"ئێمە لە بەرامبەر ئابڵوقەو هێرشەکان بەرگە دەگرین"

ژنانی شێراوا باسی سەختییەکانیان کرد کە بەهۆی نرخ و ئابڵوقەی حکومەتی شامەوە بەسەریاندا سەپێندراوەو وتیان: "بەهۆی گرانی نرخەوە ئێمە بە دەگمەن دەچینە بازاڕ و هەوڵ دەدەین ئەوەی لە ماڵەوە هەیە خۆمانی پێ بەڕێوە ببەین".

شیرین عەلی

شەهبا- بەم دواییانە حکومەتی شام گەمارۆی دژ بە دەیان هەزار کۆچبەری عەفرینی لە کامپ و گوندەکانی ناوچەی شێراوا لە نێوان عەفرینی داگیرکراو و حکومەتی شامی بناری نبیل و گوندی گەورەو کلۆت و زەرنیت و میاس و برج قەز چڕکردووەتەوە،  حکومەتی شام ڕێگە نادات ماددەی خۆراکی و تەندروستی و کشتوکاڵی و سوتەمەنی بچێتە ناو گوندەکانی ناحیەی شێراوا و کانتۆنی شەهبا لە ئەنجامدا هیچ پێداویستییەکی ڕۆژانەی هاوڵاتیان نییە و خەڵک لە ڕۆژانی سەختدا دەژین، نرخی شتەکان چوار ئەوەندە زیادیکردووە لەم بارودۆخەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەوڵدەدات بەهەموو شێوەیەک یارمەتی گوندنشینانی شێراوا و کانتۆنی شەهبا بدات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئەو گەمارۆیەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە پێویستییەکانی خەڵک نەچنە ناو هەرێمەوە و دۆخی خەڵک قورستر دەبێت، ژنان لە ناوچەی شێراوای کانتۆنی عەفرین بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە نرخ و دەربازنەبوونی پێداویستییەکانی ژیان لەلایەن حکومەتی شام و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە خستەڕوو و قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"سەوزە لە دووکانەکان خراپ دەبن و نافرۆشرێن"

لەیلە عەلۆ تەمەن ٣٧ ساڵ لە گوندی برج قاز لە ناوچەی شێراوای عەفرین ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵک هەندێک جار بەهۆی تێچوون و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیانەوە بە برسیەتی دەخەون و بەردەوامیشی دا: "ئێمە لە شاری نبیل لە ژێر کۆنترۆڵی بەعسەوە پێویستییەکانمان لە دوکانی خۆمان دەکڕین و شتەکان بۆ فرۆشیاریش نرخیان زۆرە، سەوزەوات خراپ دەبن و نافرۆشرێن بەهۆی زۆری نرخەوە، لەم چەند مانگەی دواییدا نرخی سەوزەو میوە و سووتەمەنی زیادیکردووە ژیانمان بە سەختییەکی زۆردا تێدەپەڕێت. ئێمە دوکانێکی بچووکمان بۆ بژێوی ژیان کردووەتەوەو بە هۆی کەمی نرخەوە خەڵک ڕوو لە دوکانەکە دەکەن، لە شاری نیبیلەوە کە سەر بە حکومەتی شامە شتەکان بە نرخێکی بەرز بۆمان دێت".

 

"ناتوانین بە ئاسوودەیی لەسەر خاکی خۆمان بجوڵێین"

حەسنا ڕەشید، تەمەنی ٥٢ ساڵە و خەڵکی گوندی کیمار-ی سەر بە ناوچەی شێراوای کانتۆنی عەفرینە، تیشکی خستە سەر هاتنی جەژنی ڕەمەزان و تێچووی شتەکان بۆ جەژن و وتی: "ئێمە ناتوانین بەروبومەکانمان ئاو بدەین چونکە سوتەمەنی زۆر کەمە و گرانە ئاژەڵەکانمان بەهۆی برسێتییەوە بەروبومی شیر و پەنیر و ماستیان کەم بووە، ناتوانین بە ئاسانی بڕۆین بۆ سەر خاکەکەمان داواکاری ئێمە ئەوەیە کە عەفرین بە زوویی لە دەستی داگیرکەران ڕزگار بکرێت و وەک جاران ژیانێکی ئارام بژین".

 

"بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانی خۆمان لە بەرامبەر ئابڵوقە و هێرشەکاندا"

هاوسەرۆکی کۆمیتەی گوندی برج قاز نەجاه محەمەدی تەمەن ٤٦ ساڵان لە گوندی برج قازی سەر بە ناحیەی شێراوا، باسی لە سەختی ژیان کرد بەهۆی گەمارۆکانەوەو وتی: "لە دۆخی ئاوارەییدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبینەوە بەڵام ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامیدان بە بەرخۆدانی خۆمان لە ژێر گەمارۆ و هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکاریی تورکیا، خۆبەڕێوەبەری هەوڵ دەدات بۆ یارمەتیدانی خەڵک، جگە لەو ئابلوقە و زەحمەتیانەی کە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی دەبینەوە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرش دەکاتە سەر شێراوا و گوندنشینەکانی، بەڵام با دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هاوپەیمانەکانی ئەو باش بزانن کە ئێمە هەرگیز دەست لە ماڵ و خاکی وڵاتی خۆمان بەرنادەین، . سەرەڕای ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر دانیشتوانی ناحیەی شێراوا و گوندنشینەکانی، ئێمە بە شانازییەوە درێژە بە کارەکانمان دەدەین و کەس ناتوانێت لەبەردەم کارەکەماندا بوەستێت".