ئەفغانستان، ژنانی ڕۆژنامەنووس بە ئامانج دەگیرێن

ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستان، سەرەڕای هەموو گوشار و ئاستەنگییەکان جەخت لەسەر کارەکانیان دەکەنەوە و دەڵێن: لە بنەڕەتدا دەسەڵات لە پێشکەوتنی ژنان دەترسێت، چونکە دەزانێت کۆمەڵگاش بە ڕۆشنبیری و پێشکەوتنی ژنان بەرەوپێش دەچێت، ئێمەی ژنانیش دەبێت بەرامبەر ئاستەنگییەکان هەنگاو بۆ دواوە نەنێین و پێێداگری لەسەر داواکانمان بکەین.

 

پەروانە کبریت

کابول- لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تاڵیبان و هاتنە سەر حوکمی حەمیت کارزای لە ساڵی ٢٠٠١دا ئەو کە دیموکراسییەی هەبوو دەرفەتێک بوو بۆ پێشکەوتنی کاری ڕاگەیاندن، پێش سەردەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی کارزای، تەنیا ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی دەوڵەت کاریان دەکرد، ئەو ڕاگەیاندنانەش دەبوو بەپێی دەوڵەت هەڵسوکەوت بکات و لەگەڵ ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بگۆڕێت.

 

لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زەمینەی باش بۆ کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانان دروستبووە، کەمیش بێت ئازادی ڕادەربڕین هەبوو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران نەبێت.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانانی ئەفغانستان، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠٢٠دا ٧٤ ڕۆژنامەوان کوژراون، ٢٦٢یان هەڕەشەیان لێکراوە، ١٧٠ ڕۆژنامەوان لە ڕووی جەستەییەوە تووندوتیژییان بەرامبەرکراوە، ١٣٢ بریندار،١٩ ڕفێنراو، ٣١ کەیسی هەراسانکردن، ١٧٠ کەیسی توندوتیژی، ٥ کەیسی بێسەروشوێن بوون و ١٤ کەیسی چاودیری ڕۆژنامەوانان تۆمار کراوە.

 

لە چەند مانگی ڕابردووشدا چەند ڕۆژنامەوانێک کوژراو و بریندار بوون، کە زۆرینەیان ژنن.

پێویستە ئێمەی ژنان بەرامبەر گوشارەکان بوەستینەوە

خەدیجە ئەمین، ڕۆژنامەوان لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی نەتەوەیی، دەربارەی ئاستەنگییەکان دەڵێت: دۆخی ئاسایشی وڵات کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان هەیە، بەهۆی خراپی دۆخی ئاسایشەوە کەس حەزناکات بۆچوون و لێدوان بۆ ڕاگەیاندن بدات، ئەمەش بۆ ئێمە دەبێتە ئاستەنگی و دڵتەنگین پێی، دوژمنانی ئەفغانستان دەیانەوێت بە کوشتن و هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان ئازادی رادەربڕین پێشێلبکەن، بەوەش کاریگەری لە دەنگی ڕۆشنبیران و کۆمەڵگە بکەن، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەکەمان پیاوسالارە، ناهێڵن ژنان بە ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی بکات، ئەمەش ئاستەنگی دەخاتە بەردەم ژنان، لە بنەڕەتیشدا دەسەڵات دوژمنی ژنانە و لە پێشکەوتنی ژنان دەترسێت.

"ئێمەی ژنان ئەو بەربەستەمان تێپەڕاندووە کە بۆمان دیاریکراوە"

مەحسومە بەهار، پەیامنێری دەنگی ئەمریکا، لەوبارەیەوە وتی: چونکە ڕۆژنامەنوسان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا کاردەکەن، هەمیشە مەترسییان لەسەرە، خراپی دۆخی ئاسایش کاری رۆژنامەنووسان و مەودای کارکردنیان بەرتەسک کردووەتەوە، لە کۆمەڵگە زیاتر ڕۆژنامەنووسان قوربانین، کۆمەڵگەکەمان کۆنەپارێزە، بۆیە ژنان لە پشت پەردە دەهێڵنەوە، سیستم نایەوێت ژن وەک پیاو لەناو کۆمەڵگەدا بە ئاسانی پێشبکەوێت و کار بکات، کاتی ئەوەیە ئێمەی ژنان چیتر لە پشت پەردەوە نەمێنینەوە، بۆ ماڵ دروستکردن و خواردن دروستکردن لە چێشتخانەدا نەبین، ئێمە دەتوانین لە پیاوان زیاتر کار بکەین و لە هەموو بوارەکانی ژناندا ڕۆڵ ببینین.

