خوێندکارانی زانکۆی کۆیە: بایکۆتی خوێندن زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت

خوێندکارانی زانکۆی کۆیە بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە بایکۆتی مامۆستایان خستەڕوو، کە بەشێکیان پێیان وایە بایکۆت مافی خوێندکاران دەفەوتێنێت و دەبێت بە ڕێگەیەکی دیکە داوای مافەکان بکەن.

ئەڤین عەزیز

 

کۆیە- بایکۆتی مامۆستایان لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە و خوێندکارانی زانکۆی کۆیە ڕای جیاوازیان هەیە سەبارەت بە بەردەوامی بایکۆت، بەشێکیان پێیان وایە بایکۆت بەردەوام بێت تا مامۆستایان مافی خۆیان وەردەگرن، بەشێکی دیکەیان پێیان باشە کە بایکۆت بشکێنرێت، چونکە ساڵێکی خوێندن بەفیرۆ دەڕوات و خوێندکاران زیانمەند دەبن و هیچ داهێنان و پێشکەوتنێکیان نابێت بە بەراورد بە خوێندکاری ئەو شوێنانەی سیستمی خوێندنیان بەردەوامە.

 

"دەبێت هەموو توێژەکان پشتیوانی مامۆستایان بن"

داهێن وریا، خوێندکاری زانکۆ باسی لەوەکرد، بایکۆتی مامۆستایان دوو لایەنە، لایەنی یەکەم خوێندکارانن کە زیانمەند دەبن و لایەنی دووەم مامۆستایانن کە توێژێکی حیساب بۆ نەکراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە ئاستی پەروەردەیی دابەزیوە و کەس خۆی بە بەرپرس دانانێت بۆ ئەوەی وەڵامی مامۆستایان بداتەوە، هەروەها بایکۆتی مامۆستایان ڕاستە و لەگەڵیدام، پێم باشە هەموو توێژەکانیش لە پشتیان بن، بۆ نمونە دەبێت مامۆستایانی زانکۆش لە پشت مامۆستایانی خوێندنگە و قوتابخانەکان بن، چونکە ئەگەر پەروەردە بەم هەموو کەموکورتیەوە بەردەوام بێت، زانکۆش فەشەل دێنێت.

 

داهێن وریا ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەنجامی پەروەردە شەرمەزارکەر دەبێت و لە داهاتوودا نەوەیەک دروست دەبێت کە توانای نییە وڵاتەکەی خۆی بەڕێوەببات و هیچ زانیارییەکیان پێنابێت، وتیشی: پەیامم ئەوەیە مامۆستایان بەردەوام بن و هەموو توێژەکان لە پشتیان بن، چونکە پەروەردە لەوانەوە دەستپێدەکات و لە ئێمە کۆتای پێدێت.

 

"مافی خوێندکاران دەفەوتێت"

نەرمین موشیر، خوێندکاری بەشی پەروەردە لە زانکۆی کۆیە، وتی: بە بۆچوونی من ڕاستە مامۆستایان داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا مافی خوێندکاران دەفەوتیت، ئەمەش زیانی زۆر بە خوێندکاران دەگەیەنێت، من پێم باشە ئەم بایکۆتە بشکێندرێت لەبەر ئەوەی خوێندکاران ساڵێکیان دەفەوتێت و ساڵێک دوادەکەون لە خوێندن، لە هەموو شت دەکەونە دواوە و ئەمەش زیانە بۆ خوێندکاران.

 

سۆزان غەفار،خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی کۆیەیە و پێی وایە بایکۆت ڕەنگە سودی هەبێت، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا نا، چونکە خۆپیشاندان دەبێت سەرتاسەری بێت لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایان تاکە چین نین کە مووچەیان پێنادرێت، بەڵکو سەرجەم بەشەکانی تریش هەمان شێوەیە، بۆیە بە ڕای من ئەگەر سەرتاسەری بێت ئەوا ئەنجامی دەبێت، بەڵام ئەگەر بەش بەش بێت ئەوا سەرکەوتوو نابێت، تەنها مافی بەشێک لە خوێندکاران دەفەوتێت، چونکە بەشێک لە خوێندنگا ئەهەلیەکان دەوام ئاساییە.