ئەو بەڵێنانەی درانە خوێندکاران، تا ئێستا جێبەجێنەکراوە

دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی زانکۆڵاین بەشێکی زۆری خوێندکارانی پۆلی ١٢ بە نمرەی بەرزەوە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگاکان نەهاتەوە، بۆیە ئەمە بە پێشێلکردنی ماف دادەنێن و ٧ ڕۆژە لە شەقامن، داوای جیاوازی نەکردن لەنێوان خوێندکارانی سلێمانی و شارەکانی دیکەدا دەکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- بەهۆی ناڕەوایەتی و پێنەدانی مافی خوێندکارانی پۆلی ١٢ پاش بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکانی زانکۆڵاین، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی پۆلی ١٢ بە هۆکاری نەهاتنەوەی ناویان لە هیچ بەشێک یاخود وەرگرتنیان لە بەشێک کەلە ئاستی نمرەکانیاندا نییە بۆ ماوەی ٧ ڕۆژە لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەردەوامن و داوا دەکەن مافیان پێشێلنەکرێت.

 

ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەرواری ٢٨ی تشرینی یەکەم بڕیاریدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خوێندکارانە بدات کە کۆنمرەیان ٩٩یە، خوێندکارانیش داوا دەکەن کە چارەسەری کێشەی گشت خوێندکاران بکرێت نەک تەنها کۆنمرەی ٩٩کان، وەزیری خوێندنی باڵا لە بەرواری ٣١ی تشرینی یەکەم و لە پاش بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە چارەسەرکردنی کێشەی هەموو خوێندکارانی پۆلی ١٢.

 

پێنج ڕۆژ بەسەر بەڵێنەکەی وەزیردا ڕۆشتووە، بەڵام هیچ چارەسەرییەک ئاشکرا نەکراوە، هەوڵماندا قسە لەگەڵ وەزارەتدا بکەین، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەڵامی نییە و وەزارەتی پەروەردەش بە کێشەی خۆی نازانێت.

دێکان یەکێکە لەو خوێندکارانەی کۆنمرەکەی ٩٩یە، بەڵام بە بڕیاری وەزارەت ڕازی نییە و دەڵێت، من تەنها داوای مافی خۆم ناکەم، هەموو خوێندکاران مافیان خوراوە.

 

سەرچاوەی کێشەکان نازانرێت

لەنیا نیعمان، خوێندکاری پۆلی ١٢یە و بەهۆی بەرزی نمرەکەی و هاتنەوەی ناوی بە سیستمی پارالێڵ ماوەی چەند ڕۆژە بەشداری لە گردبوونەوەکان دەکات، دەربارەی دۆخی خۆی و هاوڕێکانی وتی: لە کۆنمرەی پەنجاکان تا نەوەدەکان غەدرمان لێکراوە، هەرچەند وەزیر بەڵێنی داوە کێشەی کۆنمرەی ٩٩ چارسەر بکات، بەڵام ئەی خوێندکارەکانی دیکە؟، داواکاری ئێمە تەنها ٩٩کان نییە بەڵکو داوای ئێمە زیادکردنی کورسیەکانە کە ساڵانی ڕابردوو بونیان هەبووە و بۆ ئەمساڵ کەمکراونەتەوە.

 

لەنیا دەڵێت زانکۆی پزیشکی لە هەولێر بە تەنها ١٨٨ کورسی کەمکراوەتەوە بە بەراورد بە پارساڵ، دەربارەی ئەو ڤیدیۆیەی کە دەگری و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە دەڵێت: من بۆ پارە ناگریم، بەڵکو بۆ مافی خۆم دەگریم کە غەدرم لێکراوە و ڕێگەم لێدەگیرێت بۆ بەدیهێنانی خەونی منداڵیم، هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە بە تایبەتی تەلەفونم بۆکراوە و هاوکاریم کراوە، دوورە لە ڕاستیەوە چونکە من بەتەنها چارەسەرکردنی کێشەی خۆمم ناوێت بەڵکو دەبێت چارەسەری کێشەی هەموو خوێندکاران بکرێت".