ناچار بووم وڵات بەجێبهێڵم

ڤیدا سەخیری، یەکێک لە ڕۆژنامەوانە فێمینیست و ئازادیخوازەکان، چالاکوانی مافی ژنانی ئەفغانستان و پارێزەری مافەکانی مرۆڤە، بە هۆکاری سیاسی و ئەمنی ئەفغانستانی بەجێهێشتوە، ئاماژەی بەوەدا: بارودۆخی ئێستای وڵات کاریگەری زۆری لەسەر ئازادی بیر و خەڵک دروست کردووە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی ژن ماڵ و ژیانیان بەجێهێشت یان وڵاتیان جێهێشتووە، تەنانەت ڕۆژنامەنووسە پیاوەکانیش بە خێزانەوە وڵاتیان بەجێهێشتوە و لە بارودۆخێکی نائارامدا دەژین، هۆکاری دوورکەوتنەوەم لە وڵات تیرۆری بە ئامانج و نەبوونی ئاسایش و سەلامەتی بوو لە کار و ناوەندی ژیاندا بۆ ژنانی ڕاگەیەندکار، چالاکوانان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ بوو، لەم ساڵانەی دوایدا تالیبان تیرۆری دەستپێکردووە، ئەمەش مەترسییە.

 

ڤیدا وتیشی: بۆ ماوەی ساڵێک بە نهێنی ژیان و کارم بەڕێوەدەبرد، دواتر بڕیارمدا بە ئاشکرا کار بکەم و مەترسیم لەسەر دروست بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم جارە دەزگاکانی ڕاگەیاندن منیان قبوڵ نەکرد، چونکە ناوم لە لیستی سوردایە و نایەنەوێت ڕاگەیاندنەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە.

 

پێویستە هیچ کاتێک لە کێشە و گرفتەکان ڕانەکەن

لەو بارەیەوە نادیە مۆوەند بێژەری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە پارێزگای نەنگەرهار بەناوی "ڕەنگدانەوە"، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ژنان وتی: " خۆشبەختانە  لە لایەن خێزانەکەمەوە هیچ ڕێگرییەکم لێنەکراوە لە کاری ڕاگەیاندن، بەڵام بەداخەوە خراپی باری ئاسایش و هەبوونی هەڕەشە لەسەر سەلامەتیمان کاری کردووەتە سەر خۆشەویستیم بۆ پیشەکەم."

 

هەروەها ئەو ژنە ڕاگەیندکارە وتی: " کاتێک چوار هاوپیشەم لەدەستدا و بەهۆی چالاکی ڕاگەیاندنەوە کوژران، من سوور بووم لەسەر ئەوەی لە میدیاکاندا بەردەوام بم لە کارەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەکان لە دوژمنەوە بۆ نوسینگەکە دێن، هانی سەرۆکی ئیکۆ تیڤی دا بۆ ئەوەی هاوکارە ژنەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی لە کارپێکردن لە تەلەفزیۆن دوور بخاتەوە."

 

نادیە مۆند دەشڵێت، دوای کوشتنی هاوپیشەکانی، نادیەش داواکراو بووە و هەڕەشەی ئەمنیشی لێکراوە بۆیە ناچار بوو بێتە کابول و لەلایەن کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستانەوە بپارێزرێت، هەرچەندە نادیە لە ناوەندی تیرۆر و توندڕەویدا بوو، بەڵام لە دەنگ و قسەی ئەودا هیچ ترس و بێهیواییەک نەبوو.

 

لە پەیامێکدا بۆ ژنانی ئەفغانی گوتی : "پێویستە هیچ کاتێک لە کێشە و گرفت لە ژیاندا ڕانەکەن و مەترسن لە شکست و قبووڵی مەکەن ئەگەر دەتانەوێت بژین، ئێمەش بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنین، شەڕ لەگەڵ کێشەکان دەکەین و ڕووبەڕووی دەبینەوە."

ت.پ