ئەناهید قەسەبیان: جینۆسایدی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی سەفۆ وەک یەکە

ئەناهید قەسەبیان ئاماژە بەوەدەکات کە جینۆسایدی هەڵەبجە سیاسەتێک بوو بۆ لەناوبردنی کورد، کە لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ ئەو سیاسەتە لە دژی هەموو پێکهاتەکان بەردەوامە.

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە- لە ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێنی دیکتاتۆر کۆمەڵکوژی لەسەر هەڵەبجە ئەنجام دا، بە چەکی کیمیایی ئەو شارەی بۆمباران کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ کەس کە زۆرینەی ژن و منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا، ئەناهید قەسەبیان، ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستن و ڕێکخراوی گەلی ئەرمەنی لە ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی ئەرمەنییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا قسەی کرد.

 

"کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە ئاستی دڕندەیی دوژمنانی گەلی کورد نیشان دەدات"

ئەناهید قەسەبیان کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجەی بە یەکێک لە سیاسەتەکانی جینۆسایدی گەلان وەسفکرد و وتی: "مانگی ئادار بۆ هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە هەم ئاهەنگە و هەم شینە، شاییەکە ٨ی ئادار و نەورۆزە و شینەکەش هی هەڵەبجەیە، هەڵەبجە جێگەی خۆی لە دڵی هەموواندا گرتووە و هەرگیز لە بیر ناچێتەوە ئامانجی کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجە لەناوبردنی گەلی کورد بوو لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ چەندین ڕووداو بەسەر گەلی کورددا هاتووە، وەک هێرش بۆ سەر شەنگال، عەفرین، سەرێکانی، تل ڕەفعەت و گرێ سپی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییانە ئاستی ڕق و کینە لە دژی گەلی کورد نیشان دەدات".

 

ئەناهید قەسەبیان ئاماژەی بەوەدا کە دوژمنانی گەل یەکن و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "ئێمە لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەڕوانین و دەبینین هەموو نەتەوەیەک لەناوبراوەو کۆمەڵکوژکراوە بۆ نموونە ئێمە وەک گەلی ئەرمەنی لەلایەن عوسمانییەکانەوە کۆمەڵکوژ کراین، کۆمەڵکوژییەکەی سەفۆ یەکێکە لەوان، هەڵەبجە بەدەستی سەدام حوسێنی دیکتاتۆرەوە بوو هەرچەندە ناوەکە گۆڕاوە، بەڵام سیاسەت یەک سیاسەتی جینۆسایدە، دوژمنانی گەل یەکن".

 

"مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە"

ئەناهید قەسەبیان، تیشکی خستە سەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە دژی گەلی کورد ئەنجام دراوەو وتی: "لە مێژوودا کۆمەڵکوژی سیمێل دژی گەلی ئاشوور کرا، سەفۆ لە دژی گەلی ئەرمەنی و سوری، هەڵەبجە لە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا،لە کۆمەڵکوژی سەفۆ کە چەکی دەستی ئەوان شمشێر بوو بەو چەکە سەری خەڵکیان لێکردەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنی کوژران و هەزارانیش ناچار بوون کۆچ بکەن لەو کاتەدا خاکەکەیان ئەرمەنستان لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکراوە ئەمڕۆ لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و دەیانەوێت دیمۆگرافیای هەرێمەکە بگۆڕن".

 

ئەناهید قەسەبیان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە داهاتووی ئەردۆغان وەک سەدام دەبێت و وتی: "ئامانجی سەدام لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لەناوبردنی گەلی کورد و لەناوبردنی ئیرادەیان بوو، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوەو ئەمڕۆ ئەردۆغان لە ڕێگەی چەتەکانی داعشەوە هێرش دەکاتە سەر گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و لە کاتێکدا سەرێکانی و گرێ سپی بە ئاشکرا داگیرکار دەکات و چەکی قەدەغەکراو دژی خەڵکی سەرێکانی بەکاردێنێت، بەڵام پێمان وایە چارەنووسی ئەردۆغان وەک سەدامە".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەناهید قەسەبیان وتی: "یەکڕیزیی گەلان وەڵامی پیلانە پیسەکانە، هەرچەندە کۆمەڵکوژی زیاتر لە دژی گەل ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدانیش بەرزبکەنەوە تا بگەن بە ئازادی و داوای مافەکانتان بکەن".