گەرمای هاوین... ئازاری ژنانی ئاوارە لە ئیدلب نوێ دەکاتەوە

شەپۆلی گەرمای لەڕادەبەدەر و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ژیانی ئاوارەکانی ئیدلب لە کامپەکاندا سەخت دەکات و ئازاری ژنان قوڵتر دەکاتەوە.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- ژنانی ئاوارە لە ئیدلب بەدەست پلەی گەرمی بەرزەوە دەناڵێنن لەناو چادرەکانی کە لە قوماش یان نایلۆن دروستکراون و نایانپارێزێت لە گەرمای هاوین، کە دەبێتە هۆی نەخۆشی بۆ منداڵەکانیان، هەروەها ئازار و سەختی ئاوارەبوون زیاد دەکات.

 

سوبحیە بیتار لە شاری مەعرەت نعمان ئاوارە بووە بۆ کامپی هەژاران لە شاری حەربنوش لە ئیدلب، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەدەست نەبوونی کارەبا و ئامرازەکانی ساردکردنەوە دەناڵێنن، سوبحیە دەڵێت: لە هاویندا مێرووەکان لە کامپەکەدا بڵاودەبنەوە و چوار منداڵەکەم بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، زۆربەی منداڵانی ناو کامپەکە بەهۆی بەرکەوتنیان بە گەرمای خۆر تایان بەرز دەبێتەوە، بۆیە هەوڵدەدەین بە دانانی خاولییەکی تەڕکراو لە ئاودا ڕزگاریان بکەین، کامپەکەمان هیچ جۆرە پشتگیرییەک وەرناگرێت، چادرەکە زۆر گەرمە، بەو پێیەی خۆر لە هەموو لایەکەوە بەری دەکەوێت و هیچ پارێزەرێکی نییە.

 

لە کامپ و ناو چادرەکاندا بە تایبەت لە وەرزی هاویندا مەترسی بڵاوبوونەوەی مێروو و نەخۆشییەکانی دیکەی پەلەوەر دروست دەبێت، هەروەها بەهۆی دووری ناوچەی کامپەکان لەناو شار و ناوەندە تەندروستییەکان، مەترسییەکان دوو هێندەیە.

 

بەرائەت سەتوف دوای بوومەلەرزەکە لە شاری حارمەوە بۆ کامپی تورلاها ئاوارە بووە، باسی لە ئازارەکانی ژیان لەناو چادرەکان کرد و وتی: لەناو جێگەی منداڵە ساڵ و نیوەکەم لە چادرەکەدا دووپشکێکی ژەهراویم بینی، ئەمەش وای لێکردم بەردەوام دڵەڕاوکێم هەبێ و بترسم لە ژیانی منداڵەکەم، ١٠ حاڵەتی گازگرتن و پێوەدان هەبووە،

باسی ئەوە ناکەم کە یەکێک لە کوڕەکانم تووشی نەخۆشی لیشمانیا بوو، بەهۆی زۆری ژمارەی مێشوولە و خراپی پاکوخاوێنی و نەبوونی ئاو بۆ پاکوخاوێنی کەسی.

 

دووپاتی کردەوە کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاوکات بووەتە هۆی بەرکەوتنی تیشکی خۆر و ماندوێتی بۆ گەنجان و بەساڵاچووان، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو بڕە فشارەی کە بەهۆی کەشوهەوای چادرەکە دروستبووە لەبەر نەبوونی کارەبا و خراپی دابینکردنی بەدیل بۆ کارپێکردنی پانکەی ئاسایی یان فێنککەرەوە و ئاوی خواردنەوە.

 

سەمیرە عەوز، لە شاری سەرمینەوە ئاوارە بووە بۆ کامپێک لە نزیک شاری ئیدلب، بەهۆی گەرمای زۆرەوە ئازارەکانی زیاتر بووە، چونکە نەخۆشی و فشار و نەخۆشی شەکرەی هەیە، وەک باسی دەکات، "بەدرێژایی ڕۆژ لەم چادرەدا دەمێنمەوە کە لە نایلۆن دروستکراوە، بەبێ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، وەک ئاو و پارێزەری گەرما و شتی دیکە، نەبوونی ئاو لەو کامپەی کە تێیدا دەژین، ناچاری دەکات نەوە ٩ ساڵانەکەی بنێرێت ئاو لە شوێنێکی دوورەوە بهێنێت، ئەمەش وایکردووە تووشی تا و سەرئێشە و لەدەستدانی هۆشی بکات.