ئاژەڵ یارمەتی گوشاری دەرونی دەدات

لە ئێستادا بە گشتی بەخێو كردنی ئاژەڵە ماڵیەكان بۆتە نەریتێك لە زۆر وڵاتانی جیهاندا و مرۆڤەکان ئاژەڵ بە هاوڕێیەکی نزیکی خۆیان دەزانن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆر کات ئاژەڵەکان توشی لەناو بردن و توندوتیژی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵێک فاکتەری ھەمەجۆر وایکردووە کە خەڵک مامەڵەیەکی توندوتیژ ئامێز بەرامبەر بە ئاژەڵ پەیڕەو بکات، لە لایەک ھیچ یاسایەک بوونی نییە کە بەرگری لە مافی ئەو ئاژەڵانە بکات، لە لایەکیش ئاستی ھۆشیاری خەڵک لە پلەیەکی نزم دایە، ھەر بۆیە ئەوەش وایکردووە پەیوەندییەکی ناتەندروست لەنێوان(مرۆڤ و ئاژەڵ)دا ھەبێت.

لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان ھەیە

لە وڵاتێکی وەکوو (ئوتریش - نەمسا)، مافی ئاژەڵان ھاوتای مافی مرۆڤە. مرۆڤێک چۆن مافی ژیانی ئاسایی و شەڕافەتمەندانە و پڕ لە ئارامی و ھێمنی ھەیە، بەھەمان ئاست ئاژەڵانیش لەو وڵاتەدا خاوەنی ئەو مافانەن، لە وڵاتی چین، ڕاوکردنی ورچی پاندا ١٠ ساڵ زیندانی بەدواوەی،.لە ئامریکا ھەر ویلایەتێک  یاسایەکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان، بۆنموونە لە نیویۆرک بەکارھێنانی ھەندێک ئاژەڵی وەکوو فیل لە یارییەکانی سێرک-دا نا یاساییە.

بەڵام لە ھەرێمی کوردستان چی؟

لە ھەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان بوونی نییە، و هیچ یاسایەک نییە تایبەت بێت بە پاراستنی مافی ئاژەڵ و ئەو کەسانەی کوشتن و زیان گەیاندن و سوکایەتی کردن بە ئاژەڵان دەکات سزایان نییە، بەھۆی نەبوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵیش مامەڵەیەکی ناتەندروست و زۆرجار توندوتیژیش بەرامبەر بە ئاژەڵان دەکرێت، تا ئێستا  لە زۆر شوێنی و ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستاندا دیاردەی شەڕە سەگ و شەڕە کەڵەشێر و شەڕە کەو بوونى هەیە.

سودەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ

ئاژەڵ یارمەتی کەمکردنەوەی گوشاری دەرونی دەدات، توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکانی زانکۆی واشنتۆن دەریخستووە بەخێوکردنی ئاژەڵ یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی رۆژانە، پزیشکانی ئەمریکی لە نوێترین توێژینەوەیاندا، لە کاریگەری بەخێوکردنی ئاژەڵیان لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل لە خوێندا کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، ئەوانەی ئاژەڵی ماڵی بەخێو دەکەن، ئاستی هۆرمۆنەکانی گوشار لە خوێنیاندا کەمترە، وەک پزیشکان دەڵێن گوشاری دەروونی کاریگەری نەرێنی خراپی لەسەر جەستە بەگشتی و دەروونی مرۆڤ بەتایبەتی هەیە، بۆیە ئێستا لە زۆرێک لە نەخۆشخانەکان ئاژەڵ وەک چارەسەر بۆ نەخۆشەکانیان بەکاردەهێنن، بەوەی بەسەربردنی کات لەگەڵ ئاژەڵ، دەروونی مرۆڤ ئارامدەکاتەوە و ئازاریش کەمدەکاتەوە.

لێکۆڵینەوەیەكی پزیشكی نوێ ئەوەی دەرخستووە، كە ڕاگرتن و بەخێوكردنی ئاژەڵی ماڵی بە تایبەتی سەگ بۆ تەندروستی دڵ زۆر بەسوودە، بە پێی ئەنجامەكان دەركەوتووە ئەو كەسانەی خاوەنی ئاژەڵی ماڵین لەڕووی جەستەییەوە چالاكترن، خواردنی تەندروستتر دەخۆن و ئاستی شەكرەی ناو خوێنیان باشترە.

جۆرەکانی ئاژەڵ

ئاو ئاژەڵانەی لە ماڵدا بەخێو دەکرێن بە دەرەجەی یەکەم  پشیلە و سەگن کە باوترین جۆری پێت ئەنیماڵن و ئاژەڵی تری وەک ئاژەڵە تاقیگەییەکان کە کەروێشک و هامستەر و بەرازی گینی و جرج لەخۆ دەگرێت، باڵندەی ماڵی وەکو توتی و مریشک، خشۆکە ماڵیەکان وەکو : کیسەڵ، جۆرە تیمساحێکی ئەمریکی، مارمێلکە، ئاژەڵی ئاوی کە ماڵی کراوە وەکو ماسی، لولپێچی ئاوی، بۆق هەروەها جومگەدارە ماڵیەکان وەکو تارەنتوڵاس کە جۆرە جاڵجاڵۆکەیەکی ژەهراویە، قرژاڵ، بەخێو دەکرێن لە جیهاندا.

چی بکرێت بۆ مافی ئاژەڵ

بۆ ئەوەی مافی ئاژەڵان پاریزراو بێت پێویستە هەر تاکێکی کۆمەڵگا سەرلەنوێ پەروەردە بکریتەوە و گرنگی بە ئاژەڵ دۆستی بدرێت، لە خوێندنگەکانەوە هەوڵی دووبارە بنیادنانی تاک بدرێت بۆ خۆشویستن و پاراستنی ئاژەڵان، بوونی یاسایەک بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵی ماڵی و کێویش پیویستییەکی بنەڕەتیە.

 

ت.پ