەوە نەیاندەتوانی بێنە ناو کۆمەڵگە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگە لەوە تێگەشتوە ژن دەتوانێت کار و چالاکی هەبێت و ڕۆڵ ببینێت لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەدا، تا ڕادەیەک ڕێگە بە ژنان دەدرێت و توانیویانە ئەو مافە بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، کە لە هەر بوارێکدا ئەزموون و توانای هەبێت ئامانجەکانیان دە‌هێننە دی.

 

لە کۆتای قسەکانیدا چرۆ محەمەد، وەك نووسەرێک باسی لەوە کرد، ئەگەر ژنێک بیەوێت بگات بەو ئامانجەی کە خولیایەتی و بەدەستی بهێنێت، دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند کۆڵنادات بۆ گەیشتن بە خولیاکانی، وتیشی: هەر ژنێک دەستی نووسینی هەبێت و ئەزموونی هەبێت، دەتوانێت هاوکاری ژنانی نووسەری دیکە بکات و پاڵپشتی یەکدی بکەن، کۆمەڵگەش پاڵپشتیان دەکەن، هەوڵیشدراوە زیاتر ژنان لە بوارەکاندا دەربکەون، منیش وەک ژنێکی نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئیستا خاوەنی یەک پەرتوکم، بەڵام لە داهاتوودا بەرنامەم هەیە لە نووسیندا زیاتر قوڵ ببمەوە.

 

لە دوا پەیامیشیدا بۆ ژنان وتی: پێم باشە هەموو ژنێک توانای خۆی دەربخات، شەرم نەکات لە دەرخستنی خولیای خۆیان، ژنان بوێر بن و داوا لە دایک و باوکان دەکەم پاڵپشتی منداڵەکانیان بن.