تل تەمر، ژنان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پەروەردەی چەک وەردەگرن
ژنانی تل تەمر، کە فێری چەک دەبن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، دەڵێن: ئەو چەکانەی ئەمڕۆ لە پەروەردەدا هەڵیدەگرین، هی کوڕ و برا و هاوڕێکانیانن، تا کۆتایی شەڕ دەکەین.
سۆرگول شێخۆ
حەسەکە - دوای هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە ٦ی تەمموز باری نائاسایی ڕاگەیاند. لە ناحیەی تل تەمر سەر بە کانتۆنی حەسەکە ئامادەکاری لەلایەن دامودەزگاکان و دانیشتووانەوە هەیە، ژنانی تل تەمر بە هاوکاری لەگەڵ هەپەسە-ژن بۆ پاراستنی خۆیان و خاکەکەیان لە هەموو جۆرە هێرش و داگیرکارییەک پەروەردەی چەک دەبینن.
"ئێمە کۆمەڵگاکەمان لە دژی هێرشەکان پەروەردە دەکەین و ڕێکدەخەین"
مەدیا مەمۆ، ئەندامی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی ژن-هەپەسە ژن باسی لە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠١٢ەوە هێرشی جیاواز بۆ سەر ناوچەکانمان کراوە، ئێمە وەک هەپەسە و هەپەسە ژن، ئامادەکاری دەکەین بۆ دۆخی جەنگ و ڕێکخستنی کۆمەڵگاکەمان دەکەین، هەروەها پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و بەکارهێنانی چەک بە کۆمەڵگاکەمان دەدەین، لە پەروەردەی ئایدۆلۆژیدا بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان دەربارەی پاراستنی خاک و گەڕەک و ئەرکی تاک لە کۆمەڵگەدا دەناسێنرێت، هێرشەکانی سەر تل تەمر تازە نین، بەڵام ئامادەین بۆ هەر هێرشێک، ڕەنگە ئێمە لە هێڵەکانی پێشەوە نەبین، بەڵام هەمیشە لەگەڵ شەڕڤانەکانماندا دەبین.
"تا کۆتایی شەڕ دەکەین"
هەڵاڵە ئیلیان، دایکی شەهید شەڕڤان کە لە شەڕی داعشدا گیانی لەدەستدا، سەبارەت بە پەروەردەی چەک دەڵێت: کوڕەکەم تا کۆتایی بۆ بەرگریکردن لەم خاکەدا گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین، دانیشتوانی راستەقینەی ئێرەین و بەرخۆدانی دەکەین، هەروەها فێردەبین چەک بەکاربهێنین بۆ بارودۆخە جددی و سەختەکانی وەک ئەمڕۆ، ئێمە تا دوا هەناسە بەرخۆدان دەکەین، چونکە ئەم چەکە، چەکی کوڕە شەهیدەکەم و هاوڕێکانییەتی، من فێری بەکارهێنانی چەک دەبم، دایکانی شەهیدان و خوشک و براکانیان هەموویان ئامادەن ئەم خاکە بپارێزن.
"دوژمنەکانمان زۆرن"
تەرفا فەواز، خوشکی پاکڕەوان شەهید سۆرۆ، ئیبراهیم و ڕۆستەم، سەبارەت بەو دۆخەی هەرێمەکە پیایدا تێدەپەڕێت و ئەو پەروەردەی چەکەی دەیبینن، وتی: دوو برام لە شەڕی داعشدا شەهید بوون، بەڵام سێیەمیان بە دەستی سەربازانی حکومەتی دیمەشق لە هێڵی پێشەوەی تل تەمر گیانی لەدەستدا، هەرێمەکەمان لە زۆرلاوە هێرشی دەکرێتەسەر، نەک تەنها دەوڵەتی تورک و داعش، بەڵکو دوژمنمان زۆرن، ئێمە لە تەنیشت شەڕڤانەکانمان دەبین و دەوەستینەوە، پەروەردەی ئەمڕۆمان لەسەر کردنەوە و مامەڵەکردن بوو بە چەکەوە، پێویستە ئەم جۆرە پەروەردانە بۆ گەورە و منداڵان بدرێت تا وڵاتەکەمان بپارێزین.