قەیرانی ئابووری ئەفغانستان؛ تاڵیبان ئازاری ژنانی ڕەنجکێش زیاتر دەکات

زۆرێک لە ژنان لە ئەفغانستان کە ناچارن لە کەناری شەقامەکان کار بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان، لەلایەن تاڵیبانەوە ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە.

بەهاران لەهیب

 

کابول- بێبەشکردنی ژنان و کچان لە خوێندن لە ئەفغانستان، ئابووریی ژنانی خراپ کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ناچار کردووە کە لە کەناری شەقامەکانی کابولی پایتەخت کەلوپەل بفرۆشن و بەرگەی سوکایەتی و بێڕێزییەکانی تاڵیبان و کۆمەڵگەی پیاوسالاری بگرن.

 

سێ فرۆشیاری سەر شەقامەکان دەربارەی هەژاری و مامەڵەی خراپی تاڵیبان بەرامبەریان ئاماژەیان بەوەدا، دوورخستنەوەیان لە کار باری ئابووریانی خراپ  کردووە و ئەگەر کاریش بکەن ڕووبەڕووی سوکایەتی تاڵیبان دەبنەوە.

 

"کە داوای موچە دەکەین پێمان دەڵێن هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوەکانمان بکەن"

گوڵبیگم غەفار دایکی پێنج منداڵە و لە کەناری شەقامەکاندا پەرداخی پلاستیکی دەفرۆشێت، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە نەناسرێتەوە، پەچەی کردووە و دەڵێت: فەرمانبەر بووم لە یەکێک لە وەزارەتەکان، کاتێک تاڵیبان کۆنترۆڵی کابولی کرد، نەمانتوانی بچینە سەر کارەکانمان، لە مانگەکانی یەکەمی حوکمڕانیاندا، من و بەشێک لە هاوکارە ژنەکانم چووینە وەزارەت و پرسیمان چی بکەین، ئێمە لە دۆخێکی ئابووری خراپداین، بەڵام ئێمە لەلایەن تاڵیبانەوە سووکایەتیمان پێکرا و پێشنیاریان کرد هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک لە تاڵیبانەکان بکەین.

 

پێشنیاری هاوسەرگیری لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ ژنانی بێ ماڵ و حاڵ وەک گوڵبیگم غەفار بوو بە شتێکی باو، زۆرینەی ئەو ژنانەی دەچنە فەرمانگەکانیان بۆ ئەوەی داوایان لێبکەن موچەکانیان بدەن، ئەم قسەیەیان بەرامبەر دەکرءت، ژنان باسیان لەوەکرد، جارێکی تر ناچنەوە فەرمانگە و شوێنی کارەکانیان، چونکە ترسیان هەیە ئەوەی وتوویانە ئەنجام بدرێت.

 

سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبان، گوڵبیگم غەفار دەڵێت: هەموو بەیانییەک کاتێک لە ماڵەکەم ەوەدەردەچم بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی منداڵەکانم، دەزانم ڕووبەڕووی چی دەبمەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناچارم بچمە سەر شەقامەکان بۆ کارکردن.

 

"لەلایەن پیاوی کۆمەڵگەشەوە ڕووبەڕووی سوکایەتی دەبینەوە"

سارا نەجیب و خوشکەکەی، بە پەچەیەکی ڕەش ڕوویان داپۆشیوە و کلێنس دەفرۆشن، دەچنە لای ئۆتۆمبێلەکانی سەر شەقامەکە بەو ئومێدەی کلێنسەکان بفرۆشن و بژێوی ژیانی خێزانەکانیان دابین بکەن، کە لە دایکێکی نەخۆش و ٧ منداڵ پێکهاتوون، سارا دەڵێت: لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کوڕان وانەم دەوتەوە، دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، ڕێگەیان پێنەدام بەردەوام بم لە وانە وتنەوە، هەوڵمدا بچمە قوتابخانەیەکی تر، بەڵام بێ سوود بوو، ئێستا من و خوشکەکەم کلێنس دەفرۆشین، بەڵام ئەویش فرۆشی نییە و بە زەحمەت تا ئێوارە زەرفێک دەفرۆشین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە مۆڵەتمان وەرگرتووە لە کەناری ڕێگاکە کاربکەین، ڕۆژانە پارە بە تاڵیبان دەدەین، بەڵام هێشتا کاتێک دەبینن لەسەر ڕێگاکانین شەقمان لێدەدەن، ئێمە کۆڵبەرین، وامان لێدەکەن شتەکانمان کۆبکەینەوە و شەقامەکان بەجێبهێڵین.

 

نەسیمە شەمس، کچێکی دیکەیە کە لەسەر هەمان شەقام خورما دەفرۆشێت، ڕوونی دەکاتەوە کە لەگەڵ دوو منداڵەکەی لە خانوویەکی کرێدا دەژین، هاوژینەکەی کارمەندی سوپای نیشتمانیی حکومەتی پێشوو بووە، بەڵام ناچار بووە ئەفغانستان بەجێبهێڵێت و ڕوو لە وڵاتی ئێران بکات بەهۆی تاڵیبانەوە، تا ئێستا نازانێت هاوژینەکەی چی بەسەر هاتووە.

 

ناسیمە شەمس دەڵێت: جگە لەوەی بەدەست ئەو شەق و سوکایەتییەی تاڵیبانەوە دەناڵێنین، بەهەمان شێوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سوکایەتی دەبینەوە لەلایەن هەندێک پیاوی کۆمەڵگەوە، هەندێکجار هەناسەدانمان قورس دەبێت.