ئەحلام مەنسور، قەڵەمە یاخییەکەی ژن
نۆ ساڵە خامەکەی لەنوسین وەستاوە، بەڵام ناو و نوسینەکانی هێشتا لە لوتکەدان، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانی تێکشکاندووە، زیاتر لە دەقی ئەدەبی واقیعی نیشانداوە، خاوەنی یەکەمین خەڵاتی ئەحلام مەنسوریش دەڵێت بەڕێگای جیاواز لە یاخیبوون بەردەوام دەبێت.
تەرزە تەها
سلێمانی- ئەحلام مەنسور، لەناو کوردا بە قەڵەمە یاخییەکەی ئەڵوەن ناسراوە، کە دژی کۆیلەبوون و ئازارەکانی ژن نوسیوویەتی، زمانی "هەجوو"ی بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە تایبەتمەندییەکی دیاری ئەحلام مەنسور، کە نوسەرێک بووە هەوڵیداوە نوسینەکانی هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگا بێت، زیاتر لە نوسینێکی ئەدەبی هەوڵیداوە ئەوەی بینیوویەتی بینوسێت.
ئەم شێوازە نوسینە لە ڕۆمان و چیرۆکەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، کە هەوڵیداوە ئەو ژیان و شێوەزارەی لە خانەقین بینوویەتی بیخاتە سەر لاپەڕەکان، ئەمەش لە بەرهەمەکانی ئامەڕەش و پرددا دەبیندرێت.
ئەحلام دەستی بۆ بڤەکانی کۆمەڵگە بردووە
هۆکاری ئەوەی ئەحلام مەنسور بە قەڵەمێکی یاخی ناسراوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەر لە سەرەتاوە یاخی بووە دەستی بۆ بڤەکانی کۆمەڵگا بردووە، لە ڕۆژگارێکدا کە ژن ژێردەستەی پیاو بووە، ئەو بە تەنها چووەتە شارێکی دیکە و وڵاتێکی دیکە، بە زمانی هەجو نوسیویەتی بەمەش بەر ڕەخنەی کۆمەڵگا کەوتووە، لە کاتی سەرمەرگیدا نە خێزان و نە کۆمەڵگا لەگەڵیدا نەبوون.
کنێر عەبدوڵا، نوسەر و خاوەنی ١٨ کتێبە، یەکەمین خەڵاتی ئەحلام مەنسوری لە ساڵی ٢٠١٤ پێبەخشراوە، ئەو باسی یاخیبوونی ئەحلام مەنسور دەکات کە هەر لەسەرەتای ژیانییەوە لە کۆمەڵگاکەی یاخیبووە بە تەنها چووە بۆ خوێندن بۆ دەرەوەی شار و دەرەوەی وڵات، دەستی بۆ قەدەغەکراوەکانی کۆمەڵگا بردووە.
کنێر عەبدوڵا باس لەوە دەکات، کە نوسینەکانی ئەحلام مەنسور لەسەر یاخیبوون لە سێ جومگەوە بووە، ئەوانیش ڕەگەز، دەسەڵات و دین بووە، پێی وابووە مارەیی زێڕ و خانوو بۆ ژن بەکاڵاکردنی ژن بووە، ئەو دەستی بۆ ئەو پرسانە بردووە کە کۆمەڵگا لە قاڵبی داوە، لەبەر ئەوەش بەربەستی زۆری هاتووەتە بەردەمی.
"ئەحلام مەنسورئەو قەڵەمە بووە، لە ڕێگای چیرۆک و ڕۆمانەکانیاوە و زمانەکەی مێژووی واقیع و کۆمەڵگاکەی گەیاندووە، بەوەی کە چۆن سەیری دەکات و خوێندنەوەی بۆ دەکات نەک لەبەری ڕازی بوونی کەسێکی دیکە".
نووسینەوەی مێژوو بە قەڵەمی ژن جیاوازە
ئەو یاخیبوونە لە کتێبی "پرد" دەبیندرێت، کە پاڵەوانەکەی ژنێکی یاخی بووە، نوسەرێکی ڕاستەقینە بووە و دەستێکی باڵای لە نووسینی ئەدەبیدا هەبووە، لە ڕۆمان، چیرۆک و تارەکانیدا بیندراوە، لە ڕێگای زمان و ژنبوونیەوە دیدێکی ئەقڵێکی ژنانەی بە ئاڕاستەی مرۆڤبوون نیشانداوە، کنێر دەڵێت: "ئەو نوسینەوەی مێژوو بە قەڵەمی ژن تایبەتمەندییەکی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، بە خوێندنەوەی هەست بە ناخی ژن دەکرێت، ئەحلام مەنسوری بە پێوەری مرۆڤایەتی مێژووی ژنی نوسیوەتەوە".
ئەو ڕەخنە دەگرێت، کە گرنگی بە تواناکانی ژنان و کەسانی ناو کۆمەڵگا نادرێت، گرنگی بە کەسانی دەرەوە دەدرێت، لە کاتێکدا تواناکانی ناوخۆ پشتگوێ دەخرێن، بگرە لە کاتی کۆچیدوایشیدا تانە و تەشەری لێدەدرێت.
کنێر عەبدوڵا یەکەم ژنە خەڵاتی ئەحلام مەنسوری وەرگرتووە، سەرباری ئەوەی کە بووەتە مایەی دڵخۆشی و هەستکردن بەوەی جێدەستی دیارە، جەخت لەوەشدەکاتەوە، کە دەبێت ژن خۆی بناسێت و لەڕێگای خۆناسینیەوە جێدەستی خۆی نیشان بدات، بە ڕێگای جیاواز و لە قۆناغی جیاوازدا یاخیببێت لە کەلتور و دابونەریتەکان کە ژنیان قەتیسکردووە.
ئەحلام مەنسور لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەقین لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٠ دەچێتە بەغدا و کۆلێژی ئەدەبیاتی بەشی زمانی کوردی تەواو دەکات، لە ساڵی ١٩٧٥ وەک یەکەم ژنە ڕۆژنامەنووسی کورد دەست بە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات.
ماوەی دوو ساڵ لە پاریس بووە، دواتر گەڕاوەتەوە، لە ساڵی ١٩٩١ لە زانکۆی سلێمانی دەبێتە مامۆستا، لە ١٩٩٩ ماستەری لە کورتە چیرۆکی کوردیدا بەدەستهێناوە، لە دوو هەزارەکانیشدا لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی کاری کردووە، لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستداوە، لە گۆڕستانی "خدر زندە" لە خانەقین بەخاک سپێردراوە.
لە ساڵانی حەفتاکانەوە وەک نوسەرێکی بوێر و یاخی دەرکەوتووە، چەندین ڕۆمان و چیرۆکی نوسیوە، "ئامە ڕەش" بە یەکەم بەرهەمی دادەنرێت، لە دواتردا کانی، پرد، ئەڵوەن، هاوار، خەون و خوێن، دیس تۆپیا، ئەزموونی بڵاوکردووەتەوە.
ت.پ