یوئێن هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی برسێتی لە جیهاندا دەدات

ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی برسێتی لە جیهاندا دەدات و هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەکەش دەگەڕێننەوە بۆ قەیرانی ئابووری، گۆڕانی کەشوهەوا، ناکۆکی دەوڵەتان و ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ناوەندی هەواڵ

 

برسێتی لە وڵاتانی جیهاندا بە جۆرێک زیادی کردووە، یەک لەسەر پێنجی منداڵان بە هۆی برسێتییەوە دەناڵێنن، هەروەها بە پێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٢ی تەمموز بڵاویکردووەتەوە، برسێتی لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەیەکی بەرزی تۆمار کردووە کە لە پێنج ساڵی ڕابردوو ڕێژەی لەو شێوەیە تۆمار نەکراوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نێودەوڵەتی FAO، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، یونیسێف IAD، لە ژێر ناوی "ئاسایشی خۆراک لە ساڵی ٢٠٢١"، خۆراکە بەرهەمهێنراوەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو پێگەیشتنیان نزمبووەتەوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی٨١١ ملیۆن و ٧٢٠ کەس، لە دانیشتوونی هەموو جیهان توشی کەم خۆراکی بوون، کە ٤١٨ ملیۆنیان لە کیشوەری ئاسیاو  و ٢٨٢ ملیۆنی دیکەیان لە کیشوەری ئەفریقان.

 

هەروەها نزیکەی ٢.٤ملیار کەس لە سەرتاسەری جیهان بە پێی پێویست خۆراکیان دەست ناکەوێ، بەمەش لەماوەی یەک ساڵدا نزیکەی ٣٢٠ ملیۆن هاوڵاتی زیادی کردووە.

 

کۆتایی هێنان بە برسیەتی

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاژانسی تایبەتی خۆیان ڕایانگەیاندووە، لە هەوڵدان تا ساڵی ٢٠٣٠ برسێتی نەمێنیت، بە هۆی ئەوەی لە ماوەی تەنها یەک ساڵدا ٣٧٠ ملیۆن منداڵ لە برسا گیانیان لەدەست داوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان پێداوە، ئەگەر ڕێگە چارەسەرییەک بۆ برسێتی نەدۆزرێتەوە جیهان ڕووبەڕووی لێشاوی لەناوچوون دەبێتەوە.

 

دەشڵێن: "لەوکاتەی هەوڵی چارەسەری کێشەکانی برسێتی دەدرا ڤایرۆسی کۆرۆنا هات و ڕێگریکرد لە بنبڕکردنی برسێتی".