ئامادەکاری زستان لە کامپی کۆچبەرانی عەفرین

دایکانی عەفرین لە کامپەکانی کۆچدا بەهۆی هاتنی زستانەوە ڕووبەڕووی دژواری دەبنەوە، ئاماژە بەوەدەدەن کە لە چادری نایلۆندا دەژین، یەک ئامانجیشیان هەیە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ عەفرین بە شكۆداری.

دایکانی عەفرین لە کامپەکانی کۆچبەریدا بەهۆی هاتنی زستانەوە ڕووبەڕووی دژواری دەبنەوە، ئاماژە بەوەدەدەن کە لە چادری نایلۆندا دەژین، یەک ئامانجیشیان هەیە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ عەفرین بە شكۆداری.

 

شیرین عەلی

شەهبا- دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، دانیشتوانەکەی ئاوارەبوون و نزیکەی چوار ساڵە لەناو کەمپەکانی کانتۆنی شەهبا نیشتەجێ بوون و ڕووبەڕووی زۆری و زەحمەتی بوونەتەوە، هەموو هیوای عەفرینییەکان لەناو کەمپەکاندا، گەڕانەوەیانە بۆ عەفرین بە شکۆدارییەوە.

 

لە کامپەکاندا ژیان لەناو چادرە نایلۆنەکاندا تێدەپەڕێت، ئەو چادرانە منداڵان لە سەرمای زستان ناپارێزن، دایکانیش دەربارەی ژیان و ئامادەکارییان بۆ زستان بۆ نوژنها دوان.

 

"شارەوانی بەردەوامە لە کارکردن بۆ خزمەتی گەل"

خەدیجە عەبدۆ، کارمەندی شارەوانی کامپی بەرخۆدان لە ناوچەی فافین-ی کانتۆنی شەهبا ئاماژە بەوەدەکات کە پێداویستیەکانیان بۆ هاوڵاتیان ئامادە دەکرێت، "ئێستا ئامادەکاری دەکەین بۆ وەرزی زستان، بەرد و چیمەنتۆ و خاک و چادرمان داوەتە هاوڵاتیان تا چادرەکانیان چاک بکەن و ماڵەکانیان ئامادە بکەن و لە سەرمای زستان پارێزراو بن، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئامادەکارییەکان تەواو دەکەین، لە کەمپەکەدا ڕێگا دروستدەکەین بۆ ئەوەی ڕێگە و قوڕ و ئاو دروستنەبێت، هەروەها بەردەوامیشین لە ڕێکخستن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد.

 

"گەمارۆ ژیانمان قورس دەکات"

فیدان مەمۆ، خەلکی گوندی شۆربەیە لە ناوچەی مابەتە و ماوەی چوار ساڵە لە کامپی بەرخۆدان دەژی، دەربارەی ژیانیان دەڵێت: "بەهۆی شەڕەوە لە کامپ دەژین، ژیانمان زەحمەتە، لە سەرەتای هاوین و زستاندا ڕووبەڕووی قورسی دەبینەوە، شارەوانی چەندین پزیشکی هێناوە و ڕێگەکان چاک دەکەن، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە پێویستیەکانی گەل دابیبکات و چارەسەری بدۆزنەوە، ئەو گەمارۆیەی لەسەرمانە ژیانی منداڵان و خەڵکی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە".

 

ڕۆشنا خەلیل، دایکی دوو منداڵە و زۆزان ڕەشید دایکی پێنج منداڵە، باس لەوەدەکەن کە ژیانیان بە دژواری تێدەپەڕێنن و بە هاتنی زستانیش ڕووبەرووی سەرما و نەبوونی پێداویستی دەبنەوە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن کە خاوەنداری لە خەڵکی مەدەنی بکەن".

 

ت.پ