 

"کورسی پارالێڵ لەسەر حسابی کورسی خۆڕایی زیاد دەکەن"

"ناهەماهەنگی هەیە لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی پەروەردە ئاسانکاری بۆ خوێندکاران دەکات و بابەتیان کەمکردووەتەوە، زمانی عەرەبی و کوردیان بۆ تەرک کراوە و خوێندکار نمرەی بەرز دەهێنێت، لە بەرامبەردا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهۆی دەرچوون و هێنانی نمرەی بەرز هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی کورسی، ئەمە ڕاستییەک ئاشکرادەکات کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە بێ ئاگاداربوون لە یەکتری بڕیار لەسەر چارەنووسی خوێندکاران دەدەن"، لەنیا وایوت

 

ئەو خوێندکارە باسی لەوەکرد حکومەت کورسی زانکۆ حکومییەکان کەمدەکاتەوە بۆ ئەوەی گەنجەکان ڕووبکەنە وڵاتانی دەرەوە یاخود بچنە زانکۆ ناحکومییەکان بخوێنن "خوێندکار هەیە بە کۆنمرەی ٧٠وە لە پەیمانگای قەیوان شیکاری دەخوێنێت، بەڵام خوێندکارێکی دیکە بە نمرەی ٩٨وە بۆچی دەبێت شیکاری بخوێنێت؟".

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە وەزارەتاکان شارچێتی دەکەن، لە کاتێکدا کۆلێژی پزیشکی ئێوارانی شاری سلێمانی دادەخرێت بۆ هی هەولێر داناخرێت؟ ئەمە واتای چییە؟ "ئەم دۆخەی ئێمەی تێکەوتووین خوێندکاران سارد دەکاتەوە لە خوێندن و هەوڵدان، چونکە دەزانێت بخوێنێ نە دادەمەزرێت نەلەو بەشەش وەردەگیرێت کە ئاواتی بۆ دەخوازێت".

 

دایکی خوێندکارانی پۆلی ١٢، داخ لە دڵن دژی سیستمی خوێندن

مامۆستا نیان مەحمود، دایکی یەکێکە لە خوێندکارەکانی پۆلی ١٢، کوڕەکەی نمرەی ٩٦ی هێناوە بەڵام بە پارالێڵیش ناوی نەهاتووەتەوە، دەڵێت "سیستمی زانکۆڵاین خێلە ٩٦ی کوڕەکەی منی بە ٦٩ خوێندووتەوە، لەکاتێکدا ئەو خوێندکارانە دەبوو ئێستا ئاهەنگی سەرکەوتنیان بۆ سازبکرێت لە دۆخێکی دەروونی خراپدان وەک بڵێی شین بۆ خۆیان دەکەن".

 

"هەموو ساڵێک ئەم بەرنامەیە بەکاردەهێنن بەرامبەر خوێندکارانی پۆلی ١٢ی شاری سلێمانی بۆ ئەوەی وەرنەگیرێن، خوێندکارانی ناوچەکانی دیکە ئەگەر جارێک غەدریان لێبکرێت لە شاری سلێمانی دووجار غەدریان لێدەکرێت".

 

تا کەی سلێمانی بفرۆشرێت؟

ئەو دایکە ئاماژەی بەوەدا تەنها لەبەر ئەوەی سلێمانی سەر دانانەوێنێت جیاوازی دەکرێت لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەدا، ئەگەرنا بۆچی ئەم هەموو جیاوازییە هەیە لە سیستمی خوێندنی سلێمانی و ناوچەکانی دیکە، وتیشی "وەزیرەکان دەسەڵاتیان نییە، بەڵکو هاوڵاتییەکی ئاسایی دەسەڵاتی زیاترە"، وە ئەم دۆخەش دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی پلانێک کە دانراوە بۆ ئەوەی خوێندکارەکان بخەنە بەشێکەوە هەلی کاری تێدا نییە و وایان لێبکەن پەنا ببەن بۆ ئیشی دیکە لە کاتێکدا دەبوو پلانیان دابنایە بۆ خۆشگوزەرانی و باشترکردنی دۆخی خوێندکاران و بەروپێشبردنی سیستمی خوێندن.

 

بنار ڕەوف، یەکێکی دیکەیە لەو دایکانەی منداڵەکەی بەهۆی نەهاتنەوەی ناوی بەشداری خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی کردوە و دەڵێت "کچەکەم ٩٨.٣٣ی هێناوە بەڵام بە پارالێڵ لە ددانی سلێمانی ناوی هاتووەتەوە، باشە بۆچی دەبێت ٩٨ بە پارە بخوێنێت؟ لە کاتێکدا پار بەو نمرەیە خوێندکار چووەتە پزیشکی گشتی، کچەکەم سەرەتا بە بەدەستهێنانی نمرەکەی دڵی خۆشبوو، هەمووان پشتگیریمان دەکرد کە دەچێتە ئەو کۆلێژەی خۆی مەبەستیەتی، بەڵام دواجار جگە لە دڵ شکاندنی کچەم هیچی دیکەمان دەستنەکەوت".

 

ت.پ