"ئێمەی ژنانی لەغمان بە بڵێسەی زانینەوە دژی نەزانی تاڵیبان دەوەستینەوە"
پارێزگای لەغمان لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە حکومەتی تاڵیبان بۆیان دروستی دەکات، شایەتی بەرخۆدانی ژنانێکی ئازایە کە خەبات بۆ مافی خوێندن و ئازادی دەکەن.
بەهاران لەهیب
لەغمان- پێش کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٨، لەغمان یەکێک بوو لەو پارێزگایانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و شارەزایانی سیاسی تێیدا دەژیان، بەڵام لەگەڵ حوکمڕانی حکومەتە دیارکراوەکەی ڕووسیا، گورزی توند لەم گرووپە درا، ئەو تاوانانەی کە بناژۆخوازان و ئەندامانی حزبی "گەل" و "پەرچەمی" ئەنجامیان دا، بووە هۆی سەرکوتکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی حکومەتم ئەم سەرکوتکردنە بە تایبەتی دژی ئەو ڕۆشنبیرانە بوو کە بەرەنگاری حکومەتی ئەو سەردەمە دەبوونەوە.
سەرەڕای ئەم فشارانە، خەڵکی لەغمان بەردەوام بوون لە شەڕکردن لەگەڵ داگیرکەران، ژنانیش لەم خەباتەدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو؛ یارمەتی پیاوانیان دەدا چەک بەدەستبهێنن و بەشداری بەرخۆدانی چەکداری بکەن.
دوای شکستی یەکێتی سۆڤیەت و ڕووخانی حکومەتی بوکەڵەیی لە ساڵی ١٩٩٢، دەسەڵات کەوتە دەستی حزبە بناژۆخوازەکان، لەم ماوەیەدا تاوانی بەربڵاو لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان ڕوویان دا و لەغمانیش لەم کارەساتانە ڕزگاری نەبوو، یەکێک لە پارتە بناژۆخوازەکانیش حزبی ئیسلامی بوو، بە سەرۆکایەتیی گۆلبەدین حیکمەتیار کە زۆرترین کاریگەری هەبوو لەم پارێزگایە و بەردەوام بوو لە کوشتن و هێرشکردنە سەر خەڵک.
لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی تالیبان و هەروەها لە بیست ساڵی ڕابردوودا، لەغمان شاهیدی پێشکەوتنی ئەوتۆ نەبووە، سەرەڕای گەیشتنی بە ملیارەها دۆلار هاوکاری بۆ ئەفغانستان لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، هیچ هەواڵێک لە بوونی نەخۆشخانەیەک کە ئامێری باشی تێدابێت، خوێندنگەیەکی باش یان ڕێگاوبانێکی نەرم لەم پارێزگایەدا بوونی نییە، ئەمە لە کاتێکدایە هەرچەندە له ناوەندی پارێزگاکەوه دوورتر بکەیتەوە هەست به هەژاری و بێکاری و نائارامی زیاتر دەکەیت.
لەمڕۆشدا چەندین خوێندنگەی ئایینی لە کۆڵانەکانی لەغمان دامەزراون، کە هانی خێزانەکان دەدەن کوڕ و کچەکانیان بنێرن بۆ خوێندن لەم قوتابخانانە، تا ببنە جێنشینی داهاتووی تالیبان.
سەرەڕای ئەمەش ژنانی لەغمان بەرەنگاری سیاسەتی دژە ژنی تالیبان دەبنەوە. گروپە بچووکە ناڕازیەکانی ژنان لەم پارێزگایە چالاکن و هەوڵی بەرزکردنەوەی دەنگ و ناڕەزایەتی خۆیان دەدەن، هەروەها ژنانی زانا و خوێندەوار لە ماڵەکانیاندا بە نهێنی وانە بۆ منداڵە کچەکان دەڵێنەوە کە لە خوێندن بێبەش کراون.
یەکێک لەو ژنانە ناوی "مەرزیە تاریق موعەلم"ە و مامۆستایە لە شارەدێ دوورەکانی لەغمان، پێش دەسەڵاتی تاڵیبان لە خوێندنگەیەکی حکومیدا وانەی وتووەتەوە، بەڵام وەک زۆرێک لە ژنانی ئەفغانستان بەهاتنە سەرکاری حکومەتی تاڵیبان کارەکەی لەدەستداوە، کاتێک کارەکەم لەدەستدا، هەستم بە بێهیوایی زۆر کردو تەنانەت بیرم لە خۆکوشتن کردەوە، بەڵام کاتێک بینیم ژنانی گەڕەکەکەمان ئیتر ڕێگەیان پێنادرێت بخوێنن، بڕیارمدا بەردەوام بم لە وانەوتنەوەیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە ڕێگەیەک کە بتوانم تۆڵە لە تاڵیبان بکەمەوە ئەوەیە کە زانیاریەکانم بخەمە خزمەت ژنانی ئەم خاکە و ڕزگاریان بکەم لەو خوێندنگە ئاینیانەی کە ئایندەیەکی سەرکوتکارانەمان بۆ لە قاڵب دەدەن، دەزانم تێکۆشانەکەمان درێژ و سەختە، بەڵام هەرگیز ناوەستم، لە کابول و لەغمان پەیوەندیم بە گروپی ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەکانەوە کردووە و ئێستا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگم بەرز دەکەمەوە، چونکە ئازادی بە مافی خۆم دەزانم و تێکۆشانی بۆ دەکەم.